رووداو دیجیتاڵ
لە کۆتایی مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا، نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 0.9% بەرزبووەوە و گەیشتە 80.57 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە رێژەی 1.23% بەرزبووەوە و بە 77.54 دۆلار جێگیر بوو.
پێش ئەوەی نرخەکان بەرزببنەوە، بۆ ماوەیەکی کورت دابەزینیان بەخۆوە بینی؛ ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی رێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا.
هاوکات دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە بڕیاربوو لە سویسرا بەڕێوەبچن، هەڵوەشایەوە. کۆشکی سپیش رایگەیاند، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ سویسرا هەڵوەشاندووەتەوە.
ڤانس رۆژی پێنجشەممە ئاماژەی بەوە کردبوو، کەشتییە نەوتییەکان زیاتر لە 12 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بە تەنگەی هورمزدا گواستووەتەوە. ناوبراو گوتیشی: "ئێرانییەکان بۆ دووەم شەوی لەسەریەک تەقەیان لە هیچ کەشتییەک نەکردووە و تاوەکو ئێستا پابەندی بەڵێنەکانیانن."
لە لایەکی دیکەوە، هایتم ئەلغەیس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، چاوەڕێ ناکەن خواستی جیهانی بۆ نەوت کەم ببێتەوە. غەیس پێشبینییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی (IEA) رەتکردەوە کە باسیان لە زیادبوونی خستنەڕووی نەوت کردبوو و گوتی: «ئێمە سەرنج دەخەینە سەر ژمارە راستەقینەکان."
تاماس ڤارگا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لەو بارەیەوە دەڵێت: "کردنەوەی تەنگەی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان، وەبەرهێنەرانی قایل کردووە کە ئەو قەیرانەی نرخی نەوتی گەیاندبووە 120 دۆلار، کۆتایی هاتووە؛ ئاگربەستە 60 رۆژییەکە هەنگاوێکی باشە، بەڵام رەنگە دابەزینی نرخەکان کاتی بێت."
تیاگۆ لاسێردا، شرۆڤەکار لە کۆمپانیای راوێژکاریی (AxiTrade) رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت لە نێوان 75 بۆ 82 دۆلاردا بمێنێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بازاڕ هێشتا بە وریاییەوە سەیری دۆخەکە دەکات، چونکە هێشتا کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی دەستیان بە هاتووچۆ نەکردووەتەوە و نرخی دڵنیایی (بیمە)ی کەشتییەکانیش بە بەرزی ماوەتەوە.



