رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتێکی پێشووی باڵای ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هەنگاوی یەکەمی گرنگ بەڵام قورسی لە رووی سیاسییەوە ناوە بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەم هەفتەیە چەند گرووپێکی چەکدار پلانی رادەستکردنی چەکەکانیان راگەیاند و هەندێکی دیکەش رەتیان کردەوە بچنە ژێر بار.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک بە رووداوی راگەیاند، دەبێت حکومەتەکەی زەیدی سەرنجی لەسەر جێبەجێکردنی قسەکانی بێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی هەمیشەیی.
لیف کە لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە لە واشنتنەوە لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی رووداودا بەشدار بوو کە وارشین ساڵح پێشكێشی کرد، گوتی: "ئەمانە هەنگاوگەلێکن کە لە رووی سیاسییەوە زۆر قورسن و من دەستخۆشی لێدەکەم کە ئەو کارە دەکات. بەڵام ئێستا گرنگە کە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەو راگەیێندراوانە ببینین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، لەدوای پێکهێنانی کابینەی نوێوە، بەغدا هەوڵێکی دەستپێکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت. لە 2ـی حوزەیران، هەردوو گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلیی نزیک لە ئێران رایانگەیاند، دەست دەکەن بە رادەستکردنی چەک و گواستنەوەی چەکدارەکانیان بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەت. چەند رۆژێک پێش ئەوەش، سەرایای سەلامـی سەر بە موقتەدا سەدر رایگەیاند، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی دەپچڕێنێت و بەتەواوی تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبێت.
لیف گوتی، کۆنترۆڵکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان، بۆ ئاسایشی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی زۆر پێویستە.
خانمە دیپلۆماتەکە گوتی: "ئێستا بەشێک لەو گرووپانە بەتەواوی بە سەربەخۆیی و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کاردەکەن. ئەوان هێرش دەکەنە سەر دراوسێ دۆستەکانمان و ئەوەش بە رەزامەندی و دەسەڵاتی حکومەتێکی بیانی دەکەن کە حکومەتی ئێرانە."
باربارا لیف ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکەی سەدر بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکەی، گوشاری لەسەر لایەنەکانی دیکەش دروستکردووە. بەڵام گرووپەکانی دیکەی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا رەتیانکردووەتەوە چەک رادەست بکەن و پێداگری دەکەن کە تەنیا هاوئاهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی دەکەن.
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 وەک هێزێکی فریاگوزاری دروستبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە خێراکانی داعش، کە لەو کاتەدا نزیکەی سێیەکی خاکی عێراقی کۆنترۆڵ کردبوو. لیف دەڵێ، لەمێژە ئەو گرووپە چەکدارانە مل بۆ دەوڵەتی عێراق کەچ ناکەن و لەبری ئەوە هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییانی عێراق، لەنێویاندا چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان.
باربارا لیف هەروەها هیوای خواست کە حکومەتەکەی زەیدی بتوانێ رێگری لەو هێرشە سنووربەزێنانە بکات کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێن، کە ئەمەش بەڵێنێک بوو حکومەتی پێشووی محەممەد شیاع سوودانی چەندین جار دای، بەڵام نەیتوانی بەتەواوی جێبەجێی بکات. باربارا لیف دەڵێ، سەرکەوتن لەمەدا پێویستی بە ویستێکی سیاسیی بەردەوام و لە کاتی پێویستیشدا بەکارهێنانی هێز دەبێت.
خانمە دیپلۆماتەکە گوتیشی: "ئەمە کارێکی ئاسان نابێت. رەنگە هەندێک لەم گرووپانە شەڕ بکەن، لەوانەیە لە رووی سەربازییەوە رووبەڕووی دەوڵەت ببنەوە، بەڵام دەبێت دەوڵەت ئامادە بێت لە کاتی پێویستدا هێز بەکاربهێنێت."
بەگوتەی ئەو دیپلۆماتەی پێشووی ئەمریکا، ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ هەندێ گرووپ هەیە، بەڵام گوشاری سیاسی لەلایەن واشنتن، وڵاتانی دراوسێ و هەروەها خەڵکی عێراقەوە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ رێگریکردن لە تووندوتیژی.
