Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانسەرەکیهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

هەڤپەیڤین

بەڕێوەبەری خەڵاتەکانی کان: رووداو لە سەری سەرەوەیە و لە ریزی کەناڵە جیهانییە یەکەمەکانە

رێبوار عەلی

رێبوار عەلی

09-08-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
رێبوار عەلی
رێبوار عەلی09-08-2026

بابەتی پەیوەندیدار

لیوا نازم مالیکی بۆ رووداو: پێشوازی لە ئەفسەرانی ناوچەی باشوور نەدەکرا بۆ چوونە کۆلێژی ئەرکان
هەڤپەیڤین21-10-2026

لیوا نازم مالیکی بۆ رووداو: پێشوازی لە ئەفسەرانی ناوچەی باشوور نەدەکرا بۆ چوونە کۆلێژی ئەرکان

وەزیری رۆشنبیریی لوبنان بۆ رووداو: پەرتووک بە زمانی کوردی لە بەیرووتەوە دەهێندرێنە پێشانگای کتێبی هەولێر
هەڤپەیڤین20-10-2026

وەزیری رۆشنبیریی لوبنان بۆ رووداو: پەرتووک بە زمانی کوردی لە بەیرووتەوە دەهێندرێنە پێشانگای کتێبی هەولێر

وەزیری شەهیدان: مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی هاوتای بەغدا دەکرێ
هەڤپەیڤین19-10-2026

وەزیری شەهیدان: مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی هاوتای بەغدا دەکرێ

تۆڕی میدیایی رووداو جارێکی دیکە ناوی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تۆمارکرد و توانی لە (خەڵاتەکانی کان بۆ میدیای کۆمپانیاکان و تەلەڤیزیۆن) بۆ ساڵی 2026، سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ رۆژنامەگەریی کوردی بەدەستبهێنێت.

بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) بە پێشکێشکاریی رۆژنامەڤانی دیاری رووداو (هیڤیدار ئەحمەد)، توانی خەڵاتی جامی دۆلفین بباتەوە و ئەڵقەیەکی دیکەی هەمان بەرنامەش گەیشتە قۆناخی کۆتایی فێستیڤاڵەکە.

ئەلێکساندەر کامێل، بەڕێوەبەری خەڵاتەكانی تەلەڤزیۆن و دامەزراوەی میدیایی كان، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی 100 دادوەر لە کەناڵە گەورەکانی وەک BBC هەڵسەنگاندنیان بۆ بەرهەمەکان کردووە.

سەبارەت بەوەی بۆچی رووداو ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە، ئەلێکساندەر کامێل دەڵێت: "ستانداردەکانتان زۆر بەرزن. با راستگۆ بم، لە کاتی ئامادەکاریم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە سەیری بەرنامەکانتانم دەکرد، بەڕاستی زۆر بەشێوەیەکی ئەرێنی سەرسام بووم و زۆر دڵخۆش بووم، کە بینیم بابەتگەلێکی هێندە هەستیار بەم شێوازە زۆر پیشەیییە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە؛ نەک تەنیا لەلایەن پێشکێشکارەکەوە، بەڵکو لە رووی کاری کامێرا و گێڕانەوەی چیرۆکەکەشەوە."

دەقی هەڤپەیڤین:

رووداو: سەدان بەرهەمی تەلەڤیزیۆنی و میدیایی لە سەرانسەری جیهانەوە بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو؛ کام لایەن و تایبەتمەندییەی بەرنامەی 'هێشتا ماویەتی'ی تۆڕی میدیایی رووداو، بە دیاریکراوی سەرنجی لیژنەی دادوەرانی بەلای خۆیدا راکێشا؟

ئەلێکساندەر کامێل: زۆر سوپاس رێبوار بۆ میوانداریکردنم لە بەرنامەکەتاندا، جێگەی شانازییە بۆ من. ناتوانم بەوردی پێت بڵێم کە دادوەرەکان بەدیاریکراوی چ شتێکیان لە بەرنامەکانتاندا دۆزیوەتەوە، بەڵام با ئەوەت پێ بڵێم کە ئێمە نزیکەی 100 دادوەرمان هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی سەرجەم ئەو فیلمانەی بەشداری لە 'خەڵاتەکانی کان بۆ میدیای کۆمپانیاکان و تەلەڤیزیۆن'دا دەکەن. زۆر لەو دادوەرانە، بەتایبەتی بۆ پۆلێنی دۆکیۆمێنتاری، لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی وەک BBC و دەستەی پەخشی دانیمارکییەوە دێن. ئەوان لە تەلەڤیزیۆنی نیشتمانیی نەمسا، لە دەستەی پەخشی ئیسپانی و لە تەلەڤیزیۆنی پۆڵەنداوە دێن. کەواتە ئێوە لەلایەن هاوپیشەکانتانەوە هەڵسەنگاندنتان بۆ دەکرێت، کە ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو کەسانەی بڕیار لەسەر بەرنامەکەتان دەدەن، هەمان ئەو کەسانەن کە هەمان جۆری بەرنامەکانی ئێوە بەرهەم دەهێنن. خۆشبەختانەش، هەردوو ئەو بەرهەمەی کە ئێوە بەشداريتان پێکردبوون، لەنێو براوەکاندان.

