رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل مینیۆ، کۆنسووڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەولێر، لە یەکەمین هەڤپەیڤینیدا دوای دەستبەکاربوونی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، چەندین تەوەری گرنگی پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، دۆسیەی بەرگری، پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی، ڤیزە و دۆخی رۆژئاوای کوردستان خستەڕوو.
کۆنسووڵی فەرەنسا گوتی، کار لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان پاریس و هەولێردا دەکرێت و گوتی: "پێموایە ئەوە بابەتێک بوو کە لە کاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس گفتوگۆی لەسەر کرا. ئێمە کار لەسەر هەولێریش دەکەین و ژمارەیەکی باش لە گەشتیاران هەن کە دەیانەوێت لە رێگەی هەولێرەوە گەشت بکەن، بەڵام هەندێک ناڕوونی لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بووەتە هۆی دواکەوتنی."
رێککەوتنی بەرگری و پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە پەیوەندییە سەربازییەکان لە قۆناخی دوای کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، مینیۆ بە رووداوی گوت، فەرەنسا وەک هاوسەنگەر لە پێشمەرگە دەڕوانێت و هەردوولا هەنگاو بەرەو رێککەوتنێکی نوێی هاوئاهەنگیی بەرگری دەنێن.
کۆنسووڵی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە زۆر بەباشی ئاگادارین کە کوردستان و عێراق ئاڵنگاریی بەرگریی ئاسمانییان هەیە. فەرەنسا راداری زۆر پێشکەوتووی رادەستی عێراق کردووە، کە ئەمەش بەشدار دەبێت لە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستاندا."
لەبارەی هەڕەشەکانی داعش کۆنسووڵی فەرەنسا گوتی: "متمانەی تەواومان بە تواناکانی پێشمەرگە و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەیە کە دەتوانن رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببنەوە."
پەیامی فەرەنسا بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم
لە دۆسیەی نێوخۆیی هەرێمی کوردستاندا، ئیمانوێل مینیۆ هانی پارتە سیاسییەکان دەدات پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا بکەن و گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ بەرپرسانی کورد ئەوەیە کە هانی هەردوولا دەدەین بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی راستەقینە. لە بەرژەوەندیی کوردستاندایە سیستمێکی سیاسیی بەهێزی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان ببێتەوە."
ڤیزە و بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی
لە پرسی ڤیزە و کۆچدا، کۆنسووڵی فەرەنسا رایگەیاند، ساڵانە نزیکەی 20 هەزار داواکاریی ڤیزە پێشکێشی کۆنسووڵخانەکەیان لە هەولێر دەکرێت، لەو ژمارەیەش نیوەیان ڤیزە وەردەگرن.
مینیۆ هۆشداریشی لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی و تۆڕەکانی تاوانی رێکخراو لەسەر گیانی گەنجان دا و رایگەیاند: "هاوئاهەنگییەکی زۆر باشی پۆلیسی و دادوەریمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ئەوەی هیچ کەسێک لە سزا دەربازی نەبێت؛ تەنانەت لە مانگی ئەیلوولەوە لە کۆنسووڵخانەکەمان لە هەولێر پۆستێکی تایبەتمان بۆ بەدواداوچوونی تاوانی رێکخراو و کۆچی نایاسایی تەرخان کردووە."
ئابووری و کۆڕبەندی بازرگانی لە هەولێر
مینیۆ باسی لەوە کرد، کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستان خاوەنی دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنانە و پلانیان هەیە ساڵی داهاتوو کۆڕبەندێکی بازرگانی لە هەولێر بۆ خاوەنکار و کۆمپانیا فەرەنسییەکان رێکبخەن، هەروەها هەفتەی داهاتووش شاندێکی پسپۆڕ لە بواری تەندروستی و دەرمانسازی سەردانی هەولێر دەکات.
دۆخی سووریا و مافەکانی کورد
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان و دۆخی سووریا، کۆنسووڵی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی لە مافەکانی گەلی کورد دەکات و ئاماژەی بەوە کرد: "ژەنەراڵ مەزڵووم پێگەیەکی فەرمیی لە دیمەشق هەیە و دەتوانێت لەبارەی مافەکانەوە لەگەڵ سەرۆک شەرع گفتوگۆ بکات، ئێستاش باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئارامە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەدایە."
کەپەنک و براندی لوی ڤیتۆن
مینیۆ ئاماژەی بە پرسی بەکارهێنانی نەخشی (کەپەنک/فەرەنجی)ـی کوردی لەلایەن براندی فەرەنسیی (لوی ڤیتۆن) کرد و گوتی: "دیزاینەرانی جلوبەرگ ئیلهام لە یەکدی وەردەگرن، بەڵام پێموایە ئاماژەکردن بە مێژوو و نەریتە کوردییەکان شتێکی ئاسایی و پێویست دەبوو؛ دیزاینەری نایاب لە کوردستان هەن و خۆشحاڵ دەبم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم هاوئاهەنگییە چاوم بە خاتوو لارا دزەیی بکەوێت."
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: دکتۆر ئیمانوێل مینیۆ، زۆر سوپاس کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵمانیت.
ئیمانوێل مینیۆ: زۆر سوپاس بۆ ئێوە.
رووداو: بەخێرهاتنت دەکەم بۆ هەولێر. وابزانم مانگێک لەمەوبەر دەستبەرکاربووی، راستە؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ راستە، رێک مانگێک لەمەوبەر.
