رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، رایدەگەیێنێت عێراق بە تەواوی چووەتە ناو سیستمی "ئەسیکۆدا"ی جیهانی و لە چەند مانگی داهاتووشدا دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەمان سیستم دیجیتاڵ دەکرێن.
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دکتۆر سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق باس لەوە دەکات، ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ رێگری "لە ساختەکاری و قاچاخچێتی" نییە، بەڵکو دەرگایەکی گەورە بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە تاوەکو بە نرخی فەرمی (1320 دینار) دۆلار لە بانکی ناوەندی وەربگرن. هەروەها مزگێنیی ئەوەش دەدات کە بە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە، خاڵە گومرگییە ناوخۆییەکانی کەرکووک و مووسڵ هەڵدەگیرێن.
سەبارەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دکتۆر سامر رایگەیاند، ئیرادەیەکی راستەقینە لای هەردوولا هەیە و کۆبوونەوەکان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. ئەو دەڵێت: "پێشبینی دەکەین لە دوو تاوەکو سێ مانگی داهاتوودا، جێبەجێکردنی کردەیی سیستمەکە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات. ئەمە نەک هەر رێکارەکان یەکدەخات، بەڵکو پێمانوایە داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەمەوە دوو هێندە زیاد دەکات."
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، هەموو 25 دەروازە سنوورییەکانی عێراق (وشکانی، دەریایی و ئاسمانی) بە سیستمی جیهانیی "ئەسیکۆدا" بەستراونەتەوە. ئەو دەڵێت: "ئەم سیستمە دەستوەردانی مرۆیی کەمدەکاتەوە، ساختەکاری ناهێڵێت و شەفافیەت بۆ بڕیاردەران دابین دەکات. چیدی پێویست ناکات بازرگان پەنا بۆ نێوەندگیر ببات، بەڵکو دەتوانێت لە نووسینگەکەی خۆیەوە مامەڵەکان رایی بکات."
دکتۆر سامر قاسم، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە دەڵێن بەغدا دەیەوێت دەروازەی رەبیعە بکاتە جێگرەوەی ئیبراهیم خەلیل، دکتۆر سامر گوتی: "ئەم قسەیە بەهیچ شێوەیەک ورد نییە. دەروازەی رەبیعە و وەلید بەهۆی پێویستیی کاتی و داخستنی بەندەرەکان نۆژەنکراونەتەوە. دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی و گرنگی سیستمی بازرگانیی عێراقن و جێگرەوەیان بۆ دانانرێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: پێش ئەوەی باسی سیستمی ئەسیکۆدا بکەین، ئێستا ژمارەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق چەندە؟ لە چەند دەروازەش سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکرێت؟
سامر قاسم: سەبارەت بە سیستمی ئەسیکۆدا، ئەمڕۆ حکومەتی فیدراڵی خاوەنی 25 دەروازەی سنوورییە، کە لە دەروازەی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی پێکدێن. هەموو ئەم دەروازانە بەتەواوی بە سیستمی ئەسیکۆداوە بەستراونەتەوە و بە درێژایی کاژێر بەپێی ئەم سیستمە لە هەموو دەروازەکانمان کار دەکەن.
رووداو: لە هەموو 25 دەروازەکە (ئاسمانی، وشکانی، دەریایی) سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ دەکرێت؟
سامر قاسم: لە 1/1/2025ـەوە، لە هەموو دەروازە فیدڕاڵییەکانمان سیستمی ئەسیکۆدا بەتەواوی جێبەجێ کراوە.
