رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەرە ئاشكرای دەکای، لە کەشی سارددا ئەگەری تووشبوون بە جەڵتە زیاد دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 27-10-2026 د. ئاری نازم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و قەستەڕە لەنێو بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: لە زستاندا لوولەکانی خوێن زیاتر تەسک دەبنەوە هەروەها خەمۆکی دڵەڕاوکێش زیاد دەبێت کە ئەوانە هەموویان ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاد دەکەن.
هەر بۆیە پێشنیاز دەکات، لە ماڵەوەدا وەرزش بکرێت و زیاتر مرۆڤ بەرکەوتەی بە کەشی زۆر سارددا نەبێت، بەتایبەت ئەوانەی کە مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە زۆرە.
دامەزراوەی دڵ لە ئەمریکا دەڵێ کە لە ماڵەوە تاوەکو پشکنینی هێڵکاریی دڵ پێویستە 10 خولەک بێت و لە ماڵەوە تاوەکو ئەنجامدانی قەستەرە بۆ کەسی تووشبووی جەڵتەی دڵ پێویستە 90 خولەک بێت، چونکە ''خولەکێک دواکەوتن لە بووژانەوەی دڵ، 10٪ چانسی ژیان کەم دەبێتەوە''.
نیشانەکانی جەڵتەی دڵ
* سنگئێشە
* ئازاری شان و قۆڵی چەپ
* هێڵنج و رشانەوە
* ئارەقکردن و ساردبوونی پێست
* هەناسەتەنگی
* ناڕێکیی لێدانی دڵ
هۆکاری جەڵتەی دڵ
بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ خوێن بۆ دیوارێکی دڵ ناچێت، خانەکانی ماسوولکەی دڵ دەمرن و دڵ فەرمنای ئاسایی خۆیان لەدەستدەدەن.
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە زۆرە؛
* پیاوان
* جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپکێشەکان
* تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن
* قەڵەو و کێشزۆر
* کەمجووڵە
* ئەوانەی تووشبووی جەڵتە و نەخۆشییەکانی دڵ لە خێزانەکانیان هەیە
* تووشبووی شەکرە و بەرزەچەوری