لیف بەتایبەتی باسی لە تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا کرد، وەک کەسایەتییەکی کاریگەر کە متمانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای هەیە و کاردەکات بۆ رێکخستنی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق، سووریا و لوبنان.
هەروەها گوتی، هەردوو ئامانجی سەقامگیرکردنی عێراق و سنووردارکردنی هەژموونی بیست ساڵەی ئێران بەیەکەوە گرێدراون، چونکە تاران بە مەبەست ئەو گرووپە چەکدارانەی دروستکردووە بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق بە لاوازی بمێنێتەوە.
باربارا لیف گوتی، هاوئاهەنگیی نزیکتری نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سوودی بۆ تەواوی وڵات دەبێت و ئاماژەی بەوە کرد کە کوردی باشووری کوردستان زیانێکی زۆری بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بەرکەوتووە.
سەبارەت بە ئەگەری پاڵپشتیی سەربازیی ئەمریکا ئەگەر شەڕ رووبدات، لیف گوتی، ئەگەر بەغدا و هەولێر پابەندبوونێکی روون نیشانبدەن، واشنتن ئامادەیە هاوکارییان بکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکە دەکەوێتە ئەستۆی عێراق.
لە کۆتاییدا گوتی: "ئەمە شەڕێکە کە دەبێت عێراق خۆی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: چۆن دەڕوانییە ئیرادە و کاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بۆ کۆکردنەوەی چەکی هەموو گرووپەکان لەژێر دەسەڵات و فەرمانی دەوڵەت لە عێراق؟
باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک: سوپاستان دەکەم کە ئەمڕۆ منتان میوان کرد. بڕوانە، پێم وایە سەرۆکوەزیران چەند هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگی ناوە. ئەمانە هەنگاوگەلێکن کە لە رووی سیاسییەوە زۆر قورسن و من دەستخۆشی لێدەکەم کە ئەو کارە دەکات. بەڵام ئێستا گرنگە کە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەو راگەیێندراوانە ببینین.
رووداو: ئایا کۆکردنەوەی ئەو گرووپانە بە پێکهاتەی خۆیانەوە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق، سەقامگیرییەکی تەواو گەرەنتی دەکات؟
باربارا لیف: سەپاندنی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەت بەسەر ئەم گرووپانەدا، بۆ ئاسایشی عێراق و هاووڵاتییەکانی لە سەرانسەری وڵات زۆر پێویستە. بۆ داهاتووی عێراق و توانای وڵاتەکە بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی ئەرێنیی تەواو لەگەڵ دراوسێکانی و وڵاتانی ناوچەکەدا، شتێکی زۆر چارەنووسسازە. ئێستا بەشێک لەم گرووپانە بەتەواوی بە سەربەخۆیی و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کاردەکەن. ئەوان هێرش دەکەنە سەر دراوسێ دۆستەکانمان و ئەوەش بە رەزامەندی و دەسەڵاتی حکومەتێکی بیانی دەکەن کە حکومەتی ئێرانە.
رووداو: لەو باوەڕەدان ئەو پرۆسەیە سەربگرێ و هەموو گرووپەکان لەلایەن دەوڵەت و حکومەتەوە کۆنترۆڵ بکرێن لەکاتی شەڕەکاندا؟
باربارا لیف: پێموایە ئەمانە تەنیا هەنگاوی سەرەتایی گرنگن. دەبێت بڵێم یەکێک لە گرنگترین ئەو شتانەی بەم دواییانە روویدا ئەوەیە کە موقتەدا سەدر خۆی دەستپێشخەری کرد بۆ راگەیاندنی ئەوەی کە میلیشیاکەی چەک دەکات و پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی بەتەواوی تێکەڵ بە دەوڵەتی عێراق بێت. ئەوە گوشاری خستە سەر گرووپە گەورەکانی دیکەش کە ئەوانیش هاتنە پێشەوە. بەڵام گرووپگەلێکی وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و ئەوانی دیکە هەن کە پێداگری دەکەن لەسەر مانەوەی ملکەچییان بۆ حکومەتێکی بیانی، نەک بۆ دەوڵەتی عێراق.