رووداو: بردنەوەی ئەم خەڵاتە بە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان. ئەم رێزلێنانە چ پەیامێک سەبارەت بە ئاست و کوالیتیی بەرهەمی میدیایی لە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت؟

ئەلێکساندەر کامێل: ئەمە بەو واتایە دێت کە ئێوە لە سەری سەرەوەن؛ چونکە ئەگەر سەیری براوەکانی خولەکانی پێشوو بکەین، لەبیرتان نەچێت کە ساڵی رابردوو کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ساڵ ئەلجەزیرە بوو. کە شوێنەکەیان زۆر لە ئێوەوە دوور نییە، فیلمەکانتان لە ئاستێکی زۆر باڵای دۆکیۆمێنتاریی تەلەڤیزیۆنيدان. پێشموایە بۆ یەکەمین بەشداریکردن، بەتایبەتی کە لە ناوچەیەکەوە هاتوون ئێمە لە ئەورووپا و جیهاندا زانیاریی زۆرمان لەسەری نییە، راستە شتی زۆر لەسەرتان دەبیستین، بەڵام زانیاریی زۆرمان لەسەر تواناکانتان نییە، بۆیە پێموایە ئەمە دەستکەوتێکی یەکجار مەزنە.

رووداو: بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، تۆڕی میدیایی رووداو دەچێتە ریزی براوەکانی پێشوو و ئێستای خەڵاتی دۆلفین، شانبەشانی دەزگا میدیاییە ناسراوەکانی جیهان وەک بلوومبێرگ، دۆیچە ڤێلە، ئەلجەزیرە و وارنەر برۆز دیسکەڤەری. هەبوونی دەزگایەکی میدیایی کوردی لەنێو ئەم ناوازە جیهانییانەدا، چ ئاماژەیەک لەخۆدەگرێت؟

ئەلێکساندەر کامێل: ئەمە بەو واتایە دێت کە ئێوە لە پۆلی کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە ئاستبەرزەکانن. هەروەها بەو واتایەش دێت کە لە هەر کوێیەکەوە هاتبیت، دەرفەتی ئەوەت هەیە لە (خەڵاتەکانی کان بۆ میدیای کۆمپانیاکان و تەلەڤیزیۆن) سەرکەوتن بەدەستبهێنیت، کە گەورەترین فێستیڤاڵە بۆ فیلمی کۆمپانیاکان، دۆکیۆمێنتارییەکان و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان. دووبارە دەیڵێمەوە، ئێوە براوەیەکی زۆر سەربەرزن و بەپەرۆشەوە چاوەڕێی هاتنی تیمەکەتانم بۆ کان بۆ ئەوەی خەڵاتەکەیان وەربگرن و لەنێو سەرجەم براوەکانی دیکەدا بن کە لە سەرانسەری جیهانەوە دێن.

رووداو: ئەمە 3یەمین خەڵاتی نێودەوڵەتییە کە بەرنامەی (هێشتا ماویەتی) لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا بەدەستی دەهێنێت، دوای بردنەوەی خەڵاتی تێلی و خەڵاتی ستیڤی زێڕین. بەڕێزتان وەک بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی کان، ئەم ئاستە لە بەردەوامی و سەرکەوتن، چی لەبارەی ستانداردە پیشەییەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دەخاتەڕوو؟

ئەلێکساندەر کامێل: ستانداردەکان زۆر بەرزن. با راستگۆ بم، لە کاتی ئامادەکاریم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە سەیری بەرنامەکانتانم دەکرد، بەڕاستی زۆر بەشێوەیەکی ئەرێنی سەرسام بووم و زۆر دڵخۆش بووم، کە بینیم بابەتگەلێکی هێندە هەستیار بەم شێوازە زۆر پیشەیییە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە؛ نەک تەنیا لەلایەن پێشکێشکارەکەوە، بەڵکو لە رووی کاری کامێرا و گێڕانەوەی چیرۆکەکەشەوە. کەواتە دووبارەی دەکەمەوە، من تەنیا بەڕێوەبەری ئەم فێستیڤاڵەم و لیژنەی دادوەرە پیشەیییەکانم هەیە کە ئەوانیش هەمان بۆچوونیان لەسەر ئەم فیلمانە هەیە. ئەمەش زۆر دڵخۆشکەرە، بۆیە تەنیا دەتوانم خۆم دووبارە بکەمەوە و پیرۆزباییتان لێبکەم بۆ ئەو شێوازەی کە دۆکیۆمێنتارییە تەلەڤیزیۆنییەکانتانی پێ بەرهەمدەهێنن.

رووداو: بۆ دەزگایەکی میدیایی وەک تۆڕی میدیایی رووداو کە لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێت، بردنەوەی خەڵاتێکی نوێی وەک (کان) چ دەرگایەکی نوێی بۆ دەکاتەوە؟

ئەلێکساندەر کامێل: لەپێش هەموو شتێکەوە، ئەمە پێزانین و دانپێدانانە بۆ تیمەکە، پێموایە ئەوە زۆر زۆر گرنگە. لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە کە تیمەکە تێبگەن؛ ئەوەی دەیکەین واتای هەیە و بەهای هەیە، نەک تەنیا لەو شوێنەی لێین، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، پێموایە ئەوە خاڵی یەکەمە. دووەم؛ ئێوە لەلایەن کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی دیکەوە دەناسرێنەوە چونکە لەنێو براوەکاندا دەبن. بۆیە ئەگەر کەسێک لە BBC، یان کەسێک لە RTVE، یان کەسێک لە (وارنەر برەزەرس) سەیری لیستی براوەکانی فێستیڤاڵەکەمان بکات—کە بێگومان سەیری دەکەن—دەڵێن: 'ئای خوایە، ئەمە چ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنییە؟ با سەیری بکەم، با زیاتر لەسەریان بزانم.' بەم شێوەیە زیاتریش دەناسرێن. بێگومان، ئێوە دەتوانن زیاتریش لە وڵاتەکەی خۆتاندا شانازی بە خۆتانەوە بکەن بەوەی کە راستە رەنگە ئێمە کەناڵێکی ناوخۆیی بین، بەڵام رکابەری لەگەڵ گەورەترینەکانی جیهاندا دەکەین، ئەوەش پەیامە گرنگەکەیە.

رووداو: ئەم ناسندنە نێودەوڵەتییە چۆن دەتوانێت یارمەتیی رووداو و میدیای کوردی بە گشتی بدات لە گەیاندنی چیرۆکەکانی ناوچەکەیان بە بینەری جیهانی؟

ئەلێکساندەر کامێل: ئەوە بەندە بە چەند شتێکەوە. مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر بتانەوێت بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکانتان لەلایەن کەناڵەکانی دیکەوە پەخش بکرین، دەتوانن ئاماژە بەوە بکەن کە 'ئێمە کەناڵێکی خەڵاتکراوین و بەرنامەکەش بەرنامەیەکی خەڵاتکراوە.' دەزانم کە زۆر لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان دۆکیۆمێنتاری دەکڕن و پەخشیان دەکەن. بەتایبەتی لە ناوچەکەی ئێوەدا کە زۆر ئاڵۆزە، چونکە هەمووان پێیانوایە کە میدیاکانی ئەوێ بە جۆرێک لە جۆرەکان روویان لە یەک ئاراستەیە. بەڵام ئەوەی من بینیم، لانیکەم لەو دوو ڤیدیۆ و بەرنامەیەی کە بەشداريتان پێکردبوون، زۆر هاوسەنگن، زۆر بێلایەنن و زۆر دڵخۆش بووم بە بینینی ئەمە. بۆیە بەڵێ، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە تەنیا پارچەیەکی زۆر بچووکە لە وێنەیەکی گەورەتردا، کە دەتوانێت یارمەتیتان بدات سەرنجی زیاتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رابکێشن.

بابەتی پەیوەندیدار

لیوا نازم مالیکی بۆ رووداو: پێشوازی لە ئەفسەرانی ناوچەی باشوور نەدەکرا بۆ چوونە کۆلێژی ئەرکان
هەڤپەیڤین21-10-2026

لیوا نازم مالیکی بۆ رووداو: پێشوازی لە ئەفسەرانی ناوچەی باشوور نەدەکرا بۆ چوونە کۆلێژی ئەرکان

وەزیری رۆشنبیریی لوبنان بۆ رووداو: پەرتووک بە زمانی کوردی لە بەیرووتەوە دەهێندرێنە پێشانگای کتێبی هەولێر
هەڤپەیڤین20-10-2026

وەزیری رۆشنبیریی لوبنان بۆ رووداو: پەرتووک بە زمانی کوردی لە بەیرووتەوە دەهێندرێنە پێشانگای کتێبی هەولێر

وەزیری شەهیدان: مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی هاوتای بەغدا دەکرێ
هەڤپەیڤین19-10-2026

وەزیری شەهیدان: مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی هاوتای بەغدا دەکرێ

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە