رووداو-تەندروستی
ناوەندی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS) رایگەیاند، هەزاران پیاوی تووشبوو بە شێرپەنجەی پرۆستات چارەسەرێکی نوێی تیشکیان بە ناوی SABR پێشکێش دەکرێت کە تەنیا پێویستی بە پێنج سەردانیکردنی بۆ چارەسەرهەیە.
ناوەندی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا ئاماژە بەوەدەکات چارەسەری (SABR) تیشک لە گۆشەی جیاوازەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئاراستەی گرێ شێرپەنجەییەکە دەکات و بڕێکی بەرزتر لە تیشک بەکاردەهێنێت، ئەمەش وادەکات زیان بە خانە تەندروستەکان نەگات و ژمارەی سەردانیکردن بۆ چارەسەر کەمببنەوە.
NHS، ئاشکرای دەکات چارەسەرەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا لە پێنج دانیشتندا دەدرێت، بەراورد بە چارەسەری ستانداردی تیشک کە پێویستی بە لانیکەم 20 دانیشتن هەیە و کاریگەرییە لاوەکییەکانی کەمترە.
سێر جیم ماکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری NHS رایگەیاند،"ئەم تەکنەلۆژیایە نەک تەنیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی هەندێک کاریگەریی لاوەکی، بەڵکو بارگرانیی هاتووچۆی نەخۆشخانەش کەمدەکاتەوە کە بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان و خێزانەکانیان ماندکەرە."
بەپێی خەمڵاندنەکانی NHS، ئەم هەنگاوە نوێیە دەتوانێت ساڵانە نزیکەی 50 هەزار سەردانی پزیشکی بۆ چارەسەری شێرپەنجەی پرۆستات کەمبکاتەوە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی لیستی چاوەڕوانی.


