رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە ساڵی 2025دا کۆی گشتیی هاوردەکردنی کاڵا بۆ عێراق گەیشتووەتە 72.3 ملیار دۆلار. چین زیاتر لە 43%ی بازاڕی هاوردەکردنی عێراقی کۆنترۆڵ کردووە و عێراقییەکانیش بە سەتان ملیۆن دۆلار بەرهەمی خۆراکییان هاوردە کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی هاوردەکردنی بۆ ساڵی 2025، کە پشتی بە ئامارە ئەلیکترۆنییەکانی دەستەی گشتیی گومرگەکان (سیستمی ئەسیکۆدا) بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراق (جگە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان) و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بەستووە، کۆی گشتیی مامەڵە گومرگییە تۆمارکراوەکان تێیدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 389 هەزار و 693 تۆمار.
هاوردەی کاڵای نانەوتی 77.9% زیادیکردووە
بەپێی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2025دا کۆی گشتیی هاوردەکردن گەیشتووەتە 72 ملیار و 294 ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا لە ساڵی 2024دا بڕەکە 41.9 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2023دا 24.6 ملیار دۆلار بووە.
هاوردەی کاڵای نانەوتی گەیشتووەتە 70.8 ملیار دۆلار، کە دەکاتە رێژەی 97.9%ی کۆی هاوردەکردنی عێراق و بەراورد بە ساڵی 2024 بە رێژەی 77.9% بەرزبووەتەوە.
هاوردەی بەرهەمە نەوتییەکان گەیشتووەتە 1.5 ملیار دۆلار، کە دەکاتە 2.1%ی کۆی هاوردەکردن و بەراورد بە ساڵی 2024 بە رێژەی 27.7% کەمیکردووە. لەو بڕەدا، عێراق بایی 1 ملیار و 110.9 ملیۆن دۆلار بەنزین و بایی 419 ملیۆن دۆلار گازوایلی هاوردە کردووە.
کۆی گشتیی هەناردەکردنی عێراق لە ساڵی 2025دا 92.16 ملیار دۆلار بووە، کە 87.28 ملیار دۆلاری هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان و تەنیا 4.88 ملیار دۆلاری هەناردەی کاڵای نانەوتی بووە.
چین رکابەری نییە؛ ریزبەندیی گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی عێراق
لە رووی ناوچە جوگرافییەکانەوە، وڵاتانی ئاسیا بە رێژەی 65.6% لە پلەی یەکەمدان، دوای ئەوانیش وڵاتانی عەرەبیی ئاسیا بە رێژەی 16.9% و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە رێژەی 3.7% دێن.
ریزبەندیی 10 گەورەترین وڵاتی هەناردەکار بۆ عێراق لە 2025 (بەبێ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان):
- چین: 30.94 ملیار دۆلار
- ئێران: 5.97 ملیار دۆلار
- ئیمارات: 5.74 ملیار دۆلار
- هیندستان: 3.59 ملیار دۆلار
- سعودیە: 2.24 ملیار دۆلار
- قەتەر: 1.74 ملیار دۆلار
- ئەمریکا: 1.70 ملیار دۆلار
- ئوردن: 1.59 ملیار دۆلار
- میسر: 1.54 ملیار دۆلار
قەبارەی هاوردەکردن لە تورکیا بە 1.20 ملیار دۆلار، کۆریای باشوور 1.50 ملیار دۆلار، بەرازیل 1.49 ملیار دۆلار و ژاپۆن 1.01 ملیار دۆلار تۆمارکراوە، کەم دەرکەوتنی پشکی تورکیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە راپۆرتەکە ئاماری دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و دەروازەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.
عێراق زۆرترین پارەی بە چ کاڵایەک داوە؟
لەسەر ئاستی کەرتە گشتییەکان، زۆرترین پارە بۆ هاوردەکردنی ئەم کاڵایانە خەرجکراوە:
- ئامێر و کەلوپەلی کارەبایی، تەلەڤزیۆن و ئامێرەکانی دەنگ: 13.56 ملیار دۆلار.
- ئۆتۆمبێل، تراکتۆر، ئامرازەکانی گواستنەوە و پارچەی یەدەگ: 7.40 ملیار دۆلار.
- بۆیلەر، ئامێر و ئامێرە میکانیکییەکان: 7.30 ملیار دۆلار.
- زێڕ، بەردە بەنرخەکان و خشڵ: 4.96 ملیار دۆلار.
- ئاسن و پۆڵا و دروستکراوەکانیان: 4.41 ملیار دۆلار.
- پلاستیک و بەرهەمەکانی: 2.26 ملیار دۆلار.
- دەرمان و بەرهەمەکانی دەرمانسازی: 2.01 ملیار دۆلار.
- جلوبەرگ و پێداویستییەکانی: 1.87 ملیار دۆلار.
- میوە و چەرەزات: 1.58 ملیار دۆلار.
- شیرەمەنی، هێلکە و هەنگوین: 1.28 ملیار دۆلار.
- بەرهەمەکانی سیرامیک: 1.27 ملیار دۆلار.
- دانەوێڵە: 1.22 ملیار دۆلار.
- مۆبیلیات، کەلوپەلی نووستن و رووناککردنەوە: 1.21 ملیار دۆلار.
- بۆن، کەرەستەی جوانکاری و پاککەرەوە: 1.06 ملیار دۆلار.
رێڕەو و دەروازە سنوورییەکان؛ نزیکەی 70%ی کاڵاکان بە دەریادا هێندراون
لە رێڕەوی دەریایی بەهای هاوردەکردن 49.3 ملیار دۆلار بووە و بەراورد بە 2024، 92.7% زیادیکردووە. تەنیا لە بەندەری ئوم قەسری باکوور لە بەسرە بایی 40.92 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەکراوە، پاشان ئوم قەسری باشوور و ئوم قەسری نێوەڕاست، 3.13 ملیار دۆلار.
رێڕەوی وشکانی بایی 14.6 ملیار دۆلار بووە و 56.5% زیادیکردووە.
گەورەترین دەروازەکان:
- تڕێبیل 4.22 ملیار دۆلار
- شەلامجە 2.60 ملیار دۆلار
- سەفوان 1.46 ملیار دۆلار
- گومرگی ناوچەی ناوەڕاست - شالجییە 1.43 ملیار دۆلار
- عەرعەر 1.24 ملیار دۆلار
- مونزریە 1.12 ملیار دۆلار
- زرباتیە 1.12 ملیار دۆلار
رێڕەوی ئاسمانی بەهای هاوردەکردن تێیدا 6.9 ملیار دۆلار بووە، لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا 5.42 ملیار دۆلار، فڕۆکەخانەی کەرکووک 525.4 ملیۆن دۆلار، فڕۆکەخانەی بەسرە 524.4 ملیۆن دۆلار و فڕۆکەخانەی نەجەف 399.9 ملیۆن دۆلار.


