رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، وەرزی رنینی زەیتوون دەستیپێکردووە. جووتیاران لە باخەکانەوە تاوەکو دەگەنە گوشگەکان (مەعسەرەکان)، رۆژەکانیان لەناو دارە زەیتوونەکاندا بەسەر دەبەن.
بەپێی سروشتی داری زەیتوون، ساڵێک بەرهەمێکی باشی هەیە و ساڵێکی دیکە بەرهەمی کەمتر دەبێت؛ چاوەڕوان دەکرا ئەمساڵ ساڵی بەرەکەت و پڕبەرهەمیی دارەکان بێت، بەڵام جووتیاران دەڵێن بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکەیەوە، ئاستی بەرهەم وەک ئەوە نییە کە چاوەڕوانیان دەکرد و خزمەتنەکردنی دارەکان بووەتە هۆی کەمیی بەرهەم.
سۆزدار مۆرۆ، هاونیشتمانییەکی ناوچەکەیە و دەڵێت: "ئەمە وەرزی زەیتوونە و سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانمانین. بەپێی ئاسایی دەبوو ئەمساڵ بەرهەممان باش بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویستەوە وەک ئاودان و کێڵان کە هۆکارەکەی گرانیی مازۆت بوو، وەرزی ئەمساڵ لە ئاستی پێویستدا نییە."
لای خۆشیەوە مزگێن شێخ، هاووڵاتییەکی دیکەی کۆبانێ ئاماژە بە قۆناغی دوای ڕنین دەکات و دەڵێت: "ئێمە زەیتوونەکان پاک دەکەینەوە و خاشاکەکەی لێ دەرهێنیت، پاشان رەوانەی گوشگەکانیان دەکەین، گرنگ ئەوەیە زەیتەکەی باوڕپێکراو و پاک بێت."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و ئابووریی کۆبانێ، لە ساڵی 2025دا رووبەری زەوییە کێڵدراوەکان بە داری زەیتوون گەیشتووەتە 96 هەزار و 497 دۆنم. بەپێی ئەم رووبەرەش، ژمارەی دارە زەیتوونەکان لە ناوچەکەدا نزیكبووەتەوە لە 3 ملیۆن و 859 هەزار و 880 دار، ئەوەش لە کاتێکدایە لە ساڵانی رابردوودا ئارەزووی خەڵک بۆ چاندنی داری زەیتوون زیادی کردووە.
لە گوشگەکاندا، 6%ی تەواوی ئەو بڕە زەیتوونەی جووتیار دەیهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی زەیت، وەک کرێی پرۆسەکە (حەق دەست) وەردەگیرێت.
حەنیفی شاهین، خاوەنی گوشگەیەکی زەیتوونە لە کۆبانێ، سەبارەت بە دیاریکردنی کرێی گوشینەکە دەڵێت: "بەپێی رێنماییەکانی دابەشکردن (تەموین)، ئێمە مامەڵە بە زەیت دەکەین نه بە پارە و 6%ی بەرهەمەکە وەردەگرین. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کرێی دیاریکراو لەسەر بنەمای ناوچەکانی وەک عەفرین دانراوە کە لەوێ جووتیار هەبووە 100 تا 200 تەنەکە زەیتی هەبووە، بەڵام لێرە ڕووبوو دادێت جووتیارێک 30 تا 40 کیلۆ زەیتوونی هێناوە، بەوەش چۆن تێچووی کارکردنی گوشگەکە دەربکەین؟"
ئەمساڵیش وەرزی زەیتوون لە نێوان هیوای جووتیاران بۆ بژێویی ژیانیان و نیگەرانییان لە گرانیی تێچووی بەروبووم دەستیپێکردووە؛ جووتیاران چاوەڕوانن بەرهەمی ئەمساڵیان لانیکەم تێچووەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە.