رووداو: زۆر بەخێربێیت بۆ ئێرە و هیوای بەختێکی باشت بۆ دەخوازم لە ئەرکەکەتدا. پرسیاری زۆرم بۆت هەیە. دەمەوێت بەوە دەستپێبکەم کە بۆچی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆمان لە هەولێرەوە بۆ پاریس نییە؟ لە کاتێکدا گەشتی راستەوخۆمان بۆ هەندێک شار و وڵاتی دیکەی ئەورووپا هەیە.
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، منیش بە پەرۆشم بۆ ئەو گەشتانە و کاری لەسەر دەکەین. پێموایە ئەوە بابەتێک بوو کە مانگێک پێش ئێستاش کاتێک سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پاریس بوو، گفتوگۆی لەسەر کرا. بۆیە هیوادارم لە داهاتوودا ئەو گەشتانەمان هەبن.
رووداو: ئەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش دەگرێتەوە، یان تەنیا لەنێوان بەغدا و...
ئیمانوێل مینیۆ: نەخێر، نەخێر، بێگومان ئێمە کار لەسەر هەولێریش دەکەین. پێموایە ژمارەیەکی باش لە گەشتیاران هەن کە دەیانەوێت لە رێگەی هەولێرەوە گەشت بکەن.
رووداو: پێموایە پێشتریش پلانێک بۆ گەشتی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و پاریس هەبوو، بەڵام دواتر سەری نەگرت.
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، پێموایە ئێستا کەمێک ناڕوونی لەبارەی دۆخی ئەمنییەوە هەیە؛ ئایا شەپۆلێکی دیکەی بۆردوومان لەنێوان ئەمریکا و ئێران روودەدات یان نا، بەداخەوە ئەمەش کاریگەریی خۆی هەیە.
رووداو: کۆنسووڵی پێش خۆت لە هەرێمی کوردستان زۆر چالاک بوو، پێموایە رەنگە پێوەرێکی بەرزی بۆ تۆ جێهێشتبێت.
ئیمانوێل مینیۆ: زۆر باشە.
رووداو: ئەو زۆر تێکەڵی پرۆژەکان بوو، هەمیشە لە هەموو شتێکدا چالاک بوو و هەڤپەیڤینیشمان لەگەڵدا کرد. ئەو پرۆژانە چین کە دەتەوێت بەردەوامییان پێ بدەیت یان سەرلەنوێ لە هەولێر و بەگشتی لە هەرێمی کوردستان دەستیان پێ بکەیت؟
ئیمانوێل مینیۆ: دیپلۆماتەکانی فەرەنسا بەگشتی چالاکن، ئەوە بنەمایەکی گشتییە. من نەهاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی لەلای مەلەوانگەی هۆتێل رۆتانا پاڵی لێبدەمەوە؛ من هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی کار بکەم و کاری کۆنکرێتی و کردەیی پێشکێش بکەم. بۆیە بەڕاستی دەمەوێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکان زۆر بەرەو پێشەوە ببەم، دەمەوێت پێت بڵێم کە زۆر دڵخۆش بووم بەو پێشوازییە گەرمەی لێرە لەلایەن هەموو بەرپرسانی کورد و هەروەها لەلایەن خەڵکیشەوە لێم کرا.
رووداو: پێش ئەوەی بچینە ناو باسە سیاسییەکان، دەمەوێت چەند شتێک بپرسم. خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تایبەتیان لەگەڵ فەرەنسا، ئەمریکا و زۆر لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا هەیە کە لە مێژوودا هاوپەیمانی ئێمە بوون. هەروەها خواست و خولیا لای گەنجان و خوێندکارانی کوردەوە هەیە؛ بۆ نموونە یەکێک لە خولیاکانیان خوێندنە لە فەرەنسا، کە چەندین زانکۆی زۆر باشتان لەوێ هەیە. ئایا ئێستا هیچ جۆرە زەماڵە و پاڵپشتییەک پێشکێش دەکەن بۆ ئەو خوێندکارانەی دەیانەوێت خوێندنی باڵا یان تەنانەت خوێندنی زانکۆ لەوێ تەواو بکەن؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. ئەمە رەهەندێکی زۆر گرنگی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانە. ئێستا نزیکەی 50 خوێندکاری کوردمان لە فەرەنسا هەیە، کە ئەمە بەس نییە و کار دەکەین بۆ ئەوەی ژمارەکە زیاد بکەین. هاوبەشییەکی زۆر سەرنجڕاکێش لەنێوان زانکۆی کوردستان-هەولێر (UKH) و پەیمانگەی (Sciences Po) هەیە کە رێگە بە خوێندکارانی کوردستان دەدات لە فەرەنسا بخوێنن، بەڵام دەتوانین کاری زیاتریش بکەین.
رووداو: ئایا ئەو 50 خوێندکارەی باست کردن لەسەر زەماڵەی حکومەتی فەرەنسان یان بە شێوازێکی دیکەیە؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، هەندێکیان لەسەر زەماڵەن.
رووداو: پلانتان هەیە ژمارەکە زیاد بکەن؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، لێرە لە کۆنسووڵخانە و لە پەیمانگەی فەرەنسی کەسێکی تایبەتمان بۆ ئەو کارە تەرخان کردووە و ئەو دامەزراوەیەش کە بەرپرسە لێی ناوی (Campus France)ـە.
رووداو: ئێوە پرۆژەشتان بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان و شوێنە کولتووری و مێژووییەکان هەیە، کە لە بەغدا و مووسڵ ئەو جۆرە کارانەتان هەیە. پرۆژەکانتان بۆ هەرێمی کوردستان چین؟ چونکە ئێمەش چەندین شوێنی گرنگمان هەیە کە پێویستیان بە پاراستن و گرنگیپێدانە.
