رووداو - تەندروستی
پسپۆڕان چەند هۆکارێکیان دەستنیشانکردوون کە دەبنە هۆی تێکچوونی فرمانی گورچیلەکان لەو کەسانەی نەخۆشیی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەیان هەیە.
کۆمەڵە توێژەرێک لە بەشەکانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و گورچیلە دەریانخستووە، هەندێک حاڵەت و شێوازی چارەسەر بۆ نەخۆشانی هەوکردنی ریخۆڵە، لەوانەیە مەترسیی جددی لەسەر گورچیلەکانیان دروست بکات.
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری پزیشکیی هەرس و جگەر BMC Gastroenterology لە بەریتانیا بڵاوکراوەتەوە، پزیشکانی بەشەکانی هەرس و گورچیلە چەند هۆکارێکی سەرەکییان بۆ تێکچوونی گورچیلە لەو کەسانەدا دیاری کردووە کە نەخۆشیی هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەیان هەیە. هۆکارە سەرەکییەکان بریتی بوون لە لاوازبوونی ئێسک، گۆڕانکاری لە رێژەی eGFR و تێکچوونی ئاستی کۆلیستڕۆڵی باش.
پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن، ناسینەوەی ئەم هۆکارانە دەبێتە یارمەتیدەرێکی گەورە بۆ پزیشکانی بواری هەرس و گورچیلە، تاوەکو پێش ئەوەی زیانەکان بگەنە قۆناغێکی مەترسیدار، چاودێریی وردتر و پشکنینی بەردەوام بۆ نەخۆشەکان دابین بکەن.



