رووداو - تەندروستی
هەڵوەرینی قژ لەوانەیە بەهۆی گوشاری دەروونی، دەرمان یان بۆماوەییەوە رووبدات. دەکرێت هەمیشەیی بێت، ئەمەش بەپێی هۆکارەکەی دەگۆڕێت، بەڵام هەندێک هۆکار هەن کە رەنگە ئاسایی بن وەکو کاریگەریی لاوەکیی دەرمان و چارەسەری دیکە یاخود بەساڵاچوون.
1- بۆماوەیی
وەرینی قژی بۆماوەیی بەهۆی جینەکان یان تێکچوونی هاوسەنگیی هۆڕمۆنەکانەوە روودەدات کە کار لە هۆڕمۆنەکانی ئەندرۆجین وەکو تێستۆستیرۆن دەکات. لە هەموواندا هەیە، بەڵام لە پیاواندا زیاترە.
چارەسەری بنبڕی نییە، بەڵام چارەسەرەکان دەتوانن هەڵوەرینی قژ خاو بکەنەوە یان قژ بڕوێننەوە.
2- تەمەن
لەگەڵ چوونەتەمەنەوە، قژ بە شێوەیەکی سرووشتی دەست بە تەنکبوونەوە دەکات و گەشەی خاو دەبێتەوە. تا وایلێدێت لەکاتی بەساڵاچووندا رەگەکانی موو لە گەشەکردن بوەستن و قژ هەڵبوەرێت.
بۆ چارەسەرەکانی دەشێت هەندێک دەرمان هەڵوەرینەکە دوابخەن، کە دەبێت پزیشکی پسپۆڕ بیاننووسێت.
3- نەخۆشیی دەردەڕێوی (Alopecia Areata)
نەخۆشیی دەردەڕێوی بەهۆی تێکچوونی سیستمی بەرگریی جەستەوەیە و وادەکات سیستمی بەرگریی جەستە هێرش بکاتە سەر رەگی مووکانی قژ، کە دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. لەوانەیە بەهۆی گوشاری دەروونی، گۆڕانکارییە هۆڕمۆنییەکان، دەرمان و هۆکارە ژینگەییەکانی دیکەوە بێت. بەڵام دەبێت جەستەی کەسەکە ئەوەی تێدابێت کە سیستمی بەرگریی لە هەر ئەگەرێک دەکرێت لاواز بێت.
لە هەندێک کەسی تووشبوودا لەوانەیە قژیان بە شێوەیەکی سرووشتی و بەبێ چارەسەر بڕوێتەوە. چارەسەریش درێژخایەنە و دەبێت پزیشکی پسپۆڕ بە خشتەیەکی تەواو پتەو بۆ نەخۆشەکەی بنووسێت.
4- چارەسەری کیمیایی شێرپەنجە
هەرچەندە ئەمە دۆخێکی کاتییە و رووتاوەنەوەیەکی قژی کاتییە کە لە 65٪ـی نەخۆشەکانی شێرپەنجەدا روودەدات. چارەسەری کیمیایی دەتوانێت زیان بە رەگی مووەکان بگەیەیێنێت کە دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ. هەڵوەرینەکە لەوانەیە لەسەر پێستی سەر، برۆ، برژانگ و مووەکانی دیکەی جەستە رووبدات. تەنانەت چارەسەر بە تیشکیش دەکرێت زیان بە مووەکان بگەیێنێت.
بۆ چارەسەر وا باشترە تووشبوو لەکاتی وەرگرتنی دەرمانەکان کڵاوی ساردی لەسەر بکرێت یاخود دوای چارەسەرەکە بەهێزکەری پێبدرێت بۆ زووهاتنەوەی قژ. پاشانیش دەکرێت باڕۆکە یاخود لەچک و سەرپۆش بەکاربێت، تا ئەو کاتەی قژی نەخۆشەکە دووبارە گەشە دەکاتەوە.
5- گوشاری دەروونی
جۆرێک لە هەڵوەرینی قژ پەیوەندیی بە گوشاری دەروونییەوە هەیە، شەش مانگ دوای نەمانی گوشاری دەروونی دەوەستێت و گەشەکردنی قژ دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.
چارەسەریش پێویستە مامەڵەی دروست لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێدا بکرێت بەتایبەت شێوازی ژیانی تەندروست.
6- نەخۆشیی دەروونیی رنینەوەی قژ
ئەمە بەهۆی نەخۆشییەکەوەیە پێی دەگوترێت Trichotillomania کە بەهۆی دڵەڕاوکێی زۆرەوە وات لێدێت قژت بڕنیتەوە یاخود تاڵەکانی بگرێت تا ئەو کاتەی دەریان دەهێنیت.
چارەسەر ئەوەیە کە زۆربەی کات بەبێ هیچ دەرمانێک نامێنێت، ئەویش بە باشترکردنی هەڵسوکەوت و رەفتاری کەسەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گوشار.
7- گۆڕانکارییەکانی دووگیانی و دوای منداڵبوون
لەکاتی دووگیانیدا، ئەگەری تووشبوونی خانمان بەو حاڵەتانەی کە دەبنە هۆی هەڵوەرینی قژ زیاترە بەتایبەت بەهۆی کێشەکانی غودە و کەمخوێنی. دوای منداڵبوون بەهۆی دابەزینی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین هەڵوەرینی قژ روودەدات. گوشار و زەبری دەروونیی منداڵبوونیش دەتوانن ببنە هۆی هەڵوەرینی قژ کە دوای چوار مانگ زیاتر بەدەردەکەوێت. قژ زۆرجار لە ماوەی ساڵێکدا دەڕوێتەوە.
