رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، چەند هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکاندا ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، گرانبوونی کرێی گواستنەوەی نێودەوڵەتی و زیادبوونی تێچووی بیمەی گواستنەوە، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر نرخەکان دروستکردووە. بریکاری وەزارەتەکە دەڵێت، حکومەت ناتوانێت راستەوخۆ دەستوەردان لە نرخی بازاڕدا بکات، بەڵام لە رێگەی دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانەوە کار بۆ دروستکردنی "هاوسەنگی" دەکات.
سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "ئەرکی ئێمە رێکخستنی نرخ و چاودێریکردنی دۆخی بازاڕ و هاوسەنگییە،" بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە گرانبوون تەنیا پەیوەست نییە بە بازرگانەکانەوە و چەندین هۆکاری ئاڵۆزی لەپشتەوەیە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، بە گوتەی سەروەر کەمال، بڕیارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق بوو بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار. ئەو گوتی، "ئەو بڕیارە شێوەیەکی زۆر کتوپڕ بوو. کاڵا بە دۆلار دێت، کاتێک نرخی دۆلار لە 132 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی 150 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە، بێگومان ئەو جیاوازییە دەچێتە سەر نرخی کاڵاکە."
بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەرێمی کوردستان و عێراق بە رێژەی 90% بۆ 92% پشت بە کاڵای هاوردەکراو دەبەستن، چونکە "بنکەیەکی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی تۆکمە تاوەکو ئێستا دروست نەبووە." ئەم پشت بەستنە بە هاوردە، وایکردووە بازاڕەکان زیاتر بکەونە ژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە جیهانییەکان.
هۆکارێکی دیکە کە سەروەر کەمال باسی کرد، بریتییە لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی گواستنەوەی کاڵا. گوتی، "بە تێکڕا کرێی گواستنەوە لە هەندێک شوێن زیاتر لە 700% بۆ 800% زیادی کردووە."
گرانیی نرخی مادەی خام لە سەرچاوەی وڵاتانی بەرهەمهێنەر، هۆکارێکی دیکەیە. سەروەر کەمال دەڵێت، "جۆرێک لە هەڵاوسانی بژێوی لە هەموو دنیادا هەیە. هەندێک کاڵا هەر لە سەرچاوەکەیەوە گران بووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی ئێمە داناوە."
هەروەها، سستبوونی خولی سەرمایە لە بازاڕدا کاریگەریی لەسەر بازرگانەکان داناوە. بریکاری وەزارەتی بازرگانی روونیکردەوە، "پێشتر ساڵانە سەرمایە پێنج بۆ شەش جار دەسوڕایەوە، بەڵام ئێستا سێ بۆ چوار مانگ جارێک دەسوڕێتەوە. ئەمەش وادەکات ئەو پشکە قازانجەی بۆ بازرگان دەمایەوە، کەمتر بێتەوە."
لەبارەی رۆڵی حکومەتەوە، سەروەر کەمال جەختی لەوە کردەوە، کە سیستمی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و عێراق "ئابووریی بازاڕە" نەک ئابووریی پلاندانان، بۆیە حکومەت ناتوانێت راستەوخۆ دەست بۆ نرخەکان ببات. ئەو گوتی، "فەلسەفەی ئابووریی بازاڕ ئەوەیە کە بازاڕ خۆی نرخ دیاری دەکات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، کە بازاڕ بەڕەڵا بکەیت."
سەبارەت بە چاودێریی بازاڕ، بریکاری وەزارەتی بازرگانی هۆشداریی دایە ئەو بازرگانانەی قۆرخکاری دەکەن و گوتی، "ئێمە خوازیار نین بازرگانەکانمان دووچاری کێشەی یاسایی ببنەوە، چونکە سەرمایەکانیان بە سەرمایەی نیشتمانی دەزانین، بەڵام داواشیان لێدەکەین قۆرخکاری نەکەن و کاڵا نەشارنەوە. هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و چەندین کەسمان داوەتە دادگا."


