رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی داهاتی باج و خەرجکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باجەکان و سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق کۆدەبێتەوە. ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێ، باسی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵ دەکەن.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، میوانداریی حەسەن حەموود عگێلی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باجەکان و عەلی سنافی، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەش تەوەر و پرسی سەرەکی.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتین لە:
-خستنەڕووی داهاتی کۆکراوەی باج لەسەر کۆمپانیا و تاکەکان بۆ ساڵانی دارایی (2023، 2024، 2025 و 2026) تاوەکو ئەمڕۆ.
-تاوتوێکردنی ئەو بنەما و پێوەرانەی پەسند دەکرێن بۆ خەمڵاندنی داهاتی باج لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2027.
-بەدواداچوون بۆ لێخۆشبوونی باج کە دراوەتە کۆمپانیا و تاکەکان (چ بیانی و چ نێوخۆیی) و دەستنیشانکردنی بنەمای یاسایی ئەو لێخۆشبوونانە.
-ئاگاداربوون لە دوایین رێکارە گیراوەبەرەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردن و بەسیستەمکردنی باج
-تاوتوێکردنی گرنگترین کێشە و لەمپەرەکانی بەردەم دەستەی باج لە زیادکردن و کۆکردنەوەی داهاتی جۆراوجۆری باجدا.
-داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو و روون بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باس لەوەش دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا پرسیاری لەبارەی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێرو بەغدا لەو بوارەوە لە بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی باجەکان دەکەن و گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن.



