رووداو دیجیتاڵ
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2024 تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ درێژکرایەوە، بۆ بارهەڵگر و ئامێری قورسیش مۆدێلی 2011 تاوەکو 2018 دەگرێتەوە.
بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ نێردراوە و ژمارە (56)ـی لەسەرە، وەستانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی ساڵ تاوەکو 31-12-2026 درێژکراوەتەوە.
بەپێی بڕیاری حکومەت، ساڵانە مۆدێلی ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاری دەکرێت کە رێگە بە هاوردەکردنیان دەدرێت و بۆ هەر ساڵێک، مۆدێلی ساڵەکە و ساڵی پێش خۆی رێگەپێدراوە، بەڵام بۆ ئەم ساڵی 2026 بڕیارەکە جیاوازە.
پێشتر جارێکی دیکە بڕیاری هاوردەکردنەکە درێژکرابووەوە تاوەکو 1-11.
کەمال رەئوف مارف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "رەزامەندیمان داوە درێژکردنەوەی هاوردەکردنی هەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک بۆ ناوەوەی هەرێمی کوردستان تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2026 بێت."
کەمال رەئوف دەڵێت، هۆکارەکەی بۆ ئەو دۆخە سەختە دەگەڕێتەوە کە بۆ بازرگانان دروستبووە بەهۆی ئەو شەڕانەی ناوچەکەیان گرتەوە هەروەها سنووری بازرگانیی تورکیا و ئەرووپا داخرابوو.
لە کۆتاییەکانی شوباتی ئەم ساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و شەڕەکە 39 رۆژی خایاند، بەڵام کاریگەرییەکانی زۆر زیاتر بەردەوام بوون لەوانە داخستنی تەنگەی هورمز و ئاستەنگ دروستکردن بۆ رێڕەوە بازرگانییەکانی جیهان.
بەهۆی ئەو جەنگە و داخستنی سنوورەکان، بازرگانانی ئۆتۆمبێلیش لە هەرێمی کوردستان بە هەزاران ئۆتۆمبێلیان لە سنوورەکان گیریانخواردووە و نەیانتوانیبوو لە کاتی خۆیدا بیانگەیێننە بازاڕەکان.



.jpg&w=3840&q=75)