رووداو- تەندروستی دوو خوشکی دووانە کە لە سەرەوە پێکەوە لکابوون، بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد (AI) لە نەشتەرگەرییەکدا لە ئەبوزەبی لە یەکدی جیاکرانەوە. مێرسی و گودنێس دووانەیەکی نەیجیری بوون کە بە کەللەسەری پێکەوەلکاو و شانەی مێشک و دەماری خوێنی هاوبەشەوە لەدایکبوون، ئەم جۆرە دووانانە کە پێیان دەگوترێت (craniopagus)، زۆر دەگمەنن و تەنیا 5%ی دووانە بەیەکەوەلکاوەکان پێکدێنن و لە هەر 2.5 ملیۆن لەدایکبوونێکدا یەک حاڵەت روودەدات. نەشتەرگەرییەکە لەلایەن رێکخراوی خێرخوازیی بەریتانی (Gemini Untwined)ـەوە سەرپەرشتی کرا و لە شاری پزیشکیی شێخ خەلیفە لە ئەبوزەبی ئەنجامدرا، زیاتر لە 60 پسپۆڕی تەندروستی لە ئیمارات، بەریتانیا، نەیجیریا و بەرازیل بەشدارییان لە نەشتەرگەرییەکەدا کرد. نەشتەرگەرییەکە کە نۆیەمین نەشتەرگەریی جیاکردنەوەی ئەم جۆرە دووانە بەیەکەوەلکاوانەیە لە جیهاندا، زیاتر لە 40 کاژێری خایاند. لە نەشتەرگەرییەکەدا چەندین تەکنیکی نوێ بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بەکارهێنران، وێنەی وردی مێشکی دووانەکە بە سێ رەهەندی دروستکرابوو، بۆ ئەوەی پزیشکەکان بتوانن لە دوورەوە راهێنان لەسەر نەشتەرگەرییەکە بکەن. پڕۆفیسۆر نوورولئەواس جیلانی، هاودامەزرێنەری رێکخراوەکە و سەرۆکی تیمی نەشتەرگەرییەکە، رایگەیاند: "ئەمە حاڵەتێکی مێژوویی بوو کە بە وردییەکی پێشتر نەبینراو پلانی بۆ دانرا و جێبەجێکرا." مێرسی و گودنێس لە تەمەنی 19 مانگیدا لە یەکدی جیاکرانەوە و بە گوتەی رێکخراوەکە، بە تەواوی چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە نەیجیریا.
تەندروستی20-06-2026بەرنامەی دکتۆر ئاراس؛ لە یەک هەفتەدا 3 پەککەوتووی گورچیلە بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئازارشکێنەکانەوە بینراون