رووداو دیجیتاڵ
حاجی عەبدولقادر چاوشین، جووتیارێکی شارەزای دەشتی هەولێر دەڵێ، ئەم ساڵ بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان بەهۆی بارانبارینی باشەوە "چوار هێندەی ساڵی رابردوو دەبێت" و پێشبینی دەکات بەرهەم بگاتە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن. بەڵام ئەو جووتیارە نیگەرانیی قووڵی خۆی نیشان دەدات لە بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی بڕێکی کەمی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، "بەغدا کێشەی گەنم و کێشەی جووتیارانی بە سیاسی کردووە، وەک پرسی مووچە."
حاجی عەبدولقادر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) چەندین جۆر گەنمی نمایشکرد، کە بەشێکیان بەرهەمی توێژینەوەکانی خۆیەتی. ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەدا کە جۆرە گەنمێکی سویسری چاندووە و "لە هەر کیلۆیەک 142 کیلۆ بەرهەم هەبووە،" هەروەها جۆرێکی دیکەی بەناوی "بەرەکە" کە "هەر دەنکێکی نزیکەی 200 دەنک گەنم دەگرێ."
سەبارەت بە بەرهەمی ئەم ساڵ، حاجی عەبدولقادر چاوشین گوتی: "ئەم ساڵ بەرەکەتی خوای گەورەیە، بارانێکی یەکجار زۆر باری و گەنم باشە." ئەو هاونیشتمانییە پشتگیری لە پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات بۆ بەرهەمهێنانی نزیکەی دوو ملیۆن تۆن گەنم، بەڵام رەخنەی تووند لە حکومەتی فیدراڵی دەگرێ.
جووتیارەکە لەو بارەیەوە دەڵێت، حکومەتی عێراق لە چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان 400 هەزار تۆن وەردەگرێ، لە کاتێکدا لە شارێکی وەک تکریت 300 بۆ 400 هەزار تۆن وەردەگرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەمە رەوا نییە. ئەو ستەمەی لە جووتیاری هەرێمی کوردستان دەکرێ، ستەمێکی زۆر گەورەیە."
ئەو جووتیارە گوتیشی ئەم جیاوازییە پێشێلکردنی دەستووری عێراقە کە جەخت لە یەکسانی دەکاتەوە و پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی بەغدا کرد و گوتی: "داواتان لێ دەکەین پێداچوونەوەیەک بکەن و دادپەروەری بەکاربهێنن. بۆچی دەبێت جووتیار تێکەڵی بابەتی سیاسی بکرێ؟ کشتوکاڵ کۆڵەکەی ئابووریی هەر وڵاتێکە."
حاجی عەبدولقادر ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی پلانی عێراق، لە جووتیارانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان 900 کیلۆ گەنم بۆ هەر دۆنمێک وەردەگیرێ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان رەنگە ئەو بڕە بۆ تەنیا 200 کیلۆ کەم بکرێتەوە. ئەمەش وا دەکات جووتیار "60% بۆ 80%ی بەرهەمەکەی بمێنێتەوە" و ناچار بێت لە بازاڕی ئازاد بە نرخێکی زۆر هەرزانتر بیفرۆشێت کە دەبێتە هۆی "زەرەرێکی گەورە."
حاجی عەبدولقادر چاوشین داوای لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد کە "خۆیان بێنە سەر خەت" و راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق قسە بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە، چونکە ئەوان دەتوانن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن "ئەم بابەتەش چارەنووسی هەزاران جووتیار دیاری دەکات."