رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی ساو پاولۆ لە بەرازیل دەریدەخات، جێگرەوەکانی شەکر زۆرجار وەک رێگەیەکی تەندروستتر بۆ چێژوەرگرتن لە خواردن و خواردنەوە شیرینەکان بەبێ بەکارهێنانی شەکرێکی زۆر، بانگەشەیان بۆ دەکرێت، بەڵام هەندێک لەم شیرینکەرە بەربڵاوانە رەنگە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تەندروستیی مێشک هەبێت.
د. کیمی سویمۆتۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: توێژینەوەکە دەریخستووە، ئەو کەسانەی زۆرترین شیرینکەری کەم کالۆری و بێ کالۆریان بەکارهێناوە، بە شێوەیەکی بەرچاو خێراتر تووشی دابەزینی توانای بیرکردنەوە و یادەوەری بوون بە بەراورد بەوانەی کەمترینیان بەکارهێناوە.
توێژەرانی زانکۆ بەرازیلییەکە توێژینەوەکەیان لەسەر نزیکەی 13 هەزار کەسی پێگەیشتوو ئەنجامداوە، دەریخستووە ئەو کەسانەی زۆرترین شیرینکەری دەستکرد بەکاردەهێنن، 62% خێراتر تووشی دابەزینی توانای بیرکردنەوە و یادەوەری دەبن، کە یەکسانە بە نزیکەی 1.6 ساڵ پیربوونی زیاتری مێشک.
ئەو حەوت شیرینکەرانە کە بە شێوەیەکی باو لە خواردن و خواردنەوەکاندا بەکاردەهێنرێن ئەمانەن: ئاسپارتام، ساکارین، ئەسیسۆلفام-کەی، ئێریثریتۆل، زایلیتۆل، سۆربیتۆل و تاگاتۆز.