چارەسەریش دەبێت هۆکارەکەی دەستنیشانبکرێت پاشانیش پزیشکی پسپۆڕ دەرمانەکان پێشنیاز بکات.
8- زیانگەیاندن بە قژ
بەستنی قژت بە تووندی، بۆیەکردن، لوولکردنی بە نادروستی، بەکارهێنانی خاوکەرەوە کیمیاییەکان یان بەکارهێنانی وشککەرەوەی قژ دەتوانێت ببنە هۆی جۆرێک لە هەڵوەرینی قژ کە پێی دەگوترێت قژ هەڵوەرینی راکێشان.
چارەسەرەکانیش ئەوەیە کە لەو خووانە دووربکەویتەوە کە وادەکەن، قژ سەلامەت بن و هەمیشە بە دروستی خزمەت بکرێت.
9- ناهاوسەنگیی هۆڕمۆنی
لە حاڵەتی فرەکیسی هێلکەدان (PCOS)، هێلکەدانەکان رێژەیەکی زۆر لە هۆڕمۆنی ئەندرۆجین بەرهەم دەهێنن کە دەبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ لە لاتەنیشتەکانی سەر و پێشەوەی سەر. تەنانەت لەماوەی دوای تەمەنی وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە ئەم هۆکارەی قژهەڵوەرین زۆر باوە.
چارەسەریش دەکرێت بە حەب و دەرمانی هۆڕمۆنی بێت کە لەلایەن پزیشکەوە پێشنیاز بکرێت.
10- نەخۆشییەکانی رژێنی پەریزادە (غودە)
نەخۆشییەکانی رژێنی پەریزادە، دەبنە هۆی ناهاوسەنگیی هۆڕمۆنی کە کاریگەرییان لەسەر هەموو جەستەت هەیە. بەتایبەتیش تەنکبوونەوەی مووەکانی جەستە و قژهەڵوەرین.
ئەم جۆرە قژهەڵوەرینە بە شێوەیەکی گشتی کاتییە. چارەسەرکردنی کێشەی رژێنی دەرەقی دەتوانێت یارمەتیی گەشەکردنەوەی قژ بدات، بەڵام هەندێک دەرمانی رژێنی دەرەقی دەشێت ببنە هۆی هەڵوەرینی قژ.
11- نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان
نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان وەکو سیفلیس یاخود نەخۆشیی ئەیدز دەتوانن ببنە هۆی ئەوەی قژت بەشێوەی پەڵە لەسەر پێستی سەر، برۆ و دەموچاوت هەڵبوەرێت. ئەمەش بەهۆی خودی نەخۆشییەکەوە یاخود لێکەوتەکانیانەوە دروستدەبێت.
چارەسەریش ئەوەیە کە دژەزیندەیی و دژەڤایرۆس یاخود دەرمان بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان بەکاربێن.
12- کەمیی ڤیتامین و مادە خۆراکییەکان
کەمیی (ڤیتامین B، ئاسن، ڤیتامین D، زینک، پڕۆتین، کریاتین و کۆلاجین) دەکرێت هۆکار بن بۆ زووهەڵوەرینی قژ و تەنکبوونەوەی مووەکان.
چارەسەریش وەرگرتنی تەواوکەری خۆراکیی ئەو مادانەیە کە لە جەستەدا کەمن، ئەمەش دوای پشکنینی هەریەکەیان لە تاقیگە و دوای ئەوەی دەرکەوت چ مادەیەکت کەمە، ئینجا تەواوکەری خۆراکیی لەژێر سەرپەرشتیی دەرمانساز بەکاربێت.
13- ژەهراویبوون
هەندێک مادە هەن کە دەبنە هۆی ژەهراویبوونی جەستە ئەگەر رێژەکەیان زیاد بێت یاخود هەر خۆشیان ژەهرن ئەگەر بەر جەستە بکەون وەکو (ئارسنیک، ترشی بۆریک، لیسیۆم، جیوە، سلینیۆم، سالیۆم، ڤیتامین A و وارفارین)
چارەسەریش ئەوەیە کە کەسەکە پێش بەکارهێنانی هەر تەواوکەرێکی خۆراکی، پشکنین بکات بۆ ئەوەی ئەگەر پێویستی پێ نەبوو، مادەکە نەخوات و لە جەستەی زۆر بێت و ببێتە هۆی ژەهراوی بوون، پاشانیش خۆی دوور بخاتەوە لە جیوە و مادە کیمیاییە ژەهراوییەکان بۆ ئەوەی بەر جەستە نەکەون.
14- کاریگەریی لاوەکایی هەندێک دەرمان
بەشێک لە دەرمانی (دژەخەمۆکییەکان، بێتا بلۆکەرەکان، ئەسپرین، دەرمانەکانی بەرزەپەستانی خوێن، بلۆککردنی مادەکانزاییەکان، دژەهەوکردنە ناستیرۆیدەکان، و ریتینۆیدەکان) دەکرێت ببنە هۆی قژهەڵوەرین.
چارەسەریش ئەوەیە کە ئەو دەرمانانە لەژێر سەرپەرشتیی پزیشک و کەسانی شارەزای تەندروستی بەکاربێن، بۆ ئەوەی بڕ و رێژەی دیاریکراوی بەکارهێنانی دەرمانەکەت پێ بڵێن تاوەکو هەم سوود لە دەرمانەکە ببینیت، هەمیش کەمترین کاریگەریی لاوەکیت لەسەر دەربکەوێت.