ئیمانوێل مینیۆ: ئێمە لێرە لە بواری شوێنەوارناسیدا زۆر چالاک بووین. ئێستا پێنج تیمی شوێنەوارناسیمان لە کوردستان هەیە. ئێمە چەندین ساڵە لە بواری شوێنەوارناسیدا هاوکارین بۆ ناساندن و دەرخستنی ئەم میراتە یەکجار ناوازەیەی کە لێرە لە کوردستان دەیدۆزیتەوە.
رووداو: ئێستا ئەو تیمانە لە کوێن؟
ئیمانوێل مینیۆ: ئەوان لە شوێنی جیاوازن. هەندێکیان لێرەن لە هەولێر؛ هەندێکیان لەسەر قەڵا کاریان کردووە بۆ ئەوەی بزانن لەبارەی مێژووی دێرینی ئەم شوێنەی کە ئێستا ئێمەی لێین، چی دەدۆزنەوە. هەندێکیان لە نزیک ناوشارن و هەندێکیشیان لە شوێنەکانی دیکەی دەوروبەری سلێمانی و لە پارێزگای دهۆکن.
رووداو: ئێمە ئێستا لێرە لەسەر قەڵا وەستاوین، کە یەکێکە لە کۆنترین ئەو شوێنانەی مرۆڤ لەسەر زەوی تێیدا ژیاوە. باسی ئەو پرۆژانەم بۆ بکە کە دەتەوێت بۆ ئەم شوێنەی بکەیت، چونکە پێموایە نێردە و نوێنەرانی پێشووی فەرەنساش گرنگییان بەم شوێنە داوە.
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، ئێرە شوێنێکی تەواو بێهاوتایە لە مێژوودا بەو مێژووە هەزاران ساڵەیەی کە ئاماژەت پێدا و دەگەڕێتەوە بۆ 6000 ساڵ پێش ئێستا. بۆیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی وەک یونسکۆ و هەروەها کۆمسیۆنی بووژاندنەوەی قەڵای هەولێر بۆ ناساندنی مێژووی قەڵاکە کار بکەین. هەروەها لێرە پەیمانگەی فەرەنسیمان هەیە لەناو باڵەخانەیەکی جواندا، کە کەمێکی دیکە دەتوانین بیبینین.
رووداو: بابەتێکی مشتومڕاوی هەیە کە پێموایە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، ئەگەر هەڵە نەبم، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە. دیزاینی براندێکی زۆر بەنێوبانگی فەرەنسی هەبوو کە لوی ڤیتۆن (Louis Vuitton) بوو؛ هەموومان لێرە دەیناسین و وای لێهاتووە وەک دەستکەوتێک سەیر دەکرێت کە بتوانیت لوی ڤیتۆن لەبەر بکەیت یان بۆنەکانی بەکاربهێنیت، لە راستیدا زۆرمان خۆشدەوێت. بەڵام دیزاینێک هەبوو کە مشتومڕێکی یەکجار گەورەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نایەوە، پێموایە تیکتۆک بۆ چەند کاژێرێک ناوی کوردستانی بلۆک کرد چونکە کۆمێنتەکانی وەک گوتاری رق و کینە هەژمار کردبوو، دواتر لەسەر تیکتۆک گەڕاینەوە. دیزاینەکە پۆشاکێکی کوردی بوو کە پیاوان بەزۆری لە گوندەکان، بەتایبەتی لە ناوچەی هەورامان و ناوچە شاخاوییەکانی دیکە دەیپۆشن و ئێمە پێی دەڵێین "کەپەنک" یان "فەرەنجی". قسە لەسەر ئەوە بوو کە لوی ڤیتۆن ئیلهامی لەم نەخشە کولتووری و مێژووییە رەسەنە وەرگرتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کە سەرچاوەی ئیلهامەکەی لە کوێوە وەرگرتووە. دواتریش وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان داوای روونکردنەوەی کرد و پرسەکەیان جووڵاند. ئێوە لەم بارەیەوە چیتان کرد و رای خۆت لەسەر ئەمە چییە؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، گوێبیستی ئەو گفتوگۆیە بووم و پێموایە گفتوگۆیەکە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت. پێموایە دیزاینەران کاتێک شتێک دادەهێنن، سەرچاوەی زۆر لە مێشکیاندا هەیە؛ هەندێک جار زۆر لەمێژە شتێکیان بینیوە، بۆیە رەنگە سەرنجیان نەدابێت. پێموایە ئاماژەکردن بە مێژوو و نەریتە کوردییەکان شتێکی ئاسایی دەبوو. دەزانم کە ئێوە دیزاینەری نایابتان هەیە و خۆشحاڵ دەبم چاوم بە خاتوو لارا دزەیی بکەوێت بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەو ئیلهامبەخشینە بکەین.
رووداو: کەواتە ئەمە بانگهێشتنامەیەکە بۆ خاتوو لارا دزەیی کە ئامادەیت قسەی لەگەڵدا بکەیت لەبارەی هاوکاریی نێوان...
ئیمانوێل مینیۆ: بە دڵنیاییەوە، ئەوە بیرۆکەیەکی زۆر باش دەبێت.
