رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ، کە لەلایەن زانکۆی پزیشکیی ئیراسمەس لە هۆڵەندا ئەنجامدراوە، دەریخستووە ئەو خانمانەی تووشی نەخۆشیی بۆماوەییی بەرزیی کۆلیسترۆڵ (familial hypercholesterolemia) بوون، مەترسیی تووشبوونیان بە پێش گەشکەی دووگیانی (pre-eclampsia)زیاترە.
پرۆفیسۆر د. جینین رۆتەرس پسپۆڕی هەناوی و سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت، " توێژینەوەکە لەسەر زیاتر لە هەزار خانم ئەنجام دراوە و بۆمان دەرکەوت کە پێش گەشکەی دووگیانی لەنێو خانمانی تووشبوو بە نەخۆشیی بۆماوەییی بەرزیی کۆلیسترۆڵدا باوترە''.
توێژینەوەکە، دەریخستووە کە رێژەی تووشبوون بە ژەهراویبوونی دووگیانی لەنێو خانمانی تووشبوو بە FHدا 11% بووە، لە کاتێکدا لە گرووپی کۆنترۆڵدا 7% بووە، توێژەران هۆشداری دەدەن ئەو خانمانەی تووشی نەخۆشیی بۆماوەییی بەرزیی کۆلیسترۆڵ بوون و پلانی دووگیانیان هەیە، پێویستە لەگەڵ تیمی چاودێریی تەندروستیی خۆیاندا گفتوگۆ بکەن بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی چارەسەری دابەزاندنی چەوری لە کاتی دووگیانیدا.
نەخۆشیی بۆماوەییی بەرزیی کۆلیسترۆڵ (FH)، دەبێتە هۆی بەرزیی کۆلیسترۆڵ بە درێژایی ژیان و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.
پێشگەشکەی دووگیانی (pre-eclampsia)، بە بەرزیی پەستانی خوێن لە کاتی دووگیانیدا لەگەڵ زیانگەیاندن بە ئەندامەکانی جەستە دەناسرێتەوە و دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستیی وەک گەشکە و لەدایکبوونی پێشوەختە.
پێشگەشکەی دووگیانی (pre-eclampsia) دۆخێکە کە خانمان دەکرێت لەماوەی دووگیانیدا تووشی ببن کە نیشانە باوەکانی بەرزەپەستانی خوێن و بوونی پڕۆتینە بە رێژەیەکی زۆر لەنێو میزدا، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەبێتە هۆی گەشکە، هەر بۆیە پێی دەگوترێت ''پێشگەشکە''.