رووداو: دەستەی حەشدی شەعبی کاتی خۆی بۆ کۆکردنەوەی هەموو گرووپەکان دروستکرا و نەیتوانی. چۆن ئەم پرۆسەیە سەردەگرێ؟
باربارا لیف: ئەگەر لەبیرت بێت، لە ساڵی 2014 کە قەیرانی نیشتمانی هەبوو، بەهۆی سەرهەڵدانی داعش و توانای ئەو رێکخراوە و چەکدارە تیرۆریستەکانی بۆ داگیرکردنی سەرانسەری باکووری عێراق و کۆنترۆڵکردنی نزیکەی سێیەکی وڵاتەکە لە یەک ئۆپەراسیۆنی گەورەدا. بۆیە حەشدی شەعبی لەو دۆخە لەناکاوەدا سەریهەڵدا. بەڵام لەمێژە ئەم میلیشیایانە نیشانیان داوە کە ملکەچی دەسەڵاتی دەوڵەت نین. بۆیە پێم وایە زۆر گرنگە کە ناچار بکرێن بەتەواوی بچنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، بێ هەبوونی ملکەچی بۆ هیچ دەسەڵاتێکی دیکە، نە سیاسی، نە پارتە سیاسییەکان و بێگومانیش نە حکومەتە بیانییەکان. لە کاتی شەڕی ئێراندا بینیمان کە ئەوان بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر هاووڵاتییانی عێراق، بەتایبەتی کوردی عێراق.
رووداو: سوودانی چەندجار گوتی نابێ هیچ گرووپێکی چەکداری شیعە لە خاکی عێراقەوە هێرش بکات، بەڵام بەردەوام هێرشیان کرد . عەلی زەیدی و حکومەتی تازەی عێراق دەتوانێ ئەوە نەهێڵێت؟
باربارا لیف: هیوادارم کە سەرکەوتوو بن. بەڵام ئەوە پێویستی بە کاری بەردەوام و بەردەوامە. ئەوە پێویستی بە ئیرادەی سیاسی دەبێت، پێویستی بە خواستی سەرکێشی دەبێت بۆ ئەوەی ئەم گرووپانە بخرێنە ژێر دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەتەوە. ئەمە ئاسان نابێت. رەنگە هەندێک لەم گرووپانە شەڕ بکەن، لەوانەیە لە رووی سەربازییەوە شەڕ لەگەڵ دەوڵەت بکەن، بەڵام دەبێت دەوڵەت ئامادە بێت لە کاتی پێویستدا هێز بەکاربهێنێت.
رووداو: حیزبوڵڵای عێراق و گرووپی سەیدولشوهەدا و گرووپی دیکە دەڵێن، بڕیاری چەکی خۆمان نادەینە دەست حکومەت. باوەڕدەکەی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان حکومەتی عێراق و ئەو گرووپانەدا دروست ببێت؟
باربارا لیف: بێگومان ئەگەری هەیە. بەڵام پێموایە زۆر گوشاری سیاسیی دیکە هەن کە دەکرێ بخرێنە سەر ئەم گرووپانە، لەنێویاندا لەلایەن پارتە سیاسییەکانی دیکە و لەلایەن سەرکردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەیشەوە.
رووداو: تۆم باراک دەتوانێت چ رۆڵێک لەم پرۆسەیەدا بگێڕێ؟
باربارا لیف: پێموایە باڵیۆز باراک لە داهاتوودا کەسایەتییەکی سەرەکی دەبێت. ئەو متمانەی سەرۆک [ترەمپ]ـی هەیە و لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی لە واشنتنەوە گوشار بخاتە سەر ئەم گرووپانە و هەروەها بۆ رێکخستنی سیاسەتی ئەمریکا بە شێوەیەک کە لە سەرانسەری عێراق، سووریا و لوبناندا هاوئاهەنگ بێت.
