رووداو - تەندروستی
یاسین جەنگیز، خەڵکی شاری قەیسەرییە لە تورکیا و تەمەنی 32 ساڵە، پێشووتر بە سەمای سک و گۆرانییەک ناوبانگی پەیدا کردبوو و داهاتی ملیۆنی هەبوو، لە نەخۆشخانەیەکدا بە کورسیی کەمئەندامی بینراوە و تێیدا دیار بووە کە ناوبراو بەهۆی کێشی زۆرەوە لە جووڵەی رۆژانەیدا تووشی پەککەوتن بووە.
هەرچەندە جەنگیز، پێشووتر بەهۆی ڤیدیۆی کۆمیدی و هاوبەشکردنی خواردن و سەما لەگەڵ ملیۆنان بینەر، لە سەرانسەری جیهاندا ناسرابوو و دەگوترا هەر ڤیدیۆیەکی سەد هەزار دۆلاری بۆ دەهێنا، بەڵام ئەمجارەیان بارودۆخە تەندروستییەکەی دۆخێکی پێچەوانەی نیشاندا، بووە هۆی نیگەرانیی لای هەوادارانی.
ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریخستووە، کێشی زیاد و قەڵەویی مەترسین بۆ سەر تەندروستیی گشتی، چونکە فشارێکی نائاسایی لەسەر بڕبڕەکانی پشت، جومگەکان و ماسولکەکان دروست دەکەن. ئەم فشارە جووڵەی رۆژانە سنووردار دەکات، دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکان و لەدەستدانی توانای جەستەیی.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردنی نەخۆشییەکان لە ئەمریکا، بۆ پاراستنی تەندروستیی جەستەیی رێنوێنی دەدات؛
- دوورکەوتنەوە لە قەڵەویی لەڕێگەی سیستەمێکی خۆراکی هاوسەنگەوە.
- جووڵە و وەرزشی بەردەوام، بۆ رێگریکردنە لە پووکانەوەی ماسولکەکان.
- سەردانی پزیشک بکە ئەگەر هەستت بە قورسیی جووڵە کرد، بۆ ئەوەی رێگری لە پەککەوتنی جەستەیی بکەیت.