رووداو: پێموایە دەرفەتێکی باش دەبێت، چونکە زۆر لە دیزاینەرانی کولتووریش بە هەمان شێوە ئیلهام لە جلوبەرگ و ئەو مێژووەی فەرەنسا لە نەخشی جلوبەرگدا هەیەتی وەردەگرن. هەروەها دیزاینەران و براندە فەرەنسییەکان و براندە ئەورووپییەکانی دیکەش ئیلهامێکی زۆریان لە کولتووری ئێمە و کولتوورەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەرگرتووە. بۆیە پێموایە ئەگەر هاوئاهەنگییەکە روون بێت، رەنگە ئەنجامەکان زۆر باشتریش بن.
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. دیزاینەرانی جلوبەرگ ئیلهام لە یەکدی وەردەگرن، پێموایە شتێکی باشیشە کە نەریتە کوردییەکان ببنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ جلوبەرگ جیهانی بە مەبەستی ناساندنی دیزاین و نەخشە رەسەنەکانی کولتووری کوردی.
رووداو: زۆر باشە بەڕێز ئیمانوێل، دەچینە ژوورەوە بۆ ئەوەی دابنیشین و گفتوگۆیەکی جیدیتر بکەین.
ئیمانوێل مینیۆ: بە خۆشحاڵییەوە، سوپاس.
رووداو: بەخێربێیت، ئێرە کە لێی دانیشتووین شوێنێکی زۆر جوانە، بەڵام وا دەخوازێت پرسیاری جیدیتر بکەین. با بەوە دەستپێبکەین کە لە ماوەی کارکردنتدا پلانت چییە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان، کە هەر لە زووەوە پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبووە؟ لە سەردەمی کارکردنی خۆتدا چ پلانێکت هەیە؟
ئیمانوێل مینیۆ: سەرەتا با بڵێم کە زۆر دڵخۆش بووم بەو پێشوازییە گەرمەی لەلایەن هەموو بەرپرسانی کورد و خەڵکیشەوە لێرە لێم کرا. پێموایە ئەو شوێنەی کە ئێستا لێین، ئەم تەلارە کەلەپوورییە جوانەی ناو قەڵا کە ئێستا پەیمانگەی فەرەنسی بۆ رۆژهەڵاتی نزیک لەخۆدەگرێت و زۆر سەرنج دەخەنە سەر توێژینەوە شوێنەوارناسییەکان، ئاماژەیەکی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان کوردستان و فەرەنسایە کە لە ساڵانی شەستەکانەوە رەگ و ریشەیەکی قووڵی لە مێژوودا هەیە. ئێمە چەندین دەیەیە دۆستی یەکدین، دەتوانم بڵێم زیاتر لە دۆستیش؛ ئێمە هاوسەنگەر بووین و هێشتاش هاوسەنگەرین. پێکەوە دژی داعش جەنگاین و پێموایە ئەوە ئاستێکی زۆر بەرزی متمانەی دروست کرد، بەڕاستی ئامانجی من وەک کۆنسووڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەولێر بریتی دەبێت لە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە متمانەپێکراوە.
رووداو: ئایا هیچ سیاسەتێکی نوێی دیاریکراو هەیە بۆ ئەرکەکەت لێرە لەم ساڵدا یان لە ماوەی مانەوەتدا؟ یان بەدیاریکراوی لە کارەکانی پێشوو کامیان دەخەیتە پێشینەی کارەکانت؟
ئیمانوێل مینیۆ: هەندێک بوار هەن کە دەتوانین زیاتر پەرەیان پێ بدەین. بێگومان ئابووری یەکێکە لەو بوارانەی کە بەڕاستی سەرسام بووم کاتێک ئەو جووڵەیەی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستانم بینی. بۆیە پێموایە توانایەکی یەکجار گەورە لە کەرتی ئابووریدا هەیە کە تاوەکو ئێستا وەبەرهێنانی تێدا نەکراوە. دوو ساڵ پێش ئێستا کۆڕبەندێکی زۆر باشی بازرگانیمان لە پاریس هەبوو، ئێستاش پێموایە پێویستە لێرە کۆڕبەندێک رێکبخەین و خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی فەرەنسی بهێنینە ئێرە.
رووداو: زۆر باشە. دوای کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، قسەیەک هەیە کە رەنگە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاش وەک پێشتر بەشدار نەبن یان بەتایبەتی گرنگی بە کوردستان نەدەن. بەڵام دەتوانیت پێمان بڵێیت پرۆژەکانی فەرەنسا چی دەبن و فەرەنسا لەسەر چی بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە تەنانەت دوای کشانەوەی هاوپەیمانانیش؟
ئیمانوێل مینیۆ: فەرەنسا وەک جەمسەرێکی سەقامگیری و ئاسایش لە کوردستان دەڕوانێت، پێموایە ئەمە بۆ تەواوی ناوچەکە زۆر گرنگە. نێوەڕاستی مانگی ئەیلوول سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پاریس بوو؛ لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن گفتوگۆ لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا کرا. بیرۆکەکە ئێستا ئەوەیە کە هەنگاو بەرەو رێککەوتنێکی نوێی هاوئاهەنگیی بەرگری بنێین کە یارمەتیمان بدات، بە کوردستانیشەوە، رووبەڕووی ئاڵنگارییە ئەمنییە نوێیەکانی دوای 30ی ئەیلوول ببینەوە.
رووداو: دەتوانیت پێمان بڵێیت ئەو رێککەوتنەی نێوان ئێوە و حکومەتی عێراق لەبارەی بەرگری و بەتایبەتی بەرگریی ئاسمانییەوە چی لەخۆدەگرێت؟ چونکە ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی هاوپەیمانان، ئەمە بابەتێکی زۆر گەورەیە؛ هەموو کەس قسەی لەسەر دەکات و مشتومڕێکی زۆر گەرمە. چۆن عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن خۆیان بپارێزن، بەتایبەتی لە هەڕەشە ئاسمانییەکان؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، ئێمە زۆر بەباشی ئاگادارین کە کوردستان ئاڵنگاریی بەرگریی ئاسمانیی هەیە، ئەوە ئاڵنگاریی عێراقیشە. ئێمە لەگەڵ عێراق لە هاوئاهەنگیداین؛ لە دیداری مێریدا ئاماژەی پێکرا کە فەرەنسا راداری زۆر پێشکەوتوو و کارای رادەستی عێراق کردووە، کە ئەمەش بەشدار دەبێت لە پاراستنی کوردستاندا. هێزی ئاسمانیی عێراق لە رابردوودا هاوئاهەنگییەکی باشی لەگەڵ فەرەنسا هەبوو، بۆیە بیرۆکەکە زیندووکردنەوەی ئەو جۆرە هاوئاهەنگییەیە لەپێناو ئاسایشی عێراقدا. ئێمە زۆر پابەندین بەمەوە و ئامانجێکی راستەقینەی سەرۆک ماکرۆنە کە سەروەریی عێراق بەهێز بکات.
رووداو: کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە چۆن سوود لەم رێککەوتنە وەردەگرن؟
ئیمانوێل مینیۆ: ئێمە پەیوەندییەکی جێگیری درێژخایەنمان لەگەڵ پێشمەرگەدا هەیە. وەک گوتم، ئێمە هاوسەنگەرین و لە ساڵی 2014ـەوە پێکەوە دژی داعش جەنگاوین، ئەمە پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی دروست کردووە. بۆیە پێویستە جۆرێکی نوێی هاوئاهەنگی دابڕێژین بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەڕەشەکان ببینەوە بەو شێوەیەی کە ئێستا هەن.
رووداو: فەرەنسا چۆن دەڕوانێتە چالاکی و رووداوەکانی ئێستای داعش و شانە نووستووەکانی، بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک کە لە رۆژان و هەفتە و مانگەکانی رابردوودا زۆرترین رووداوی تێدا تۆمار کراوە؟ بەگشتی چۆن دەڕواننە هەڕەشەکانی داعش لە سووریا و عێراق، بەتایبەتیش لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک؟
ئیمانوێل مینیۆ: ئێمە زۆر لە نزیکەوە سەرنجمان لەسەریەتی بۆ ئەوەی چاودێریی بکەین کە چۆن پەرەدەسێنێت. بەڵام دەبێت بڵێم کە ئێمە زۆر متمانەمان بەوە هەیە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە توانای ئەوەیان هەیە بە پلەی یەکەم رووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییە ببنەوە؛ پێموایە ئەوان تواناکانی خۆیان سەلماندووە. هەروەها لەگەڵ ناوچە کوردییەکانی سووریاش لەبارەی ئەم ئاڵنگارییانەوە لە گفتوگۆداین.
رووداو: وەک ئاماژەت پێدا، فەرەنسا هەر لە کۆنەوە هاوپەیمانێکی زۆر بەهێز و باشی هەرێمی کوردستان، گەلی کورد و کەسایەتییەکانی کورد بووە بەگشتی. تەنانەت لە کاتی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان، فەرەنسا جۆرێک لە نێوەندگیریی لەنێوان هەردوو پارتەکەدا کرد بۆ ئەوەی کۆببنەوە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە. ئێستا دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا حکومەت پێکنەهێنراوە و پەرلەمانی کوردستانیش هێشتا کارا نەکراوەتەوە. ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نێوەندگیری لەنێوان هەردوو پارتەکەدا بکەن و هانی هەردوولا بدەن بۆ پێکهێنانی حکومەت؟
ئیمانوێل مینیۆ: بە دڵنیاییەوە، ئێمە هانی هەردوولا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوبەشی راستەقینە دەدەین. لە بەرژەوەندیی کوردستاندایە کە سیستمێکی سیاسیی بەهێزی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، ئەمە بە دڵنیاییەوە ئەو پەیامەیە کە دەیدەینە بەرپرسانی کورد.
رووداو: ئایا هیچ داواکاری یان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەم بارەیەوە کراوە، یان پەیامی تایبەتی فەرەنسا لەسەر ئەم بابەتە چییە؟
ئیمانوێل مینیۆ: پێمان وایە لە بەرژەوەندیی کوردستاندایە کە ئەو دیالۆگەی ئێستا لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بەردەوامە، بە ئاراستەی پێکهێنانی حکومەتێکی تۆکمە ئەنجامی هەبێت کە بتوانێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی وڵات ببێتەوە، ئێمە زۆر پاڵپشتیی ئەوە دەکەین.