رووداو: کۆکردنەوەی چەکی ئەو گرووپانە بەشێکە لە سەقامگیرکردنی عێراق یان بەشێکە لە نەهێشتنی باڵە چەکدارەکانی ئێران لە عێراق؟
باربارا لیف: ئەو دوو ئامانجە پێکەوە کاردەکەن، چونکە ئێران بیست ساڵ لەمەوبەر ئەم گرووپانەی لە خاکی عێراق دامەزراند بۆ ئەوەی دەوڵەتی عێراق بە لاوازی بهێڵێتەوە و بەردەوامیش کار بۆ ئەو ئامانجە دەکات. بۆیە ئەگەر دەوڵەتی عێراق بتوانێ سەروەریی تەواو بەسەر خاکەکەی، بەسەر چالاکییەکانی ئەوانەی لەسەر خاکەکەین و بەسەر چالاکییەکانی ئەم گرووپانە لە خاکەکەیەوە بە دەست بهێنێتەوە، ئەوە دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پاراستنی گەلی عێراقیش.
رووداو: هەرێمی کوردستان کە زیانی لەو گرووپانە بەرکەوتووە، دەتوانێت لەو پرۆسەیەدا هاوکاری حکومەتی فیدراڵیی عێراق بکات؟
باربارا لیف: بەڵێ، ئەوە پرسیارێکی نایابە. لە راستیدا، تاوەکو هەولێر و بەغدا زیاتر بەیەکەوە کار لەسەر ئەم پرسانە بکەن، سوودێکی گەورەتر بۆ هەردووکیان و بۆ وڵاتەکە بەگشتی دەبێت. تۆ بەتەواوی راست دەکەیت کە هیچ بەشێکی عێراق هێندەی کوردستانی عێراق زیانی بەرنەکەوتووە. ئەوە شتێکی نیگەرانکەر بووە کە چۆن ئەم گرووپانە، گرووپە عێراقییەکان، هاووڵاتییانی خۆیان کردووەتە ئامانج. بۆیە بەڵێ، پێموایە توانای سەرکردایەتیی سیاسی لە هەردوو لاوە بۆ کارکردن بەیەکەوە، ژینگەیەکی سەلامەتی یەکگرتوو دروست دەکات.
رووداو: ئەگەر ئەو گرووپانە بکەونە شەڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، لەوباوەڕەدای ئەمریکا لەڕووی سەربازییەوە هاوکاری حکومەتی عێراق بکات؟
باربارا لیف: قورسە بگوترێ شێوەی پاڵپشتیی ئەمریکا چۆن دەبێت. بەڵام پێموایە ئەگەر واشنتن بیبینێت حکومەتی عێراق و بەغدا و هەولێر کار بۆ ئەم ئامانجە دەکەن کە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە، پێموایە ئیدارەی ئەمریکا زۆر ئامادە دەبێت بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک. بەڵام دواجار، ئەمە شەڕێکە کە دەبێت عێراق خۆی بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرێت.
رووداو: باسی گوشاری سیاسیت کرد. دەتوانیت روونی بکەیتەوە لە رووی کردارییەوە حکومەت دەتوانێت چ جۆرە گوشارێک بەکاربهێنێت؟
باربارا لیف: ئەم گوشارە سیاسییانە دەکرێ لە دەرەوە بن، لە واشنتنەوە یان لەو حکومەتە دراوسێیانەوە کە پێیانوایە شتێکی ناخۆشە کە لە عێراقەوە لەلایەن ئەم گرووپانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، ئینجا کوێت بێت، سعودیە یان ئیمارات. بۆیە دەکرێ گوشارەکە لە لایەن ئەوانەوە بکرێ، یان دەکرێ لەلایەن رای گشتیی عێراقیشەوە بێت. لێرەدایە کە سەرکردایەتیکردن لەلایەن کارەکتەرە سیاسییە عێراقییەکان، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەروەها لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی دیکەشەوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ جووڵاندنی رای گشتی بۆ پشتگیریکردن لە چەککردنی ئەم گرووپانە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)