رووداو: وا دیارە خوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ سیستمی ئەسیکۆدا و ئەم سەکۆ دیجیتاڵییە هەیە. تکایە وێنە راستەقینەکەمان بۆ روون بکەرەوە، سیستمی ئەسیکۆدا چییە؟ چۆن لە عێراق جێبەجێ دەکرێت؟ کێشەکان لەکوێن و لەکوێ نین؟
سامر قاسم: سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی گومرگیی جیهانییە و لە زیاتر لە 100 وڵات کاری پێدەکرێت. ئەرکی ئەم سیستمە بریتییە لە ئۆتۆماتیککردن و یەکخستنی رێکارە گومرگییەکان و ئاسانکردنی هەموو رێکارەکان بۆ بازرگانان و تەنانەت بۆ فەرمانبەرانیش. ئەم سیستمە دەستوەردانی مرۆیی لە مامەڵە گومرگییەکان کەمدەکاتەوە، جگە لەوەی ئاماری وەرزی لەبارەی جووڵەی کاڵا و شمەک و ئاماری تەواو بۆ بڕیاردەران دابین دەکات بۆ ئەوەی سوود لەم داتایانە وەربگرن، ئەمە جگە لە پرۆسەی ئەژمارکردنی باجی گومرگی و ئەمانەتی باج بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی. ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بازرگانی نابێت و رەنگدانەوەی لەسەر ئاڵۆزکردنی رێکارەکان نابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سیستمێکە شەفافیەت دابین دەکات و رێکارەکان لە هەموو دەروازەکاندا یەکدەخات. ئەمە سیستمێکی گومرگیی جیهانییە کە پشت بە پێوەرەکانی رێکخراوی گومرگی جیهانی دەبەستێت و سەرکەوتنی خۆی لە عێراق سەلماندووە. لە کاتی جێبەجێکردنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کورتکردنەوەی زۆر لە ئەڵقە زیادەکانمان بینیوە، جگە لە کەمکردنەوەی ساختەکاری و دەستکاری لە مامەڵە گومرگییەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو، هەروەها پرۆسەی ئەژمارکردنی داهات بە روونی، ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان هەبووە، کە داهاتی گومرگییە، جگە لە وەرگرتنی ئەمانەتی باج لە رێگەی ئەم سیستمەوە. ئەم سیستمە هەموو رێکارەکان یەکدەخات و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لە کاری دەروازە سنوورییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، بەمەش ئەم سیستمە کات و ماندووبوون و تێچوو پاشەکەوت دەکات.
رووداو: باسی سوودەکانی (کات، داهات، رێگریکردن لە ساختەکاری) کرد. دەتوانیت نموونەیەکمان بۆ بهێنیتەوە؟ بۆ نموونە، پێش سیستمی ئەسیکۆدا رێکارەکان چەندیان دەخایاند؟ ئێستا چەند؟ رێژەی ساختەکاری چەند دابەزیوە؟ داهات چەند زیادی کردووە؟
سامر قاسم: سەبارەت بە ئاسانکردنی رێکارەکان، رێکارەکان روونن. ئەمڕۆ بازرگان دەتوانێت لە نووسینگە یان کۆمپانیاکەی خۆیەوە کاڵاکەی دەربکات و لە سیستمی ئەسیکۆدا رایبگەیێنێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە نێوەندگیر یان بریکاری دیاریکراو هەبێت بۆ دەرکردنی کاڵاکە. ئەمە لە لایەک. لە لایەکی دیکەوە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی بەڵگەنامە ساختەکان و پێشکێشکردنی داتای ناڕاست هەبووە، جگە لە ئاسانکردنی رێکارەکان بە شێوەیەکی روون و بەرچاو. ئەم بابەتە رەنگدانەوەی لەسەر کۆنترۆڵکردنی بەڕێوەبردن لە سیستمی گومرگی عێراق و زیادبوونی داهات هەبووە. پێشتر و بەر لە جێبەجێکردنی سیستمەکە، داهاتی گومرگ لە یەک تریلیۆن دینار تێپەڕی نەدەکرد. دوای جێبەجێکردنی سیستمەکە و جێبەجێکردنی بەڕێوەبردنی دروست و بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی هەموو ناوەندە گومرگییەکان و کۆنترۆڵکردنیان لە رێگەی بارەگای دەستەی گشتییەوە، ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر زیادبوونی ئەم داهاتانە هەبوو، چونکە ئەمڕۆ بابەتی خەمڵاندن و وەرگرتنی داهات و پێدانی باجی گومرگی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ لە رێگەی ئەم سیستمەوە دەکرێت. ئەمڕۆ ئەرکی خەمڵێنەر نزیکەی نەماوە و دەستوەردانی مرۆیی لە خەمڵاندنی بەهای کاڵا نزیکەی نەماوە، چونکە ئەم پێناسیە گومرگییە بەتەواوی لە سیستمی ئەسیکۆدادا پێناسە کراوە. جگە لەوەی کە پێشتر پێدانی باجی گومرگی بە دەست بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە رێگەی سیستمەکەوە بە شێوەی ئەلیکترۆنییە، بۆیە ئەمانە سوودەکانی سیستمەکەن.
