رووداو - دیجیتاڵ
داخستنی دەروازەی سنووریی "کاپیتان ئاندرێڤۆ" لە نێوان بولگاریا و تورکیا، بووەتە هۆی گیرخواردنی نزیکەی 1,000 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئامێری قورس، ئەمەش زیانی ماددیی گەورەی بە نزیکەی 200 بازرگانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە لەکاتێکدا مۆڵەتی هاوردەکردنی مۆدێلەکان بەرەو کۆتایی دەچێت.
گۆران یاسین، خاوەنی کۆمپانیای "یام" بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 1ی تشرینی دووەمی 2026 مۆڵەتمان پێدراوە بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ئامێری قورسی مۆدێل 2011 بۆ 2018، بەڵام بەهۆی داخستنی دەروازەی کاپیتان ئاندرێڤۆ، ناتوانین لە کاتی دیاریکراودا ئۆتۆمبێلەکان بگەیەنینە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل."
خاوەنی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری کێشەکە بڕیارێکی ناوخۆیی دەسەڵاتدارانی تورکیایە کە داوا دەکەن ئەو بارهەڵگرانە بە شێوازی بارکردن (نەک بە لێخوڕین) بە خاکی وڵاتەکەیاندا تێپەڕ بن؛ گوتیشی: "ئەم درەنگکەوتنە زیانی گەورەی پێگەیاندووین، بەجۆرێک بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار دۆلار زەرەر دەکەین."
سەبارەت بە چارەسەری کێشەی ئەو بازرگانانە، بەکر مەلا، بەڕێوەبەری کاروباری گومرگ لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، ساڵانە لە مانگی ئەیلوولدا مۆدێلی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێت، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی بارودۆخی سنوورەکان ماوەکەمان بۆ بازرگانان بە دوو مانگ درێژکردەوە."
بەڕێوەبەری کاروباری گومرگ دڵنیایی دایە بازرگانان و گوتی: "لە حاڵەتی دواکەوتنی ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی کێشەی سنوورەکانەوە، گومرگی پەیوەندیدار نووسراو بۆ ئێمە بەرزدەکاتەوە و ئێمەش ئاراستەی وەزیرانی ناوخۆ و دارایی دەکەین، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی هەردوو وەزیر، رێگە بە هێنانە ژوورەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە چەند رۆژێک دوادەکەون."
بەکر مەلا ئاشکرای کرد، کۆنووسێک ئامادە کراوە بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل تاوەکو 31ی کانونی یەکەمی 2026. ئەوەش بەهۆی ئەوەیە کە زیاتر لە 2000 ئۆتۆمبێل لە سنوورەکانی تورکیا گیریان خواردوون.
ئەگەر ئەم کۆنووسە پەسند بکرێت، درێژکردنەوەی ماوەکە هەر چوار دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، باشماخ، حاجی ئۆمەران و گەرمیان دەگرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، کە لە 17ی کانوونی یەکەمی 2025 دەرچووە، ماوەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن بۆ ئەم ساڵ تاوەکو 1ی تشرینیی 2026 رێگەپێدراوە.


