رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە دابەزینی گەورە کرایەوە.
لە چەند کاژێری سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکان نرخی زێڕ 50 دۆلار دابەزی بۆ نزیکەی 4520 دۆلار بەڵام پاشان هەندێ لە زیانەکانی قەرەبوو کردەوە و ئێستا ئۆنسەیەکی بە 4540 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوای هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر چەندین ئامانج لە باشووری ئێران، نرخی نەوت دووبارە بەرزبووەتەوە و ئەوەش بە نەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ داناوە.
بەرپرسانی ئێران لە قەتەرن بۆ ئەوەی پرسی پارە بلۆککراوەکانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بکەن، ئەگەر هاتوو رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ئازادکردنی ئەو پارانە بەدەست بێت.
بەڵام ناڕوونیی دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئاسۆی هەر جۆرە رێککەوتنێکی خێرای لە نێوان دوو وڵات تەمومژاوی کردووە.
کێلڤین وۆنگ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (ئواندا) لەو بارەیەوە دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر رێککەوتنیش لە نێوان ئێران و ئەمریکا بەدەست بێت، دابینکردنی نەوت لەلایەن کەنداوە بەو خێراییە ئاسایی نابێتەوە بەهۆی ئەو زیانە گەورەیە کە لە دامەزراوە نەوتییەکانی کەنداو دراوە لە کاتی جەنگدا."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "بازاڕ بە نیگەرانییەوە لە دۆخی ئێستا دەڕوانێت و بەرزبوونەوەی هەڵاوسان ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە کە زیانی گەورە لە نرخی زێڕ دەدات."