رووداو: با بێینە سەر بابەتی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سیستمی ئەسیکۆدا. ئەم لێکتێگەیشتنە چی لەخۆگرتبوو؟
سامر قاسم: هیچ رێککەوتنێک نییە. رێککەوتن لەنێوان وڵاتاندا دەکرێت، بەڵام کۆبوونەوەی فەرمیی تەکنیکی لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان و گومرگی هەرێم کراوە. لە رووی تەکنیکییەوە، رێککەوتنێکی نزیک لە سەرەتایی لەسەر جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا هەیە. ئیرادەیەکی راستەقینە هەیە، هەروەها رێنمایی لەلایەن سەرۆکوەزیران و بەڕێز وەزیری دارایی، فالح ساری، هەیە بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم بە مەبەستی یەکخستنی رێکارەکان لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی عێراق. لێکتێگەیشتنەکان یان پرۆتۆکۆڵی کۆبوونەوەکان کە لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان کراون، هەموویان ئەرێنین. لە رووی تەکنیکییەوە، کارەکان نزیکن لەوەی رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. هەندێک بابەتی ئیداری هەن، کە بە بابەتی یاساییان دادەنێین و پێویستیان بە نزیککردنەوەی بۆچوونەکانە لەم لایەنەوە، پێمانوایە، ئینشائەڵڵا، رۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەی چڕوپڕ دەبینین بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازەکانی هەرێم، ئەمەش لە پلەی یەکەمدا لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئەمڕۆ یەکخستنی رێکارەکان لە هەموو دەروازەکاندا سوودی بۆ هەموو دەروازەکان دەبێت.
رووداو: جێبەجێکردنی کردەیی کەی دەستپێدەکات؟
سامر قاسم: ئینشائەڵڵا هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی کۆتاییمان دەبێت بۆ دانانی نەخشەڕێگەکە. پێموایە، ئینشائەڵڵا، مانگەکانی داهاتوو، دوو یان سێ مانگی داهاتوو، رێکاری کردەیی بۆ ئۆتۆماتیکیکردنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان دەبینین.
رووداو: ئایا ئەم لێکتێگەیشتنە داهاتی دەروازەکان بەرز دەکاتەوە؟ بە چ رێژەیەک؟
سامر قاسم: بابەتی بەرزبوونەوەی داهات؛ سیستمی ئەلیکترۆنی سیستمێکە کە رێکارەکان یەکدەخات و بە ئۆتۆماتیکیان دەکات. ئەمڕۆ، وەک نموونەیەکی سادە، پێشتر داهاتمان لە دەروازە فیدراڵییەکانمان لە یەک تریلیۆن دینار تێپەڕی نەدەکرد. ئێمە لە ساڵی 2025، 200%ـی داهاتی پێشوومان تێپەڕاند. ئەمە قۆناخی یەکەمە، ئەمڕۆش سیستمی ئەسیکۆدا لە قۆناخی سێیەمیدا لە 1ـی تەممووز دەستپێدەکات، بۆیە پێمانوایە داهاتی گومرگی لە هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەمەوە دوو هێندە زیاد دەکات.
