رووداو دیجیتاڵ
لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەی بازاڕی دراوی تاراندا، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە تمەن 900 تمەن بەرزبووەوە و یەک دۆلار بە 272,500 تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لە 24 کاژێری رابردوودا، ئاستی گۆڕانکاریی نرخی دۆلار لە نێوان 271,600 بۆ 273,200 تمەندا بووە. بەهای دۆلار بەراورد بە حەوت رۆژی رابردوو بە رێژەی 0.04% بەرزبووەتەوە و لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا بە کۆی گشتی 52.53% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.
دانوستاندنەکان بەردەوامن، رێککەوتنی کۆتایی رانەگەیێندراوە
لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان بەردەوام بوون؛ شاندی دانوستانکاری ئێران لە دەوحە لەگەڵ نێوەندگیرانی قەتەری کۆبوونەوە، ئەمەش دوای زیاتر لە 12 کاژێر گفتوگۆ لە تاران و بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتندا. سەرەڕای ئەوەش، ناکۆکییەکان لەسەر وردەکاری هەنگاوەکان و مەرجە پێشوەختەکانی هەردوولا بەردەوامن و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک رانەگەیێندراوە.
نیگەرانی لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان لە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا لە رۆژی سێشەممە، کاریگەریی بەسەر کەشوهەوای سیاسی بازاڕدا داناوە. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە بەرپرسانی ئەمریکا هێشتا هیچ بڕیارێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرش رانەگەیاندووە و جەخت لە بەردەوامیی دیپلۆماسی دەکەنەوە، بەڵام مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گرژییەکان وەک فاکتەرێکی دانەبڕاو لە بازاڕدا ماوەتەوە.
لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا، تەنیا هەواڵی بەردەوامی دانوستاندنەکان بەس نییە بۆ دروستکردنی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە بازاڕدا، بۆیە تا ئەو کاتەی ئەنجامێکی کرداری و بەرجەستە رانەگەیێندرێت، بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن و کاردانەوەی نرخی دۆلاریش بەرامبەر هەواڵە سیاسییەکان بە سنوورداری دەمێنێتەوە.
پێشبینیی نرخی دۆلار
پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەری مانەوەی نرخی دۆلار لە مەودای ئێستادا زۆرە و دۆلار بۆ دەرچوون لەم ئاستە پێویستی بە ئاماژەیەکی روونتر لە پێشهاتە سیاسییەکان یاخود گۆڕانکاریی بەرچاو لە هاوکێشەی خستنەڕوو و خواستدا هەیە.
شرۆڤەکارانی بازاڕی دراوی تاران دەڵێن بەردەوامی دۆخی ئێستا و نەبوونی هەواڵی یەکلاکەرەوە، دەکرێت نرخی دۆلار لە نێوان 270 بۆ 272 هەزار تمەندا بهێڵێتەوە، کە تێیدا ئاستی 271 هەزار تمەن دەبێتە چەقی مامەڵەکان. تێپەڕاندنی 272 هەزار تمەنیش بۆ سەرروە پیویستی بە خواستی بەهێزتر یان هەواڵێکی نەرێنیی سیاسی هەیە.
لە بەرامبەردا، ئەگەر دانوستاندنەکان نیشانەی کرداریی پێشکەوتنیان پێوە دەربکەوێت، ئەگەری پاشەکشەی نرخی دۆلار بەرەو 270 هەزار تمەن و گەیشتن بە ئاستی 260 هەزار تمەن لە ئارادایە، بەڵام تا ئەو کاتەی رێککەوتنێکی فەرمی رانەگەیێندرێت و ترسی سەرهەڵدانەوەی جەنگ بمێنێت، هەر دابەزینێکی نرخ تەنیا وەک خۆراستکردنەوەی کاتی سەیر دەکرێت.
.webp&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
