رووداو دیجیتاڵ
عەلی گەڵاڵی، باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا بە وەکالەت (کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین) رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا لێشاوێکی گەورەی داواکاری بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی رووی لە باڵیۆزخانەکەیان کردووە و بەرلین و فرانکفۆرت بەتەنیا بەشی پێداویستیی عێراقییەکانی 22 وڵاتی ئەورووپی ناکەن.
عەلی گەڵاڵی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گوشارە زۆرە، بڕیاردراوە 28 سیستەمی دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ ئەورووپا بنێردرێت؛ لەوانە 10 سیستم بۆ فەرەنسا، 10 بۆ سوێد و 8 سیستممی دیکەش بۆ کۆنسوڵخانەی گشتیی عێراق لە فرانکفۆرت. هاوکات لەبارەی پرسی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانیش، جەخت دەکاتەوە کە بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوان بەغدا و بەرلین لە ساڵی 2022، هەر هاووڵاتییەک مافی پەنابەریی پێنەدرابێت یان تاوانی ئەنجامدابێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق و ئەوان ناتوانن دەستوەردان لە بڕیاری دادگاکانی ئەڵمانیادا بکەن، جگە لەو کەسانەی نەخۆشیی مەترسیداریان هەیە یان مەترسیی لێکترازانی خێزانەکانیان لەسەرە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا
رووداو: سڵاوتان لێبێت لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاوە، من ئاڵا شاڵیم. ئەمجارە هاتوومەتە باڵیۆزخانەی عێراق لە بەرلین، لێرە دەمەوێت لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق بەڕێز کاک عەلی گەڵاڵی هەڤپەیڤینێک ئەنجام بدەم سەبارەت بە کێشەکانی هاووڵاتیانی عێراق، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و بەغدا و چەندین پرسی دیکەش. کاک عەلی، زۆر سوپاس کە لەگەڵماندایت.
عەلی گەڵاڵی: زۆر سوپاس، بەخێرهاتنی ئێوە دەکەم، زۆر بەخێربێن، زۆر سوپاس. بەڕاستی ئەم بەسەرکردنەوانە بۆ ئێمە زۆر گرنگن، چونکە هاووڵاتی هەموو کاتێک پێویستی بە زانیاری هەیە، زانیاریش دەبێت لەڕێگەی میدیاوە بگوێزرێتەوە، زۆر سوپاسی هاتنتان دەکەم، زۆر بەخێربێن.
رووداو: لە کێشەکانەوە دەست پێبکەین، زۆر لە عێراقییەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا گلەییان لە باڵیۆزخانەی عێراق هەیە سەبارەت بە دواکەوتنی نوێکردنەوەی پاسپۆرتەکانیان یاخود وەرگرتنی بەڵگەنامە فەرمییەکانیان. ئێوە چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە خێراتر بکەن، یاخود چ هەنگاوێکتان ناوە بۆ ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان، بەتایبەتی ئەوانەی لە شوێنی دوورەوە سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق دەکەن؟
عەلی گەڵاڵی: هەڵبەت حەز دەکەم ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم، یەکێک لەو کێشانەی کە رووبەڕووی باڵیۆزخانەکان بووەتەوە، بەتایبەت لە ئەورووپا، زیاتر رووبەڕووی باڵیۆزخانەی ئێمە بووەتەوە لە ئەڵمانیا، چونکە دەرکردنی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانیش هەر لە ئەڵمانیایە، پاسپۆرت لای ئێمەیە لە بەرلین و کارتی نیشتمانیش لە کۆنسوڵخانەی فرانکفۆرتە و ئەوانیش هەر سەر بە ئێمەن. بەڕاستی یەکێک لەو گرفتانەی کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد ئەوە بوو کە لە رابردوودا حکومەتی ئەڵمانیا داوای بەڵگەنامەی فەرمیی عێراقی لە هاووڵاتیانی عێراق نەدەکرد، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لێشاوێکی زۆر گەورە لە داواکاری رووی لە باڵیۆزخانەکانی عێراق لە ئەورووپا کرد بەتایبەت بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت.