رووداو: ئایا سیستمێکی تەکنەلۆژیی نوێ لە هەموو دەروازەکان دادەنرێت یان پشت بە سیستمی پێشوو دەبەسترێت؟ میکانیزمەکە چۆن دەبێت؟
سامر قاسم: ئەم سیستمە لە هەموو دەروازە فیدراڵییەکان و دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و رێکارەکان یەکدەخات. ئەم سیستمە جیهانییە. ئێمە ئەمڕۆ، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2021 رێککەوتنی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدای لەگەڵ رێکخراوی ئۆنکتادی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرد. کەواتە ئەم سیستمە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکانە و شارەزامان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیستمە تاوەکو لە ساڵی 2028 بەتەواوی رادەستی حکومەتی عێراق دەکرێت.
رووداو: ئایا کادرە پێشووەکانی هەرێمی کوردستان بە کەسانی دیکە دەگۆڕدرێن یان تەنیا سیستمی کارکردنیان دەگۆڕدرێت؟
سامر قاسم: سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەرانی هەرێم راهێنانیان پێدەکرێت و دەکرێنە بەشێک لە تیمی نیشتمانیی عێراقی کە ئێستا بەرپرسە لە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا، هەروەها یەک تیمی نیشتمانی دەبێت کە نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات و بە بەشداریی برایان لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
رووداو: دکتۆر، ئایا ئەمە واتای ئەوەیە کە سیستمی کۆکردنەوەی داهات لە عێراقدا لە زاخۆ و ئیبراهیم خەلیلەوە تا سەفوان و بەسرە بە یەک سیستم دەبێت؟
سامر قاسم: سیستمەکە رێکارەکان یەکدەخات، جگە لەوەی کە بەڕێوەبردنی دەروازەکان لە هەرێمی کوردستان لەلایەن خودی فەرمانبەرانی هەرێمەوە دەبێت کە راهێنانیان لەسەر ئەم سیستمە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیدا پێدەکرێت، هەروەها هاوئاهەنگییەکی بەرز لەنێوان گومرگی حکومەتی فیدراڵی و گومرگی هەرێمدا دەبێت، بەو پێیەی ئێمە یەک وڵاتین و بەشێکین لە یەک سیستم.
رووداو: رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم میکانیزمانەدا چییە؟
سامر قاسم: رۆڵی حکومەتی هەرێم رۆڵێکی هاوبەشە لە بابەتی بەڕێوەبردنی سیستمەکە و یەکخستنی رێکارەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا، ئەمەش ئیرادەیەکی راستەقینەی نێوان هەردوو حکومەتە.
رووداو: لە رووی تەکنیکییەوە، ئایا ئەو گومرگەی لە ئیبراهیم خەلیل یان حاجی ئۆمەران وەردەگیرێت، راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی فیدراڵی یان لای هەرێم دەمێنێتەوە؟
سامر قاسم: ئەم بابەتە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی داهاتوودا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام مامەڵەکردنەکە بەپێی دەستوور و بەپێی ئەو میکانیزمە دەبێت کە ئێستا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم پەیڕەو دەکرێت، پێم وانییە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بابەتی داهاتی هەرێم یان شتی دیکە هەبێت.
رووداو: واتە تاوەکو ئێستا روون نییە بەپێی چ یاسایەک گومرگ وەردەگیرێت؟
سامر قاسم: بابەتەکان بەپێی دەستووری عێراق روونن، کە بەسەر هەرێم و حکومەتی فیدراڵیدا جێبەجێ دەکرێت، پێموانییە ئەم بابەتە رێگر بێت سەبارەت بە بابەتی داهات. جێبەجێکردنی سیستمەکە تەنیا بۆ یەکخستنی رێکارەکانە، بەڵام بابەتەکانی دیکە...
رووداو: داهاتی گومرگی عێراق لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چەند بووە؟ کاریگەریی گرژییەکانی ناوچەکە و شەڕ لەسەری چی بووە؟
سامر قاسم: بێگومان، داهاتی گومرگی بەشێکە لە داهاتە نانەوتییەکان. داهاتە نانەوتییەکان پۆلێن دەکرێن بۆ داهاتی گومرگی، باج و داهاتەکانی دیکە کە لە فەرمانگەکانی دیکەوە دێن. سەبارەت بە داهاتی گومرگی، داهاتمان لە چارەکی یەکەمدا 1.5 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند، ئەمەش بە بەراورد پار کە لە باشترین حاڵەتەکانیدا بوو، 60% زیادیکردووە.
