رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە نەخشەی پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" بگۆڕێت و هەرێمی کوردستان بکرێتە بەشێکی سەرەکی لێی. دەشڵێت، "داواکاریی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی رێگەکە بە دهۆکدا تێپەڕێت، قبووڵ کراوە."
د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن.
د. عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بەوە دا کە بەشێکی زۆری ئەو یاسایانەی ئێستا لە عێراق کاریان پێدەکرێت، یاسای کۆنن و گوتی: "کۆمەڵێک بابەت هەن پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە، یاسای نەوت و گاز هی ساڵانی حەفتاکانە و یاسای گومرگ هی ساڵانی هەشتاکانە؛ ئەم یاسا کۆنانە رێگرن لەبەردەم هەر رێککەوتنێکی سیاسی و دەستی دامەزراوە فیدراڵییەکانیان بەستووەتەوە."
سەبارەت بە داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەکان، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ جەختی لە پێویستیی پێداچوونەوە بە سیاستەی دارایی عێراق کردەوە و گوتی، "پێویستە یاسای ئیدارەی دارایی هەموار بکرێتەوە تاوەکو دەسەڵاتەکان روون بن." هەروەها ئاشکرای کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە هەموو دەروازەکان بەبێ جیاوازی جێبەجێ بکرێت، چونکە جیاکاری دەبێتە هۆی گەندەڵی.
سەبارەت بە پڕۆژە ستراتیژییەکەی عێراق، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی، "ئەو نەخشەیەی پێشتر بۆ رێگەی گەشەپێدان هەبوو، هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆری پارێزگا سوننەکانی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە نەخشەکە بگۆڕدرێت و رێگاکە بە دهۆکدا تێپەڕێت."
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون رەخنەی لە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جێگەی رەزامەندیی ئەوان نین، چونکە ماددەی 112ـی دەستوور مافی بە هەرێم و پارێزگاکان داوە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کێڵگە نەوتییەکان بەڕێوەببەن.
عەبدولحەکیم خەسرۆ باسی لە کاریگەریی هێرشی میلیشیاکان کرد بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و کۆمپانیا بیانییەکان و گوتی: "ئەم هێرشانە بوونە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیانی زۆریان گەیاندووە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەوردی کاری لەسەر دڵنیاییدان بە کۆمپانیاکان کردووە و ئێستا لایەنە سیاسییەکانی عێراقیش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە نابێت چیدی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر کۆمپانیاکان."