ئەمەش وای کرد کە گوشارێکی زۆر لەسەر باڵیۆزخانە دروست ببێت. بەشی دووەمی کێشەکە ئەوە بوو کە ئێمە وەک باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەڵمانیا، تەنیا ناوەندین لەگەڵ فرانکفۆرت کە دەتوانین پاسپۆرتی عێراقی لەگەڵ کارتی نیشتمانیدا دەربکەین. تەنیا ئەڵمانیا و فرانکفۆرت بەشی 22 وڵاتی ئەورووپی ناکات کە سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق لە هەموو وڵاتانی ئەورووپاوە روومان تێبکەن. ئێمەش لە رابردوودا، بەڕاستی ئەو ئامێر و سیستمانەی پاسپۆرتمان پێ دەردەکرد لێرە لە بەرلین تەنیا دوو دانەمان هەبوو، لە فرانکفۆرت سێ دانەمان هەیە.
تۆ دەتوانیت بە دوو ئامێر، تەنانەت ئەگەر بە دوو نۆرەی کاریش (بەیانیان و ئێواران) کار بکەین، رۆژانە تەنیا دەتوانین هەشتا پاسپۆرت دەربکەین، هەشتا پاسپۆرت بۆ ئەو هەموو خەڵکە بەس نییە و زۆر کەمە. لەبەر ئەوە، ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ جەنابی وەزیری دەرەوە، لەگەڵ پەرلەمانتاران و لەگەڵ ئەو وەزیرە بەڕێزانەی سەردانی ئێرەیان دەکرد، قسەمان لەسەر ئەو بابەتە دەکرد کە ئەم پرسە پێویستی بە چارەسەر هەیە. خۆشبەختانە لەم ماوەیەی دواییدا کارەکە بە ئاراستەیەکی زۆر ئەرێنیدا رۆیشت، ئەوە بوو جەنابی وەزیر لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا کە 10 سیستەمی دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ فەرەنسا بنێردرێت، 10 دانەش بۆ سوێد بنێردرێت، 8 دانەی دیکەش بۆ فرانکفۆرت بنێردرێت. واتە ئەمە دەبێتە هۆی بارسووکی و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو گوشارەی لەسەر هاووڵاتیان بوو کەم دەبێتەوە، هەرچەندە لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا نەتوانین بە یەکجاری کێشەکە بنبڕ بکەین، بەڵام قۆناخێکی زۆر گرنگە.
رووداو: کێشەی سیستمی ئەلیکترۆنی و نۆرەگرتنی هاووڵاتیان لە بەرلین و لە فرانکفۆرت ئێستا چارەسەر بووە یاخود چارەسەر دەکرێت؟
عەلی گەڵاڵی: ناتوانین بڵێین بە یەکجاری چارەسەر بووە، چونکە جاری وا هەبووە ئێمە کاتێک سیستەمی ناونووسین و ژووانی پێدانی پاسپۆرت دەکەینەوە، بەتایبەت لە رابردوودا کە مانگانە دەمانکردەوە، لە ماوەی یەک کاژێردا هەمووی دادەخرا. تەنیا بە یەک کاژێر، واتە ئەو ژمارەیەی کە دەمانتوانی لە مانگێکدا دەری بکەین، بۆ نموونە 800 پاسپۆرت، لە ماوەی یەک کاژێردا هەمووی پڕدەبووەوە و تۆمار دەکرا، بەڵام ئێستا بەهۆی کارتی نیشتمانییەوە وادەی وەرگرتنی پاسپۆرت باشترە لە جاران، چونکە زۆربەی خەڵک کارتی نیشتمانییان نییە و ئێستا کێشەی سەرەکیمان بووەتە کارتی نیشتمانی، هەر لەبەر ئەو هۆیەش بوو کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق سیستمی نوێی کارتی نیشتمانی بۆ ناردین بۆ ئەورووپا، چونکە ئێستا خەڵک زیاتر پێویستیان بەوەیە.
رووداو: ئەو کێشانە بەتایبەتی چین کە هاووڵاتیانی عێراق هەیانە، هەم کورد و هەم عەرەب؟
عەلی گەڵاڵی: کێشەکان جۆراوجۆرن. بەڕاستی یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە بەشێک لە هاووڵاتیانی ئێمە هۆشیاری و رۆشنبیریی یاساییان کەمە، بۆ نموونە هاتووە لێرە ژووانی وەرگرتنی پاسپۆرتی تۆمار کردووە، پەنجەمۆری کردووە و پاسپۆرتەکەی دەرچووە، بەڵام سەردانی ماڵپەڕی باڵیۆزخانە ناکات تاوەکو بزانێت ئایا پاسپۆرتەکەی چاپکراوە یاخود نا. یان کێشەیەکی لە مامەڵەکەیدا هەیە و لە ماڵپەڕەکە بۆی نووسراوە: "تکایە سەردان بکە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە تاوەکو پاسپۆرتەکەت بۆ چاپ بکەین"، کەچی ناچێت، ئەمە یەکێکە لە کێشەکانمان. کێشەی دووەممان ئەوەیە هاووڵاتی لێرە هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانی لەڕێگە لێی ون بووە و بەڵگەنامەی رەسەنی پێ نییە، ئێمەش بەبێ بەڵگەنامەی فەرمیی رەسەن ناتوانین کەسێک وەک هاووڵاتیی عێراقی بناسێنین، دەبێت ئەم کەسە بەڵگەیەکی فەرمیی پێبێت کە بیسەلمێنێت عێراقییە.
کێشەیەکی دیکەمان ئەوەیە: کەسێک منداڵێکی لێرە لەدایکدەبێت، تۆمارکردنی ئەم منداڵە بەبێ گرێبەستی هاوسەرگیری ناکرێت، خۆ من بەبێ گرێبەست بە چ بەڵگەیەک بیسەلمێنم ئەمە منداڵی تۆیە؟ بەپێی یاسای عێراق دەبێت ئەو ژن و پیاوە گرێبەستی هاوسەرگیرییان هەبێت تاوەکو بزانرێت بە شێوەیەکی یاسایی هاوسەرگیرییان کردووە. گرفتێکی دیکە ئەوەیە: هاووڵاتی هەیە گرێبەستی هاوسەرگیریی هەیە، بەڵام نازانێت پێناسەی لەدایکبوونی منداڵەکە چۆن لە نەخۆشخانەوە دەربهێنێت، نازانێت کە دەبێت وەریگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی، بە پۆست بینێرێت بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تاوەکو مۆری بکات و پاشان بیهێنێت بۆ باڵیۆزخانە. جاری وا هەیە راستەوخۆ 600 کیلۆمەتری بڕیوە بێ ئەوەی زانیاریی تەواوی هەبێت کە دەبێت چی بکات، دێتە ئێرە و مامەڵەکەی بەڕێوە ناچێت، کە بەڕێوە ناچێت زۆریان وا تێدەگەن کە کارمەندی باڵیۆزخانە دەیەوێت ئاستەنگی بۆ دروست بکات.