رووداو: ئەمە تریلیۆنێک و 500 ملیار دینارە لە ماوەی چەند مانگدا؟
سامر قاسم: زیادبوونێکی روونە و چاودێری دەکەین. زیادبوونەکە روونە و سەرەڕای داخستنی بەندەرەکان و گەرووی هورمز، دەروازە جێگرەوەکانمان کردەوە، بۆیە داهات بەردەوام لە زیادبووندایە. 1.5 تریلیۆن دینار لە ماوەی پێنج مانگدا.
رووداو: دەتوانیت مانگی شوبات و نیسان بەراورد بکەیت؟ دەمەوێت بزانم کاریگەریی شەڕ لەسەر کەمبوونەوەی داهات چی بووە؟
سامر قاسم: کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە بەهۆی کردنەوەی ئەو دەروازانەی کە داخرابوون، وەک دەروازەی وەلید و دەروازەی رەبیعە، جگە لە گواستنەوەی بازرگانی لە بەندەرەکانەوە بۆ دەروازەی سنووریی ترێبیل. ئەمە هاوسەنگییەکی دروستکرد سەبارەت بە کەمبوونەوەی داهات. بە گشتی کەمبوونەوە لە داهاتدا نییە، بەڵام لەسەر ئاستی بەندەرەکان، تەنیا داهاتی بەندەرەکان کەمیکردووە، بەڵام لە دەروازەی وشکانیی ترێبیل قەرەبوو کراوەتەوە، بۆیە بە گشتی شایەتی کەمبوونەوە نەبووین.
رووداو: هیچ پلانێکتان بۆ پەرەپێدانی دەروازەی رەبیعە هەیە؟
سامر قاسم: بە دڵنیاییەوە، ئەمڕۆ کار لەسەر پەرەپێدانی هەموو دەروازەکانمان و پەرەپێدانی ژێرخانیان و ئۆتۆماتیککردنیان بەتەواوی دەکەین، بە مەبەستی ئاسانکردنی رێکارەکان و ئاسانکردنی بازرگانی لە هەموو دەروازەکان، جا وشکانی بن، دەریایی یان ئاسمانی. بێگومان، دەروازەی رەبیعە و دەروازەی وەلید لە ساڵی 2014 بەهۆی رووداوەکانی تیرۆریستانی داعشەوە وێران بوون، بەڵام ئەمڕۆ دوای کردنەوەیان لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵ، دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئەم ناوەندە کردووە بۆ ئەوەی وەک ناوەندە گومرگییەکانی دیکەی لێبێتەوە و ببێتە یەکێک لە ناوەندە پێشەنگەکان لە هاوردە و هەناردەکردندا.
رووداو: لەگەڵ کردنەوەی دەروازەی رەبیعە، جووڵە لە ئیبراهیم خەلیل کەم بووەوە. دەگوترێت حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت لە رێگەی رەبیعە و وەلیدەوە جێگرەوە بۆ ئیبراهیم خەلیل بدۆزێتەوە. وەڵامت چییە؟
سامر قاسم: ئەم قسەیە ورد نییە. دەروازەی رەبیعە و دەروازەی وەلید بەهۆی داخستنی بەندەرەکانەوە کرانەوە. لە لایەکی دیکەوە، کاتێک گەرووی هورمز داخرا، رووبەڕووی کێشەی هەناردەکردنی نەوت بووینەوە، بۆیە ئەم دەروازانە کرانەوە و نۆژەنکرانەوە، چونکە پێشتر پێش ساڵی 2014 دەروازەی کارا بوون، بەڵام دوای وێرانکردنیان لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانی داعشەوە، ئەم دەروازانە راگیران و بەهۆی پێویستییەکی بەپەلەوە بەهۆی داخستنی بەندەرەکان نۆژەنکرانەوە. بۆیە ئەم دەروازانە جێگرەوەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان نین. دەروازەکانی هەرێمی کوردستان گرنگن و تاوەکو ئەمڕۆش گواستنەوەی دارایی بۆ ئەو کاڵایانەی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دێن، لە حکومەتی فیدراڵیدا گواستنەوە بۆ ئەو بازرگانییەی کە لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەکرێت، ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئێمە دەروازەکانی هەرێم بە دەروازەی گرنگ دادەنێین و جێگرەوەیان بۆ دانانێین. بۆیە ئەم قسەیە بە هەموو شێوەیەک ناڕاستە.
