رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئەلبێرتا لە کەنەدا دەریخستووە، کێشانی ڤەیپ یان جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانی بۆ دڵ و سییەکان زیاترە و زیانەکانی خێراتر دەردەکەون بە بەراورد بە کێشانی جگەرەی ئاسایی.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سییەکانی مرۆڤ تاوەکو تەمەنی 25 ساڵی بە تەواوی گەشە ناکەن، ئەمەش وادەکات گەنجان زیاتر لەبەردەم مەترسییەکانی ڤەیپدا بن.
دکتۆر مایکڵ ستیکلاند، پرۆفیسۆر و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئەلبێرتا رایگەیاند، "بەرکەوتنی زوو بە مادە ژەهراوییەکان دەتوانێت گەشەی سییەکان تێکبدات و مرۆڤ لە داهاتوودا تووشی نەخۆشییەکانی سییەکان بکات."
لە کاتی توێژینەوەکەدا، بەشداربووان کە تەمەنیان لەنێوان 22 بۆ 23 ساڵان بووە چەندین تاقیکردنەوەی گوشاری دڵ و خوێنبەرەکانیان بۆ کراوە. د. ستیکلاند دەڵێت، "داوامان لێکردن وەرزشێک بکەن کە هاوتایە بە رۆیشتنی مامناوەند، بەڵام ئەوان هەستیان بە هەناسەبڕکێیەکی زۆر زیاتر دەکرد لەوەی چاوەڕوان دەکرا."



