رووداو دیجیتاڵ
عیراق لیژنەیەکی باڵای بۆ داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتنی تایبەت بە بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان پێکهێناوە. ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە لە 27ی تەممووزی 2026دا ماوەی رێککەوتنەکە کۆتایی بێت.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی عێراق بایەخێکی زۆر بە پرسی نوێکردنەوەی رێککەوتنی عێراق - تورکیا دەدات. لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری نەوت و ئامادەبوونی چەندین بەرپرس لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراوە بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی رێککەوتنە نوێیەکە."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە کراون و گوتی، "بابەتەکە هێشتا لە قۆناخی تەواوکردنی گفتوگۆ و رێکارەکاندایە تاوەکو گەیشتن بە رەشنووسێکی هاوبەش کە هەردوولا لەسەری رێکبکەون."
رێککەوتنی بۆریی نەوتی خاو کە بۆ یەکەمجار لە 27ـی ئابی 1973 لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، لە 27ـی تەممووزی 2026ـەوە بەپێی بڕیارێکی فەرمیی تورکیا کۆتایی دێت.