رووداو: ئایا بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە، ئەو خاڵە گومرگییانەی لە مووسڵ و کەرکووک هەن، هەڵدەگیرێن؟
سامر قاسم: نووسینگە گومرگییەکان بۆ هۆکاری کاتی دانراون، کە بوونی دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان و هەروەها جێبەجێنەکردنی سیستمی ئەسیکۆدایە. ئەگەر سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ بکرێت و دەروازە نافەرمییەکان دابخرێن، بوونی ئەم نووسینگانە پاساوی نامێنێت، بۆیە ئەم نووسینگانە بە بڕیاری گومرگی هەڵدەگیرێن، هەروەک چۆن دەرچوون.
رووداو: واتە راستەوخۆ هەڵدەگیرێن؟
سامر قاسم: دوای تەواوبوونی ئۆتۆماتیککردن لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، ئەم نووسینگانە هەڵدەگیرێن، چونکە ئەم نووسینگانە ئەمڕۆ هەوڵدەدەن رێگری لە بابەتی قاچاخچێتی و هاتنەژوورەوەی کاڵا لە دەروازە یان خاڵە سنوورییە نافەرمییەکان بکەن، ئەمەش بێگومان ئاڵنگارییەکە بۆ حکومەتی فیدراڵی و تەنانەت بۆ حکومەتی هەرێمیش. ئەمڕۆ پرۆسەکانی قاچاخچێتی لەلایەن ئیدارەی گومرگی عێراق و ئیدارەی گومرگی هەرێمی کوردستانەوە رەتکراوەن، چونکە ئەمە بەفیڕۆدان و لەدەستدانی سامانی گشتی و زیانگەیاندنە بە ئابووریی نیشتمانی.
رووداو: وەک پیاوێکی تەکنۆکرات، ئایا هیچ دەروازەیەکی نافەرمی لە بەشەکانی دیکەی عێراقدا هەیە؟ ئایا هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە؟
سامر قاسم: دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان بەتەواوی و بەشێوەیەکی گشتگیر کۆنترۆڵکراون و هیچ دەروازەیەکی نافەرمی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نییە. ئەمڕۆ دەستەی دەروازە سنوورییەکان بەتەواوی کۆنترۆڵی هەموو دەروازەکانی کردووە. بێگومان، حاڵەتی قاچاخچێتی لە هەموو جیهاندا هەیە. هەوڵەکانی قاچاخچێتی، وەک هەمووان دەزانن، سیستمە گومرگییەکان و لێکۆڵینەوە و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی شەو و رۆژ کاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەم هەوڵانە. لە هەموو دەروازەکان و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەوڵ هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن رێگری لەمانە دەکەیت و چارەسەری پرۆسەکان یان هەوڵەکانی قاچاخچێتی دەکەیت.
