رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی سعودیە هۆشداری دەدات لە پەیڕەوکردنی هەر سیستمێکی خۆراکی کە بە زانستی نەسەلمێنرابێت، بەتایبەت جەخت لەسەر ئەو رێژیمە خۆراکییە دەکاتەوە کە خەڵک بەبێ راوێژی پزیشك لەبری جێگرەوەی دەرمان پەیڕەوی دەکەن.
ئەم هۆشدارییە دوای تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی مەترسیداری ئەو نەخۆشانە هات کە وازیان لە وەرگرتنی ئەنسۆلین و چارەسەرەکانی شەکرە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان هێنابوو مەبەستی ئەوەی کە ئەو لەبری ئەوانە، رێژیمی خۆراکی پەیڕەو بکەن.
بەڵام وەزارەتەکە رایدەگەیێنێت، کە هەندێک لەوانەی وازیان لە دەرمان هێناوە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی رێژەی شەکر لە خوێنیاندا، خراونەتە بەشەکانی فریاکەوتن و چاودێریی چڕ.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی سعودیە بڵاوی کردووەتەوە؛ دەڵێت: هۆشدارییەکە لە چوارچێوەی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی تەندروستیدایە کە دوای راگرتنی "ئەنسۆلین" یان دەرمانەکانی نەخۆشیی شەکرە تووشی کێشە بوون، بەپشتبەستن بە راسپاردەی پەیوەست بە سیستمە خۆراکییە باوەکان و بەکارهێنانیان وەکو جێگرەوەی دەرمانە نووسراوەکان یان کەمکردنەوەی ژەمەکانیان، کە چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانیش دەگرێتەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشکی پسپۆڕ.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە شێوازی خۆراکیی تەندروست لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هەمەجۆرییە ئەمەش لە رێگەی؛
- زۆر خواردنی سەوزە و میوە بە بڕی گونجاو
- هەڵبژاردنی دانەوێڵە تەواوەکان
- هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی پڕۆتین
- کەمکردنەوەی شەکرە زیادکراوەکان
- کەمکردنەوەی شەربەتە شیرینەکان
- کەمکردنەوە و سنووردارکردنی خواردنی چەورییە تێرەکان و خوێ
وەزارەتی تەندروستی داوای لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە چارەسەرێکی نووسراویان راگرتووە یان ژەمی دەرمانەکەیان کەم کردووەتەوە، سەردانی پزیشکەکانیان بکەنەوە و چاوەڕێی دەرکەوتنی لێکەوتەکان نەکەن، لەگەڵ گرنگیی راوێژکردن بە پزیشک و پسپۆڕی خۆراکیی باوەڕپێکراو پێش پەیڕەوکردنی هەر سیستمێکی خۆراکی بە ئامانجی چارەسەرکردن، ئەمەش بۆ پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگە.
گوتارێک لەسەر مەترسیی گۆڕین و کەمکردنەوەی دەرمانی نەخۆشیی درێژخایەن بە ناونیشانی (بەم کارە دەبیتە بکوژی خۆت!) بخوێنەرەوە



