رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی ماستریخت دەریخستووە، خواردنی رۆژانەی عەلی بابە لە کەسانی بەساڵاچوواندا یادگە بەهێز دەکات و بەرگریی خانەکانی مێشک بۆ هۆرمۆنی ئینسۆلین زیاد دەکات.
پەیمانگەی نووتریم لە زانکۆی ماستریختی هۆڵەندا دەریدەخات، ئەنجامی توێژینەوەیەک کە لەسەر 31 کەسی تەمەن 60 بۆ 75 ساڵ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، خواردنی 60 گرام عەلی بابەی بێخوێی برژاو بۆ ماوەی 16 هەفتە، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەشەکانی مێشکدا هەبووە کە پەیوەستن بە یادگە.
د. پیتەر جۆریس، پسپۆڕی خۆراک لە زانکۆی ماستریختی ئاماژە دەدات، ئینسۆلین جگە لە رێکخستنی شەکر، بۆ گەشەی خانەکانی دەمار و پاراستنی یادگەش گرنگە. خواردنی بەردەوامی عەلی بابە بەهۆی دەوڵەمەندیی بە چەوریی بەسوود، ریشاڵ و مادەی (L-arginine)، یارمەتی باشترکردنی سووڕی خوێنی مێشک و یادگە دەدات.
بەگوێرەی پسپۆڕی خۆراکەکە، عەلی بابە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی پرۆتین و دژەئۆکێسنە، یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لاوازبوونی یادگە. هەروەها، رێنوێنی دەدات بە خواردنی بڕێکی گونجاوی عەلی بابەی سرووشتی و بێخوێ، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە جۆری سوێرکراو بەهۆی کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەستانی خوێن.