رووداو: کۆچ هێشتا یەکێکە لەو دۆسیانەی کە لە تەواوی جیهاندا مشتومڕێکی یەکجار زۆری لەسەرە، نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یان هەرێمی کوردستان و عێراق. فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەورووپییانەی کە پێشوازی لە کۆچبەرێکی زۆر دەکات، بەتایبەتی لە ناوچەکەی ئێمە و عێراق و دەوروبەریەوە. چەند کەیسێک لە دادگەی پاریس و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش هەبوون کە تێیاندا قاچاخچییانی مرۆڤ لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کرا و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا، پێموایە هێشتا کەیسی دیکەش لەبەردەستدان. هاوئاهەنگیی نێوان سیستمە ئەمنی و دادوەرییەکانی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە چۆن بەڕێوەدەچێت؟ جۆری ئەو هاوئاهەنگییە چییە کە پێکەوە هەتانە بۆ رێگریکردن لە قاچاخچییانی مرۆڤ تاوەکو لە رێگەی رێڕەوە نایاساییەکانی کۆچکردنەوە ژیانی خەڵک نەخەنە مەترسییەوە؟
ئیمانوێل مینیۆ: بێگومان کۆچی نایاسایی بابەتێکی زۆر گرنگە کە نەک تەنیا لە فەرەنسا، بەڵکو لە ئەورووپا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت؛ واتە لە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە، کە هەندێک جار مشتومڕی زۆر تووند و کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە. بۆیە پێویستە رووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببینەوە. چیرۆکی تراژیدیی زۆر لەبارەی کۆچی نایاساییەوە هەن؛ ئەو چیرۆکە دڵتەزێنەی نقوومبوونی بەلەمێک لە نۆکەندی ئینگلیز لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیادا لە ساڵی 2001 هەبوو، کە لێرە سۆز و کاردانەوەیەکی زۆری جووڵاند.
رووداو: 2021.
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە. بۆیە دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ رێگریکردن لەم جۆرە کارەساتانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە هاوئاهەنگییەکی زۆر باشی پۆلیسی و دادوەریمان لەگەڵ بەرپرسانی کورد پەرەپێداوە، کە دەتوانم بڵێم بەرهەمی هەبووە.
رووداو: کەواتە پەیوەندیی راستەوخۆ لەنێوان هەردوولادا هەیە.
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، پەیوەندیی راستەوخۆ هەیە، لە مانگی ئەیلوولەوە پۆستێکی نوێمان لێرە لە کۆنسووڵخانەی گشتی لە هەولێر کردووەتەوە کە تایبەتە بە تاوان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو و کۆچی نایاسایی. بەڕاستی بابەتێکە کە پێموایە دەتوانین تێیدا بەردەوام بین لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان.
رووداو: وەک ئەندامێکی یەکێتیی ئەورووپا و یەکێک لەو وڵاتە ئەورووپییانەی کە هاوپەیمانی ئەم ناوچەیە و گەلی ئێمەن، لەبارەی پرسی کۆچەوە؛ ئایا ئامانجی وڵاتانی ئەورووپا ئەوەیە کۆچبەری کەمتر وەربگرن، یان ئەوەیە بە سەلامەتی بیانپارێزن و رێگە نەدەن تووشی ئەو مەترسییانە ببنەوە کە بەسەریان دێت؟ ئامانجی یەکێتیی ئەورووپا لە کوێدایە و چۆن هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنییە خۆجێییانە دەکەن کە باسمان کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی کۆچبەران؟ چونکە هێشتا کەسانێکمان هەن کە بێسەروشوێنن؛ گەشتیان کردووە و نەگەیشتوونەتە هیچ شوێنێک، هیچ هەواڵێکیان نییە و خێزانەکانیان هێشتا چاوەڕێی وەڵامن. وەک یەکێک لەو وڵاتە ئەورووپییانەی کە زۆربەی خەڵک هەوڵ دەدەن کۆچی بۆ بکەن یان پێیدا تێپەڕن، چۆن ئەمە رووندەکەیتەوە؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، لێرەدا سێ خاڵ هەن. یەکەم، پێویستە بزانین کە کۆچبەری یاسایی و کۆچبەری نایاساییمان هەیە. کۆچبەری یاسایی کێشە نییە؛ لە کۆنسووڵخانەی گشتی هەموو ساڵێک 20 هەزار داواکاریی ڤیزەمان هەیە.
رووداو: هەموو ساڵێک؟
ئیمانوێل مینیۆ: هەموو ساڵێک.
رووداو: 20 هەزار.
ئیمانوێل مینیۆ: بۆیە ئەوە کارێکی یەکجار گەورەیە، دەتوانم بڵێم نزیکەی نیوەیان ڤیزە وەردەگرن. ئەمە بەو مانایەیە کە کۆچی یاسایی هەیە؛ هەمووجارێکیش بۆ کۆچکردن نییە، خەڵک بۆ گەشتیاری، بازرگانی، کارکردن یان سەردانکردنی خزم و کەسوکاریان دەچن، ئەوە کێشە نییە. کێشەکە لەسەر کۆچی نایاساییە. خاڵی دووەمم ئەوەیە کە ئەمە دۆخێکی زۆر سەخت لە ئەورووپا دروست دەکات کە تێیدا ناچارین دژی ئەم کۆچە نایاساییە بجەنگین. پێموایە ئەمە کارەسات لەنێو خێزانە کوردەکانیشدا لێرە دروست دەکات، چونکە کەسانێک هەن دیار نامێنن و دەکەونە داوی باندەکانی تاوانی رێکخراو، چ تاوانی رێکخراو لە ئەورووپا بێت یان لێرە. بۆیە ئەوە شتێکە کە بەڕاستی دەبێت چارەسەری بکەین. پێموایە تاوانی رێکخراو زیاتر و زیاتر دەبێت؛ کۆچبەران بارمتە دەگیرێن و بۆ ئازادکردنیان داوای پارە دەکرێ، دەکرێنە کۆیلە و لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، کە ئەمەش کارەساتێکی مرۆییە. بۆیە دەبێت هاوکاری بکەین کە ئەمەش خاڵی سێیەممە؛ پۆلیس و دادگای هەردوو وڵات هەر ئێستا لە هاوئاهەنگیدان، دەتوانین کاری زیاتر بکەین و شتێکی رێکخراوترمان هەبێت.
