رووداو- تەندروستی
دەرمانسازێک لە ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئەو هاندەرانەی سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ مۆندیال و چەند رێنوێنییەک بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشییە گوازراوەکان دەخاتەڕوو، جەخت لە وەرگرتنی ڤاکسین و رەچاوکردنی پاکوخاوێنی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 13-6-2026 د. رەهەند سابیر دەرمانساز لە ئەمریکا لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "ئەمریکا چەند رێگەیەکی داناوە بۆ ئەوەی هاندەرانی مۆندیال لە نەخۆشییەکان بپارێزن، لەوانە دیاریکردنی رێژەی کۆبوونەوە، دانانی شوێنی تایبەت بۆ دەست شوشتن و پاککەرەوەکان، هەروەها داوای لە هاندەران کردووە کە پێش گەیشتنیان بە ئەمریکا ڤاکسین دژی ڤایرۆسەکان بەکاربهێنن."
بە گوتەی د. رەهەند سابیر، مەترسییە سەرەکییەکان ئەو نەخۆشیانەن کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگوازرێنەوە، وەک ئەنفلۆنزا، کۆڤید-19، ژەهراویبوون بە خۆراک، وشکبوونەوەی جەستە و لەهۆشخۆچوون.
ئەو دەرمانسازە رێنوێنی دەدات کە "زوو زوو دەست بشۆردرێت و ماسک بەکاربهێندرێت، هەروەها لە خۆراکی سەر شەقام دووربکەونەوە چونکە لە پلە گەرمییە بەرزەکاندا نەخۆشییە گوازراوەکان زیاتر بڵاودەبنەوە."
د. رەهەند سابیر ئاماژەی بەوەشکرد، "نەخۆشییە سێکسییەکان لە ئەمریکا بڵاون و بەگوێرەی ئامارەکان 20-25%ـی خەڵک ئەو نەخۆشییانەیان هەیە، بۆیە باشترە خۆپارێزی بکرێت بۆ ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییانە نەبن."