لە کاتێکدا کارمەندی باڵیۆزخانە ئەرکی ئەوەیە تێیبگەیەنێت، براکەم، تۆ کارەکەت بە رێکاری یاسایی ئەنجام نەداوە و دەبێت ئەم هەنگاوانە بەپێی یاسا ببڕیت. ئەمە جگە لەوەی کێشەیەکی زۆر سەختی دیکەشمان هەیە: لە سەردەمی رژێمی پێشوودا خەڵکێکی زۆر هاتوون ناوی خۆیان گۆڕیوە. گۆڕینی ناو یەکێکە لەو کێشانەی بە باڵیۆزخانە چارەسەر ناکرێت، ئەگەر هاووڵاتییەک تەنیا ناوی خۆی گۆڕیبێت، دەتوانێت لەڕێگەی دادگاوە لە عێراق یان لە هەرێمی کوردستان داواکاری پێشکەش بکات و ناوەکەی بکاتەوە بەو ناوەی لێرە تۆماری کردووە. بەڵام کەس هەیە ناوی خۆی، ناوی باوکی، ناوی باپیری و تەنانەت نازناوی بنەماڵەکەشی گۆڕیوە، ئەمە ئیتر بە هیچ جۆرێک لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و وەک حکومەتی عێراق ناتوانین هیچ کارێکی بۆ بکەین. من پێشنیازی ئەوەم کردووە کە لەگەڵ حکومەتەکانی ئەورووپا کۆببینەوە و رێککەوتنێک بکەین، بڵێین: ئەم کەسە لێرە ناوی عەبدولڕەحمان محەممەد ساڵحە، بەڵام لە بنەڕەتدا ناوی هاوکار ئەحمەد ساڵحە، ئێمە وەک باڵیۆزخانە بەرپرسیارێتیی یاسایی لە ئەستۆ دەگرین و بەڵگەنامە رەسەنەکانی ئەم کەسە دەدەینە حکومەتی ئەڵمانیا تاوەکو لێرە ناوەکەی بۆ راست بکەنەوە، بەڵام ئایا هاووڵاتییەکە خۆی ئەمە قبووڵ دەکات؟ نەخێر، چونکە لێرەش گرفتی یاسایی بۆ دروست دەبێت، موڵک و ماڵی بەم ناوەوەیە، ژمارەی بانکیی هەیە و سەرجەم مێژوو و بەڵگەنامەکانی لەسەر ئەم ناوە نوێیەیە، بۆیە بۆ ئەوانیش دەبێتە کێشە.
رووداو: کاک عەلی لەڕێگەی رووداوەوە چ پەیامێکتان هەیە بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی روو لە باڵیۆزخانەکانی عێراق دەکەن؟ چۆن خۆیان ئامادە بکەن؟ چ کارئاسانییەک هەیە تاوەکو رووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە نەبنەوە کاتێک دێنە ئێرە و بەڵگەنامەکانیان پێ نییە یاخود تێناگەن بۆچی کارەکانیان بۆ جێبەجێ ناکرێت؟
عەلی گەڵاڵی: هەر هاووڵاتییەک داوای پاسپۆرتی عێراقی بکات، دەبێت کارتی نیشتمانیی پێبێت، هەر کەسێک بێتە ئێرە و کارتی نیشتمانی، پاسپۆرتە کۆنەکەی و مۆڵەتی مانەوەی (ئیقامە) پێبێت، پێویستی بە هیچ بەڵگەنامەیەکی دیکە نییە. ئەگەر کارتی نیشتمانیی نەبێت، دەبێت یان بگەڕێتەوە بۆ عێراق و لەوێ دەریبهێنێت ئەگەر بتوانێت، یاخود دەبێت بچێت لە فرانکفۆرت نۆرە بگرێت، نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی هەیە، بۆ نموونە مانگانە رادەگەیێندرێت کە لە رۆژێکی دیاریکراودا، بۆ نموونە 25ی مانگ، سیستەمی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی لە کاژێر دوازدەوە تاوەکو کاژێر شەشی ئێوارە دەکرێتەوە، هاووڵاتی دەبێت بچێتە ناو سیستمەکە و ناوی خۆی بنووسێت. لە کاتی سەردانەکەشدا دەبێت بەڵگەنامە رەسەنەکانی پێبێت، واتە دەبێت پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقیی رەسەنی پێبێت، چونکە بە وێنەی کۆپیکراو ناکرێت. لەوێ ناوی تۆمار دەکرێت و مامەڵەی کارتی نیشتمانیی بۆ رادەپەڕێنرێت، کاتێک کارتەکەی گەڕایەوە، جارێکی دیکە نۆرەی پاسپۆرت دەگرێت تاوەکو پاسپۆرتی بۆ دەربچێت. ئەمە سەبارەت بە پاسپۆرت. سەبارەت بە پرسی منداڵبوونی لەدەرەوە، هەروەک باسم کرد دەبێت ئەو رێکارە یاساییانە جێبەجێ بکات. سەبارەت بە جۆرێکی دیکەی بەڵگەنامەی گەشت کە پێی دەگوترێت (جواز مرور)، ئەم بەڵگەنامەیە بۆ ئەو کەسەیە کە لێرە پاسپۆرتەکەی ونکردووە، یان دەیەوێت تەنیا بۆ یەکجار بگەڕێتەوە بۆ عێراق، ئەو کەسە بە هەر بەڵگەنامەیەکی فەرمیی عێراقی سەردانمان بکات هیچ گرفتێکمان نییە، پەڕینەوەنامەی بۆ دەردەکەین و دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وڵات و لەوێ بەڵگەنامە فەرمییەکانی تەواو بکات.