رووداو: یەکێک لەو بەشانەی کە پێویستە بکرێت، هۆشیارکردنەوەیە. رەنگە خەڵک هێشتا باوەڕیان وابێت کە رێگە نایاساییەکان سەلامەتن یان سەرەڕای هەموو ئەو کەیسە مەترسیدارانەی هەموو رۆژێک لە هەواڵەکاندا دەیانبیستین، هێشتا بیر لە رۆیشتن بکەنەوە. بۆیە هۆشیارکردنەوەش بەشێکە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت. لەبارەی رێککەوتنەکانتان لەگەڵ فەرمانگەکانی داد و وەزارەتەکانی داد لێرە، بەتایبەتی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان؛ رێککەوتنی نێوان هەردوولا بە کوێ گەیشتووە؟ بە وردەکارییەوە چی لەخۆدەگرێت و بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە پلانتان چییە، لەمەودوا چۆن کار لەسەر دۆسیەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە بکەن؟
ئیمانوێل مینیۆ: ئێمە هاوئاهەنگیمان دەستپێکردووە. ناتوانم بچمە ناو وردەکاریی زۆرەوە، بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بابەتێکە بەرژەوەندیی هاوبەشی تێدایە. نامەوێت بە ناوی بەرپرسانی کوردەوە قسە بکەم، بەڵام گرنگە هەردوولا، فەرەنسا و کوردستان، پێشانی بدەن کە هیچ دەربازبوونێک لە سزا نییە، ناکرێت لە وڵاتێک تاوان بکەیت و لە وڵاتەکەی دیکە دۆسیەی یاساییت لەسەر نەبێت.
رووداو: زۆر باشە، با بچینە سەر بابەتەکانی دیکە کە دەمانەوێت گفتوگۆیان لەسەر بکەین. ئاماژەت بە چەند شتێک دا کە دەمەوێت زیاتر لەبارەیانەوە بپرسم. پێش هەموو شتێک، داواکارییەکانی ڤیزە؛ ئاماژەت بە ژمارەیەکی زۆر گەورە کرد کە 20 هەزار داواکاریی ڤیزەیە لە کۆنسووڵخانەکەتان لە هەولێر، وایە؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ.
رووداو: گوتت نزیکەی چەندیان رەزامەندییان پێ دەدرێت؟
ئیمانوێل مینیۆ: کەمێک زیاتر لە نیوەیان.
رووداو: خەڵک هەمیشە پرسیار لەبارەی داواکارییەکانی ڤیزەوە دەکەن. ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە رێکارەکاندا کراوە؟ ئاسانتر کراوە یان قورستر؟ دۆخەکە ئێستا چۆنە؟
ئیمانوێل مینیۆ: لەڕاستیدا من لەسەر ئەم بابەتە تووند نیم. مەبەستم ئەوەیە ئەو کەسانەی بەڕاستی هۆکار و دۆسیەیەکی بەهێزیان بۆ وەرگرتنی ڤیزە هەیە، پێویستە ڤیزە وەربگرن و چەند پێوەرێکیش بۆ ئەوە هەن. رێکارەکان بەپێی پێویست روونن؛ ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەگەر بەڕاستی پێویستت بە وادەی چاوپێکەوتن بێت بۆ ڤیزە، بەدەستی بهێنیت.
رووداو: زۆر باشە، هەروەها باسمان لەوە کرد کە گرنگی بە پرۆژە ئابوورییەکان دەدەیت. چۆن هانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەدەیت و دەڵێیت کە هەرێمی کوردستان شوێنێکی باشە بۆ وەبەرهێنانی فەرەنسی؟ ئایا هانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەدەیت بۆ ئەمە و پرۆژەکانت چین بۆ هێنانی وەبەرهێنانی زیاتری فەرەنسی بۆ کوردستان؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، ئەوە یەکێکە لە ئەرکەکانم و بەڕاستی دەمەوێت سەرنجی خەڵک رابکێشم. خەڵک و وەبەرهێنەران لە فەرەنسا کەمێک لەو وێنە کۆنەدا چەقیون کە لەسەر عێراق هەیانە. بۆیە پێویستە بێن و بیبینن؛ ئەوە یەکەم شتە کە دەبێت بیکەن بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی باشیان لا دروست ببێت. کاتێک دەگەیتە هەولێر، تێڕوانینێکی باشت لا دروست دەبێت و ئەوە خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پێشەوە. لە رووی کردەییشەوە، چەند هاوبەشییەکی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەن؛ بەتایبەتی کۆمپانیای وەک دانۆن (Danone)ـمان هەیە کە وەبەرهێنانی کردووە و دەتوانیت ماستی دانۆنی بەرهەمهێنراوی کوردستان لێرە ببینیت. کۆمپانیای دیکەش هەن؛ کۆمپانیایەک هەیە توێژینەوە لەسەر ئاو لە هەموو کوردستان دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت سەرچاوە و کوالێتیی ئاو بپێوێت، کە ئەمە هاوبەشییەکی زۆر گرنگە. هەروەها لەو کارەبایەی لە کوردستان بەکاریدەهێنین، بە تەکنەلۆژیای فەرەنسی و ئەو تۆرباینانە بەرهەم دەهێنرێت کە لە رۆژهەڵاتی فەرەنسا، لەو شوێنەی منی لێوە هاتووم، دروست دەکرێن.
رووداو: کەواتە بەگشتی، ئایا کۆمپانیا فەرەنسییەکان ئارەزووی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەن؟ باوەڕیان وایە کە ئێرە شوێنێکی باشە بۆ وەبەرهێنان و کارکردن؟
ئیمانوێل مینیۆ: پێموایە ئەوانەی دەزانن بێگومان وا بیر دەکەنەوە، بەڵام زۆریش هەن کە نازانن.
