رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمە خۆماڵییەکانی پڕۆژەی زۆم، وەک یەکەم براندی هەرێمی کوردستان، خەڵاتی جیهانیی (GRANDS PRIX Consumer 2026)ـی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەدەستهێنا؛ ئەمە نەک تەنیا سەرکەوتنی کارگەیەکە، بەڵکو هەنگاوێکی مێژووییە بۆ بەپیشەسازیکردنی کەرتی ئاژەڵداری و گەیاندنی بەرهەمی زیاتر لە 3,300 ئاژەڵداری هەرێمی کوردستان بە ئاستی نێودەوڵەتی.
خەونێکی گەورە لە گوندێکی دوورەدەستی قەزای مێرگەسوورەوە چەکەرەی کرد و گەیشتە سەر سەکۆیەکی جیهانی. کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی زۆم رۆژانە لە بناری چیاکانی بارزانەوە شۆڕ دەبنەوە بۆ 28 بنکەی وەرگرتنی شیر لە گوند و شارۆچکەکانی کوردستان و بەرهەمی رەنجی زیاتر لە 3,300 ئاژەڵداری ناوچەکە کۆدەکەنەوە؛ پرۆژەیەک کە تێیدا شیر تەنیا خۆراک نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەیەکی جێگیری داهات و سەقامگیری بۆ هەزاران خێزان.
رۆژی پێنجشەممە 5/11/2026، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لیژنەیەکی باڵای نێودەوڵەتی سەر بە گرووپی (TOP/COM)، ناوی کوردستانیان لە ریزبەندی پێشکەوتووترین کەمپەین و براندە جیهانییەکاندا تۆمار کرد. هەڵسەنگاندنەکە لەلایەن پسپۆڕان، شارەزایانی ناسراوی بازرگانی و ئەکادیمیستە دیارەکانی ئەوروپاوە کرا و بەخشینی ئەم خەڵاتە بە زۆم، متمانەی جیهانی بە بەرهەمی خۆماڵیی کوردستان بەهێزتر دەکات تاوەکو کێبڕکێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بکات.
عەبدولعەزیز شێروانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زۆم، لەبارەی ئەو دەستکەوتە جیهانییەوە دەڵێت: «ئەمە زۆر گرنگە، چونکە رێگەیەکە بۆ پێزانینی کارەکانی بەشی پەیوەندییەکان لە نێو خودی کۆمپانیاکەدا. خەڵاتێکی لەم جۆرە بۆ بەرپرسانی پەیوەندییەکان زۆر گرنگە، چونکە دەتوانن بڵێن کە کارەکانمان بینراون و ئەنجامیان هەبووە».
لای خۆیەوە، کاسرین بوش فوار، ئەندامی لیژنەی خەڵاتی TOP/COM ئاماژە بە پێگەی خەڵاتەکە دەکات و دەڵێت: «ئەمە گرنگە، چونکە دەرفەت بە بینین و ناساندن و پێزانینی کارەکە دەدات. بۆیە کۆمپانیا و ریکلامکاران و هاوبەشەکانیان زۆرن کە خۆیان بۆ ئەم خەڵاتە بەربژێر دەکەن، چونکە لە فەرەنسا زۆر گرنگ و بەنێوبانگە».
لەبارەی هۆکاری هەڵبژاردنی زۆمەوە، ئەو ئەندامەی لیژنەکە روونیکردەوە: «بە بۆچوونی من، ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام ئەوە بوو کە هەموو سیستمەکە زۆر هاوئاهەنگ و یەکگرتوو بوو. سادە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا هەموو ئامرازەکان بە شێوەیەکی باش لەگەڵ یەکدا گونجێندرابوون، بۆیە پێموایە ئەمە یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی پرۆژەکە».
پڕۆژەی زۆم سەلماندی کە بە کوالێتیی بەرز و پشتبەستن بە توانای ناوخۆیی، دەکرێت هاووڵاتییان دڵنیابن لە خواردنێکی سروشتیی بێ ماددەی پارێزەر، بەمەش مێرگەسوور و کوردستان لەسەر نەخشەی شیرەمەنیی نایابی جیهان جێگیر دەبن.