رووداو: پرسی کۆچبەران کە پرسێکی زۆر گەرمە لە ئەڵمانیا. لە ماوەی رابردوودا لێکتێگەیشتنێک لە نێوان عێراق و ئەڵمانیادا هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا وەرنەگرتووە و ژمارەیەکیشیان گەڕێندراونەتەوە. تاوەکو ئێستا چەند کەس گەڕێنراونەتەوە و ئایا کەسانی دیکەش دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ عێراق؟
عەلی گەڵاڵی: ئەو بابەتە پەیوەندی بە سیاسەتی گشتیی یەکێتیی ئەورووپاوە هەبوو، نەک تەنیا ئەڵمانیا. ئێمە لە ساڵی 2011ـەوە، وەک چۆن جەنابی وەزیر جارێک لە کۆبوونەوەیەکدا باسی کرد، یەکێتیی ئەورووپا داوا لە عێراق دەکات ئەو هاووڵاتییانەی مافی پەنابەرییان پێ نەدراوە وەربگرینەوە. بەڕاستی ئێمە لە ساڵی 2011ـەوە ئەم بابەتەمان دواخست تاوەکو ساڵی 2022، لە ساڵی 2022دا ئیتر یەکێتیی ئەورووپا بێزار بوون و گوتیان عێراق ئێستا بە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر دادەنرێت و کێشەی ئەمنیی نییە، بۆیە دەبێت هاووڵاتیانی خۆتان وەربگرنەوە. لەو کاتەدا رێزدار جەنابی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی سەردانی ئەڵمانیای کرد و لێرە لێک تێگەیشتنێک لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەڵمانیا واژۆ کرا و لەسەر دوو خاڵ رێککەوتین: خاڵی یەکەم: هەر هاووڵاتییەک کە نەیتوانیبێت دادگاکانی ئەڵمانیا رازی بکات و مافی پەنابەریی پێنەدرابێت، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ عێراق.
دووەم: ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا تاوانیان ئەنجامداوە و لەلایەن دادگاوە سزا دراون، وەربگیرێنەوە. ئێمە تاوەکو ئێستا بەپێی ئەو بڕیارە کار دەکەین، ئەوانەی مافی مانەوەیان نییە و دادگاکانی ئەڵمانیا بە شێوازێکی یاسایی بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ دەردەکەن، ئێمە لە رووی یاساییەوە ناتوانین هیچ رێگرییەکیان لێ بکەین، چونکە ئەمە بڕیاری یاسایی دادگاکانی ئەڵمانیایە و ئێمە بۆمان نییە دەستوەردان بکەین.
رووداو: واتە ئێوە ناتوانن هیچ هاوکارییەکی ئەو کەسانە بکەن کە لەژێر مەترسی دیپۆرتکردنەوەدان و دەیانەوێت لە ئەڵمانیا بمێننەوە؟
عەلی گەڵاڵی: ئێمە لەڕووی یاساییەوە بە هیچ جۆرێک ناتوانین دەستوەردان لەو بابەتەدا بکەین، چونکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هەموو وڵاتێک بۆی هەیە یاساکانی خۆی لەسەر خاکی خۆی جێبەجێ بکات. ئێمە تەنیا لە چەند پرسێکی دیاریکراودا قسەمان لەگەڵ کردوون، بۆ نموونە ئەو کەسانەی باری تەندروستییان زۆر خراپە و ئەگەر بگەڕێندرێنەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت، یاخود ئەو خێزانانەی کە پێمان راگەیاندوون نابێت لە یەکتر داببڕێن و پارچە پارچە بکرێن، بەڵکو دەبێت ئەندامانی خێزان پێکەوە بن، یا هەموویان بگەڕێنەوە یاخود هەموویان بمێننەوە. لە پرسی نەخۆشە مەترسیدارەکان و یەکپارچەیی خێزاندا، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا گوێمان لێ دەگرن و هاوکارمان بوون، ئەمەش لەسەر بنەمای باوەڕی خۆیان بووە، ئێمە وەک داواکارییەکی مرۆیی ئەم داوایەمان پێشکەش کردووە و ئەوانیش هاوکارمان بوون، چونکە بڕیاری کۆتایی لە دەستی ئەواندایە نەک ئێمە.
رووداو: با بێینە سەر پرسی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەڵمانیا. دەتوانین بڵێین ئاراستەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەرلین و بەغدا لەسەر چ بنەمایەکە و بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەو سەردانە چەندە گرنگ بوو؟
عەلی گەڵاڵی: بەڕاستی لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیران لە عێراق، ئێمە پەیوەندیی چڕمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا هەبوو، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ئابووری و گەشەپێدان و لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئەڵمانیا چەندین دانیشتنی پێشوەختەمان ئەنجامدا. ئەوان ئومێدێکی زۆریان بە دەستبەکاربوونی سەرۆکوەزیران هەبوو، چونکە دڵخۆش بوون بەوەی پاشخانێکی دەوڵەمەندی ئابووریی هەیە. لەسەر بانگهێشتی فەرمیی راوێژکاری ئەڵمانیا کە بۆ سەرۆکوەزیرانی ناردبوو، بەڕێزیان سەردانی ئەڵمانیای کرد، هەرچەندە سەردانەکە کورتخایەن بوو، بەڵام زۆر بەسوود و چڕ بوو. ئێمە کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگمان لەگەڵ ژووری بازرگانی بۆ رێکخست و سەرجەم بازرگان و پیشەسازکارە گەورەکانی ئەڵمانیامان کۆکردەوە، سەرۆکوەزیرانیش زۆر دڵخۆش بوو بە دیدارەکە. من پێموایە دەستپێکێکی زۆر روونمان لەگەڵ ئەڵمانیا دەبێت، ئەڵمانیاش ئامادەیی تەواوی تێدایە بەشدارییەکی کارا لە پرۆژەکانی عێراقدا بکات، بەتایبەت لەو بوارانەی کە ئەوان پسپۆڕیی بەرزیان تێدا هەیە.
رووداو: هەروەک هەموومان دەزانین ئەڵمانیا خاوەنی کۆمپانیای زەبەلاحی گەورەیە وەک زیمێنس و چەندانی دیکە. ئێوە وەک باڵیۆزخانەی عێراق چۆن هەوڵ دەدەن هانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بدەن لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؟ هەروەها دەمەوێت بزانم چارەنووسی گرێبەستەکەی نێوان زیمێنس و عێراق چی لێهات؟
عەلی گەڵاڵی: ئەم گرێبەستەی ئەمجارە واژۆ کرا، قۆناخی چوارەمی پڕۆژەکان بوو کە پەیوەندی بە بواری وزە و لە سەرووی هەموویانەوە کەرتی کارەباوە هەیە. زیمێنس ئێستا لە عێراق کار دەکات و کارەکانیش بەرەو پێش دەچن، دڵخۆشین بەوەی لە داهاتووشدا کاری گەورەتر و باشتریش ئەنجام بدات. دەربارەی ئەوەی کە ئێمە چیمان کردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیا بەتواناکانی ئەڵمانیا بچنە عێراق: من هەر ئەمڕۆ چاوم بە وەزیری ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا کەوت، قسەم لەگەڵ کرد و داوەتمان کرد سەردانی عێراق بکات، ئەویش بە خۆشحاڵییەوە گوتی سەردان دەکەم. لە چەند مانگی داهاتوودا بەنیازە سەردانی عێراق بکات، سەردانەکە پێشتریش بەرنامەی بۆ دانرابوو، بەڵام جیا لەوەش ئەو بەڕێزە خۆی لەبەر ئەوەی بە رەچەڵەک عێراقییە، سۆزێکی بۆ عێراق هەیە و حەز دەکات سەردانی بکات. بەشی دووەمی کارەکانمان ئەوەیە کە بڕیارە لەم رۆژانەدا لەگەڵ وەزارەتێکی دیکەش کۆببینەوە، هەندێک پڕۆژەی ستراتیژیمان لە عێراق هەیە تاوەکو باسیان بکەین، بەتایبەت لە بواری وەبەرهێناندا. بواری وەبەرهێنان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر ئەڵمانییەکان بتوانن لەسەر بودجەی خۆیان لە عێراقدا وەبەرهێنان بکەن، هەم بۆ عێراق و هەم بۆ ئەڵمانیا و داهاتووی پەیوەندییەکانمان بایەخێکی گەورەی دەبێت. ئێمە بە بەردەوامی کاری لەسەر دەکەین و پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ ژووری بازرگانی هەیە، بەتایبەت لێرە پاشکۆیەکی بازرگانیمان هەیە کە خاتوونێکی زۆر زیرەک و چالاکە و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ کۆمپانیاکان دروست کردووە، ئومێدەوارین لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمی ئەم هەوڵانە ببینین.