رووداو: ئەوانەی ئەزموونیان هەیە، چونکە کۆمپانیای فەرەنسیمان هەن کە چەندین ساڵە لێرە ئەزموونیان هەیە.
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، بۆیە پێویستە کۆمپانیای زیاتر بهێنین و ئەوە دەبێتە تەوەری کارەکانم. هەفتەی داهاتوو شاندێکمان لە بواری سیستمی تەندروستی و دەرمانسازیدا دێتە ئێرە، هەروەها پلانم هەیە کۆڕبەندێکی بازرگانی لێرە رێکبخەم.
رووداو: زۆر باشە، کەی ئەوە دەکرێت؟
ئیمانوێل مینیۆ: تاوەکو ئێستا هیچ رێکەوتێکمان دیاری نەکردووە، هیوادارم ساڵی داهاتوو بێت، بەڵام پێویستە زۆر بەوردی ئامادەکاریی بۆ بکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.
رووداو: واتە بانگهێشتی کۆمپانیا فەرەنسییەکان و بازرگانە نێوخۆییەکان دەکەیت بۆ هاوئاهەنگیکردن.
ئیمانوێل مینیۆ: بە دڵنیاییەوە، بەڵێ.
رووداو: ئەوە زۆر جێگەی خۆشحاڵییە. پێتوایە چ رێکارێک پێویستە لە نێوخۆدا چاکسازیی تێدا بکرێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانیی زیاتر یان بەتایبەتی وەبەرهێنانی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان؟
ئیمانوێل مینیۆ: پێموایە دەکرێت کار لەسەر پێشاندانی ئەو جووڵە ئابوورییەی کوردستان لە دەرەوە بکرێت. دوو ساڵ پێش ئێستا کۆڕبەندێک لە فەرەنسا رێکخرا؛ ئەوە شتێکە پێویستە نوێ بکرێتەوە بۆ ئەوەی بەوردی روونبکرێتەوە کە ژینگەی کار لێرە چۆنە و دەرفەتەکان چین، چونکە من دەرفەتێکی زۆری وەبەرهێنان لێرە دەبینم.
رووداو: زۆرێک لە کوردی رۆژئاوای کوردستان سەردانی کۆنسووڵخانەی فەرەنسایان دەکرد و داوای مامەڵەی بەیەکگەیشتنەوەی خێزانییان دەکرد لە فەرەنسا، چونکە رەوەندێکی رۆژئاوای کوردستان لە فەرەنسا دەژین. ئایا هێشتا ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە پێشکێشی ئەو هاونیشتمانییە کوردانە دەکەن کە پاسپۆرتی سوورییان هەیە و دەیانەوێت لە رێگەی کۆنسووڵخانەکەتان لە هەولێر داوای ڤیزە بکەن بۆ بەیەکگەیشتنەوەی خێزانی؟
ئیمانوێل مینیۆ: بەڵێ، لە رابردوودا ئەوەمان کردووە. ئێستا حکومەتێکمان لە دیمەشق هەیە؛ سەرۆک شەرع لەلایەن سەرۆک ماکرۆنەوە پێشوازیی لێکرا، ئێمە لەگەڵ سەرۆک شەرع کار دەکەین. بێگومان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەپارێزین، بەڵام ئێستا کاروباری کۆنسووڵگەریی تایبەت بە کوردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە رێگەی کۆنسووڵخانەی فەرەنساوە لە بەیرووت رایی دەکرێت. لە داهاتووشدا دەگەڕێنەوە بۆ دیمەشق و دەتوانن لەوێوە بە ئاسانییەکی زیاتر یارمەتیی هاووڵاتییانی کورد بدەن.
رووداو: فەرەنسا نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هاوپەیمانێکی بەهێز بوو. ئێستا کە گۆڕانکاری لە سیاسەتی رژێم و حکومەتی سووریادا روویداوە، ئایا هێشتا پاڵپشتیی گەلی کورد دەکەن بۆ پاراستنی مافە سیاسی، مێژوویی، پەروەردەیی و مافەکانی دیکەیان لەوێ؟
ئیمانوێل مینیۆ: بە دڵنیاییەوە، پێموایە ئەوە شتێکە دەمانەوێت بەدواداچوونی بۆ بکەین. ئێمە هەوڵمان داوە هاوئاهەنگ بین لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی سووریادا. پێموایە ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە سەرۆک شەرع زۆر بە جیدی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات. دیالۆگێک لەسەر پرسە کولتوورییەکان هەیە، بەڵام پێموایە ئێستا ژەنەراڵ مەزڵووم پێگەیەکی فەرمیی لە دیمەشق هەیە و دەتوانێت لەبارەی ئەم پرسانەوە لەگەڵ سەرۆک شەرع قسە بکات، ئەوە ئەنجامێکی باشە. ئێستا باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئارامە، ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموو وڵاتانی ناوچەکەدایە و پێشهاتێکی زۆر باشە.
رووداو: بەڕێز ئیمانوێل مینیۆ، زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە ئەمڕۆ لەگەڵمان بووی. زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت و پێزانینمان هەیە.
ئیمانوێل مینیۆ: زۆر سوپاس بۆ ئێوە. سوپاس بۆ هاتنتان بۆ ئێرە و پیرۆزبایی دەرچوونت لە زانکۆ لێ دەکەم.
رووداو: زۆر سوپاس، پێزانینم هەیە.


