رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی کۆڕبەندی سیاسیی شەهبا دەڵێ، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەی شەهبا کە لە جزیرێ و کۆبانێ نیشتەجێن، بەردەوامن. بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئاوارەکان و گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە، رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەنجوومەنی ئاوارەکانی شەهبا و عەلی حەنوورە، جێگری پارێزگاری حەلەب بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا کە لە باڵەخانەی پارێزگای حەلەب سازکرا، دۆخی ئاوارەکان باسکرا؛ هەروەها تیشک خرایە سەر ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم گەڕانەوەیانە. جومعە کالۆ، ئەندامی کۆڕبەندی سیاسیی شەهبا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، رایگەیاند، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەی شەهبا کە لە جزیرێ و کۆبانێ نیشتەجێن بەردەوامە. جومعە کالۆ ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر کەس گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا نزیکەی 1.500 خێزان لە ناوچەی جزیرێ و نزیکەی 50 خێزان لە کۆبانێ ماون. ئەو ئەندامەی کۆڕبەندی سیاسیی شەهبا باسی لەو هۆکارانە کرد کە رێگرن لەبەردەم گەڕانەوەی ئەو خێزانانە و گوتی: "زۆرێک لە خانووەکان لە کاتی شەڕدا وێران بوون و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبا لە ناوچەکەدا کەمن. بەڵام لەوە گرنگتر، ترسی دەستگیرکردنە. زۆرکەس بە هۆکاری سیاسی دەستگیر دەکرێن." ناوچەی شەهبا لە نزیکەی 210 گوندی کوردنشین و نزیکەی 50 گوندی تێکەڵ (کورد، عەرەب و تورکمان) پێکدێ. دەقی هەڤپەیڤینەکە: رووداو: ژمارەی ئەو خێزان و کەسانەی لە ناوچەی شەهبا ئاوارە بوون و ئێستا لە ناوچەی جزیری و کۆبانێن چەندە؟ جومعە کالۆ: وەک دەزانن، ئاوارەبوونی خەڵکی شەهبا لە ساڵی 2018ەوە دەستی پێکرد. زۆربەیان چوونە ناوچەی عەفرین، بەشێکیان بەرەو کۆبانێ، بەشێکیان بەرەو حەسەکە، قامشلۆ، دێریک و بەشێکی زۆریشیان چوونە هەرێمی کوردستان یان ئەورووپا. دوای رووخانی رژێمی بەعس و رژێمی ئەسەد، زۆربەی ئاوارەکان گەڕانەوە بۆ گوند و ماڵەکانی خۆیان. ئێستا نزیکەی 1500 خێزان لە ناوچەی جزیرێ ماون. ئەوانیش بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، یان ماڵەکانیان وێران بووە و خزمەتگوزاری لە گوندەکانیان نییە. لەسەر ئەم بنەمایە کۆبوونەوەمان لەگەڵ جێگری پارێزگاری حەلەب کرد. رووداو: 1500 خێزان لە جزیرێ ماون. ئەی لە کۆبانێ چەندن؟ جومعە کالۆ: بەڵێ، لە کۆبانێش هەن، نزیکەی 50 خێزان لەوێ ماون، بەڵام زۆرینەیان لە ناوچەی جزیرین. رووداو: واتە بە گشتی نزیکەی 1550 خێزانی شەهبا ماون بگەڕێنەوە. جومعە کالۆ: بەڵێ، نزیکەی ئەو ژمارەیەیە. رووداو: سەبارەت بە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ جێگری پارێزگاری حەلەب، گەیشتنە چ ئەنجامێک؟ ئەنجامە بەرچاوەکان چی بوون؟ جومعە کالۆ: لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەت باسیان لێوە کرا. سەرەتا باسی دۆخی ئابووری کرا، جێگری پارێزگار بەڵێنی دا تا ئەو شوێنەی بۆیان دەکرێ هاوکار بن. بەڵام وەک دەزانن دۆخی ئابووریی سووریا بە گشتی قورسە. هەروەها باسی باکووری حەلەبمان کرد کە بەشێکی لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکاندایە و هەمووی لای حکومەت نییە، ئەمەش کێشە دروست دەکات. باسمان لەوە کرد چۆن خەڵکەکەمان بپارێزرێ و رفاندن و ئەشکەنجە نەمێنێت، چونکە زۆرکەس بە تۆمەتی پەکەکە، یەپەگە یان کارکردن لەگەڵ بەڕێوەبەریی خۆسەر دەستگیردەکرێن. رووداو: باشە، جێگری پارێزگار هیچ بەڵێنێکی دا کە ئەم داواکارییانە جێبەجێ بکات؟ جومعە کالۆ: بەڵێ، هەموو تێبینییەکانی وەرگرت و پەسندی کردن. بەڵام ناتوانم بڵێم بەڵێنێکی سەد لە سەدمان وەرگرت. بڕیارمان دا کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەین. لە رووی خزمەتگوزارییەوە گوندەکان پێویستیان بە هاوکاریی بانکی، ئاو، کارەبا و پاککردنەوەیە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بگەڕێتەوە. رووداو: واتە هێشتا کاتێکی دیاریکراو دانەنراوە بۆ گەڕانەوەیان؟ جومعە کالۆ: لەسەر بابەتە گشتییەکان رێککەوتووین، بەڵام وردەکاریی زیاترمان دەوێ. یەکێک لەوانە دیاریکردنی کاتی گەڕانەوەیە کە پێویستی بە ئامادەکاریی زیاترە. رووداو: جێگری پارێزگار وەک هەنگاوی یەکەم بەڵێنی چی دا؟ جومعە کالۆ: بڕیارمان دا لیستێکی بۆ بنێرین. لیستی ئەو خێزانانەی شەهبا کە ماڵەکانیان لەلایەن خەڵکی دیکەوە داگیرکراوە (ئەوانەی لە دیمەشق و حەما و دێرەزوورەوە هاتوون). جێگری پارێزگار بەڵێنی دا ئەو ماڵانە چۆڵ بکەن بۆ خاوەنەکانیان. هەروەها لیستێکی دیکەی ناوەکانمان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی رێکارەکانی گەڕانەوەیان بۆ رێک بخەن. رووداو: ئەو ئاوارانەی لە جزیری و کۆبانێن، زیاتر خەڵکی کام گوند و ناوچەی شەهبان؟ جومعە کالۆ: لە هەموو گوندەکان هەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆریان خەڵکی گوندەکانی (کەفەر سەخیر، تەل عەرەن، تەل حاسڵ، زیقان، شێخ عیسا، تەل شەعیر، تەل ئەحرەز) و چەندین گوندی دیکەن. گوندە کوردنشینەکانی شەهبا زۆرن، نزیکەی 210 گوندی تەنیا کوردنشینمان هەیە. رووداو: واتە 210 گوند لە شەهبا تەنیا کوردنشینن؟ جومعە کالۆ: بەڵێ، نزیکەی 210 گوند تەنیا کوردنشینن، نزیکەی 40 تا 50 گوندیش تێکەڵاون لە کورد، عەرەب و تورکمان. رووداو: باست لەوە کرد ژمارەیەک خێزان گەڕاونەتەوە. ئامارێکتان لایە چەند خێزان گەڕاونەتەوە؟ جومعە کالۆ: بەڵێ، ژمارەیەکی زۆر گەڕاونەتەوە، دەتوانم بڵێم زیاتر لە 100 هەزار خێزان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دوای رووخانی رژێمی بەعس. رووداو: دۆخی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە چۆنە؟ لە شەهبا ژیانیان باشە؟ جومعە کالۆ: سەرەتا هەندێک کێشەی ئابوورییان هەبوو. هەندێکیان دەستگیرکران و سەرانەیان لێ سەنرا بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن، هەندێکیشیان هێشتا چارەنووسیان نادیارە. بەڵام ماوەیەکە دۆخی ئەوانەی گەڕاونەتەوە باشتر بووە و کەس نزیکیان نایەتەوە. رووداو: ئەو 1500 خێزانەی لە قامشلۆن، لە کوێ نیشتەجێن؟ لە قوتابخانەکاندان؟ جومعە کالۆ: زۆربەیان لە قامشلۆن و ژمارەیەکی زۆریان لەنێو قوتابخانەکاندان. هەندێکیشیان لەنێو خانوو و ماڵەکاندان. وەک گوتم 50 خێزان لە کۆبانێ، 150 خێزان لە حەسەکە و 100 خێزان لە دێریک، بەڵام زۆرینەیان لە قوتابخانەکانی قامشلۆدان. رووداو: لەو کاروانانەی ئاوارەکانی عەفرین کە گەڕانەوە، خەڵکی شەهبایان تێدا بوو؟ جومعە کالۆ: بەڵێ، نزیکەی 300 خێزانی شەهبا لەگەڵ کاروانەکانی عەفرین گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. رووداو: لەو کاروانەی بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەڕێتەوە، خێزانی شەهبای تێدایە؟ جومعە کالۆ: بەڵێ، نزیکەی 10 خێزانی شەهبا ئامادەن لەگەڵ ئەو کاروانەدا بگەڕێنەوە. رووداو: کەی بەڕێ دەکەون؟ جومعە کالۆ: هێشتا دیار نییە. بڕیار بوو یەکشەممە بڕۆن، بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی و کارگێڕییەوە دواخرا.
هەڤپەیڤین05-06-2026باربارا لیف بۆ رووداو: هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چەککردنی میلیشیاکان پێویستن