رووداو: زۆر باشە، با پرسیارێکی دیکەشتان لێ بکەم کاک عەلی، ئەویش گرنگە و پەیوەستە بە ئەمڕۆوە کە وادەی فەرمیی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە. دەتوانین بڵێین پەیوەندییە ئەمنییەکانی بەغدا و بەرلین لە چ چوارچێوەیەکدا دەمێننەوە؟ ئایا عێراق داوا لە ئەڵمانیا دەکات هێزەکانی بهێڵێتەوە یاخود هاوکاریی سەربازی پێشکەش بکات؟ ئایا هاوکاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەڵمانیا تاوتوێ کرا؟
عەلی گەڵاڵی: بەڕاستی من لەو کۆبوونەوانەدا نەبووم کە باسی ئەو بابەتە کراوە، بەڵام دەبێت ئێمە دوو خاڵ لێک جیابکەینەوە: قۆناخی یەکەم کە بریتی بوو لە قۆناخی شەڕ و هاوکاریی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا، بە هێزەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیا و سەرجەم وڵاتانی بەشدارەوە، ئەو قۆناخە کۆتایی هات و ئێمە سوپاسیان دەکەین کە هاوکارمان بوون لە تێکشکاندنی تیرۆردا. ئەم قۆناخەی دووەم بریتییە لە قۆناخی ئەوەی کە دەبێت عێراق لەسەر پێیەکانی خۆی رابوەستێت. هێزەکانی عێراق توانای خۆیان هەیە، ئەوەی پێویستە عێراق لەم قۆناخەدا ئەنجامی بدات، یەکخستنی هێزەکانی ناوخۆیەتی. دەبێت عێراق بە تەواوی بیر لە چەسپاندنی ئاسایشی ناوخۆ بکاتەوە، ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەمڕۆی عێراق لە هەموو شتێک گرنگترە و پێم وایە سەرۆکوەزیرانیش لەسەر ئەم بابەتە کار دەکات. خاڵی دووەم، بایەخدانە بە بواری ئابووری بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک، چونکە ئێمە بڕوامان وایە ئابووریی بەهێز ئاسایش و سەقامگیری دروست دەکات، ئەگەر دۆخی دارایی خەڵک باش بێت و بژێوی و ژیانیان ئارام بێت، ئەو کات کەس ناتوانێت هاووڵاتیان بۆ تێکدانی سەقامگیری بەکاربهێنێت.
