رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بە بەرزبوونەوە کرایەوە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە شەڕی ئێران درێژە ناکێشێت و بەزوویی کۆتایی دێت، نرخی نەوت و بەهای دۆلار دابەزی و ئەوەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ سێشەممە بە رێژەی 0.8٪ (40 دۆلار) بەرزبووەوە بە 5179 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 1.7٪ بەرزبووەوە بۆ 5188 دۆلار.
نرخی دۆلار ئەمڕۆ بە رێژەی 0.4٪ دابەزی.
دابەزینی نرخی نەوت بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی نیگەرانییەکان لەسەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان برەوێنەوە. ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا ناچارنەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان روو لە بەرزبوونەوەی سوودی بانکی بکات.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( ئواندا) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، نیگەرانییەکانی پەیوەست بە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی کەمکردووەتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا زیاتر دەکرێن ئەگەر هاتوو ئێران گەرووی هومرز دابخات.