رووداو: سەبارەت بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان، لە سیستمی ئەسیکۆدا چ سوودێک وەردەگرن؟ ئایا دۆلار بە نرخی فەرمی وەردەگرن؟ ئایا رێکارەکانیان ئاسانتر دەبێت؟
سامر قاسم: هەموو بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەزانن کە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە پلەی یەکەمدا لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. ئەمڕۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی جێبەجێنەکردنی هەرێم بۆ سیستمی ئەسیکۆدا، لە بابەتی گواستنەوەی دارایی بێبەشیان دەکەین، چونکە ئەمڕۆ سیستمی گومرگی عێراق لەگەڵ بانکی ناوەندی و سەکۆی دۆلار بەستراوەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ بازرگان دەتوانێت هەر بڕە پارەیەک بۆ دەرەوە بگوازێتەوە دوای راگەیاندنی پێشوەختە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە. ئەمە بەڕاستی من بە دەستکەوتێکی گەورەی دادەنێم بۆ برا بازرگانەکان لە کوردستان، چونکە ئەمڕۆ ئەگەر سیستمی ئەسیکۆدا جێبەجێ بکەن، دەتوانن پێشوەختە ئەو کاڵایانەی کە بەنیازبوون هاوردەی بکەن، رایبگەیێنن. ئەم سیستمە، سیستمی ئەسیکۆدا، بە بەستنەوەی بە بانکی ناوەندییەوە لە رێگەی بەیانی پێشوەختەوە، ئاسانکاری و ئاسانکاریی تەواویان لە گواستنەوەی داراییدا بۆ دەکرێت.
ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی سیستمی گومرگی عێراق دەبێت و دەبێتە جێگەی رێزی هەموو وڵاتان. ئەمڕۆ هەموو وڵاتان سەیری ئابووریی هەر وڵاتێک دەکەن و یەکەم شت سەیری سیستمی گومرگی و ئاستی پێشکەوتن و نوێبوونەوەی دەکەن. بۆیە، ئەمڕۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستمە سوودی سەرەکیی بۆ بازرگانانی هەرێم و بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و پەیوەندیی بە بابەتی کەمکردنەوەی داهات یان بەدەستنەهێنانی داهات لە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە.
رووداو: بەهۆی باجی بەرز و رۆتینەوە، هەندێک بازرگان پەنا بۆ بازاڕی هاوتەریبی دۆلار دەبەن. ئایا سیستمی ئەسیکۆدا ناچاریان دەکات بێنە ناو رێڕەوی فەرمی؟
سامر قاسم: بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ ئەگەر بازرگان پەنا بۆ بازاڕی هاوتەریب ببات بۆ دەستکەوتنی دۆلار، راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێت. بەڵام ئەمڕۆ ئەگەر لە رێگەی سیستمی گومرگی و لە رێگەی ئەو دراوە بیانییەی کە لە بانکی ناوەندی بە نرخی پاڵپشتیکراوی 1,320 دینار وەریدەگرێت، پەنای بۆ ببات، ئەوا لە پلەی یەکەمدا لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبێت. ئەمە لە لایەک. لایەنێکی دیکە، بابەتی یەکخستنی پێناسیەی گومرگییە لەنێوان دەروازەکانی هەرێم و دەروازە فیدراڵییەکان، ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین سوودەکان کە سیستمی ئەسیکۆدا بەدەستی دێنێت و دادپەروەری لەنێوان هەموو بازرگاناندا بەدیدەهێنێت. بۆیە، من پێموایە لە بەرژەوەندیی بازرگاناندایە کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی رێڕەوی فەرمیدا بن. ئەمڕۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتان سەیری بابەتی ئۆتۆماتیککردن و بابەتی یەکخستنی رێکارەکان و بابەتی گواستنەوەی دارایی لە رێگەی سیستمی بانکییەوە دەکەن. ئەمڕۆ عێراق ئەندامی گرووپی ئەو وڵاتانەیە کە بەرەنگاری بابەتی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر دەبنەوە، بۆیە کاتێک کاری بازرگانی و کاری گومرگی و گواستنەوەی دارایی لە چوارچێوەی سیستمی بانکیدا بێت، لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا دەبێت. بۆیە، ئەمە دڵنیایی دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە عێراق لە چاکسازییەکانی گومرگی بەردەوامە و لە کەمکردنەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر بەردەوامە. بۆیە، ئەمە بنەمای ئێمەیە ئەمڕۆ لە یەکخستنی سیستم و ئۆتۆماتیککردنی رێکارەکان و جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵات بە گشتی دەکات.
رووداو: زۆر سوپاس دکتۆر سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق، لە بەغداوە لەگەڵمان بوویت.
سامر قاسم: زۆر سوپاس، سوپاس بۆ کەناڵەکەتان.