رووداو: واتە پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و عێراق تەنیا لە چوارچێوەی ئابووریدا دەمێنێتەوە یاخود لە بواری سەربازیشدا ئەڵمانیا دەتوانێت هاوکار بێت؟
عەلی گەڵاڵی: لە بواری سەربازیدا ئەمڕۆ هەموو هێزێکی بیانی دەبێت لە خاکی عێراق بچێتە دەرەوە، کاتی ئەوە هاتووە کە هیچ هێزێکی سەربازیی بیانی لە عێراقدا نەمێنێت. ئەوەی دەمێنێتەوە سوودوەرگرتنە لە بواری راوێژکاری و راهێنان لە هەندێک بواری دیاریکراودا، ئاساییە تۆ لەگەڵ هەر وڵاتێک رێککەوتن بکەیت بۆ سوودوەرگرتن لە پسپۆڕیی راوێژکاری، ئەمەش جیاوازە لەوەی ئەو وڵاتە وەک هێزی سەربازیی چەکدار لەسەر خاکی تۆ بوونی هەبێت.
رووداو: ئەڵمانیا پێگەیەکی زانستیی گەورەی لە جیهاندا هەیە، ئایا باڵیۆزخانەکەتان هیچ بەرنامەیەکی هەیە بۆ رێکخستنی توانای خوێندکارانی باڵا و کەسایەتییە ئەکادیمییە عێراقییەکان لە ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی بتوانرێت لە بوارەکانی پەروەردە و زانست لە عێراقدا سوودیان لێ وەربگیرێت؟
عەلی گەڵاڵی: بێگومان ئێمە لە باڵیۆزخانە بەشێکی تایبەتمان هەیە کە بەشی رۆشنبیری و خوێندنە. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم بەشە ئەوەیە دۆسیەی خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانە دەکاتەوە کە لە زانکۆکانی ئەڵمانیا دەخوێنن، چاودێری دەکات لە چ بوارێکدا دەخوێنن و کاتێک بڕوانامەکانیان بەدەستدەهێنن، دەبێت لێرە لە باڵیۆزخانە پەسندی بکەین و بۆ عێراقیان بنێرینەوە، ئەمە بەشی یەکەمی کارەکەیە. بەشی دووەم ئەوەیە کە ئایا باڵیۆزخانە یان حکومەتی عێراق دەتوانێت سوود لەو توانایانە وەربگرێت؟ بە بڕوای من ئەم بابەتە پەیوەندیی بە بارودۆخی گشتیی عێراقەوە هەیە، ئەگەر رەوشی عێراق بەرەو ئارامیی زیاتر بڕوات و گەشەپێدانی ئابووری بێتە کایەوە، بێگومان هاووڵاتیی عێراقی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی. ئەو کات حکومەتی عێراقیش بە دڵنیاییەوە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لێ دەکات، چونکە وڵات هەمیشە پێی باشترە سوود لە توانای پسپۆڕانی وڵاتی خۆی وەربگرێت لە جیاتی ئەوەی پشت بە دەستی کاری بیانی ببەستێت.
رووداو: زۆر دروستە، ئەی باڵیۆزخانە پەیوەندیی چۆنە لەگەڵ ئەو نەوە نوێیەی کە لێرە لەدایکدەبن؟ چییان بۆ دەکەن، بۆ نموونە هیچ بەرنامەیەکتان هەیە بۆ پاراستنی زمانی دایک و مانەوەی پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتی بنەڕەتیی خۆیان؟
عەلی گەڵاڵی: بەڕاستی ئەوەش یەکێکە لە ئەرکە زۆر گرنگەکانی باڵیۆزخانە، بەڵام با بە راشکاوانە بیڵێم: ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی ئابووریی سەختداین و ئەو پڕۆژانەش پێویستیان بە تەرخانکردنی بودجەی تایبەت هەیە، ئەگەرنا لە پلان و بەرنامەماندا هەیە. بۆ داهاتوو لە بەرنامەماندایە بۆ ئەوانەی خواستیان هەیە و ئامادەییان تێدایە فێری زمانی دایک ببن و لە کولتووری خۆیان دانەبڕێن، کار ئاسانییان بۆ بکەین تاوەکو خۆیان بە بەشێک لەو وڵاتە بزانن، بە لایەنی کەمەوە لەڕووی رۆشنبیری، زمانەوانی و مێژووەوە. ئێمە بەرنامەمان بۆی هەیە و ئومێدەوارین لە داهاتوودا هەنگاوی کرداریی بۆ بنێین.
رووداو: زۆر سوپاس.
عەلی گەڵاڵی: زۆر سوپاس.

