رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەکانی پەیمانگەی تەندروستیی نیشتمانی، زەبربەرکەوتن بە مێشک و پێکانەکانی سەر کە لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆوە روودەدەن، باوترینن بۆ ئەوەی کەسێک دوای رووداوەکە گیان لەدەستبدات.
بەگوێرەی ناوەندی کلڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک بە رووداوی هاتووچۆ دەکرێت ئەمانە بن؛
- زەبربەرکەوتن بە مێشك
- برینداربوونی دڕکەپەتک
- خوێنبەربوونی مێشک
- شکانی ئێسکەکان
- برینی قووڵ
- بەرکەوتنی زەبر بە سییەکان و دڵ
- تووشبوون بە جەڵتە
- سووتان
- زەبری دەروونیی دوای رووداوەکان
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەداخەوە بەهۆی سەختیی برینەکەی کە لە سەریدا بووە، بێ هۆش بووە و لە چاودێریی چڕ خەوێندراوە، بەڵام هەزاران جار ئەفسوس کە گیانی لەدەستدا و ماڵئاوایی لێکردین؛ ئەو پەیامنێرێکی چالاک و ئازیز بوو لەلای هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق. بە متمانە و راستگۆییەوە رووماڵی هەواڵەکانی دەکرد.
ئامارەکانی رووداوی هاتووچۆ
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەستدەدەن و نزیکەی 20 بۆ 50 ملیۆن کەسی دیکەش دووچاری پەککەوتەبوون و ئیفلیجبوونی هەمیشەیی دەبن.
بەپێی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پار 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون؛ بەراورد بە ساڵی 2024، ئەو رووداوانە 1.6% زیادیان کردووە.
زۆرترین رووداوی هاتووچۆی پار لە عێراق پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە کە حەوت هەزار و 103 رووداو بووە، بە دوایدا رووداوی لێدان بە ئۆتۆمبێل (شێلان) هاتووە کە سێ هەزار و 811 رووداو بووە؛ پار 964 رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراون.
بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی پارەوە، دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی 2024 ژمارەی گیانلەدەستدان 13.5% کەمیکردووە.



