رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی ئیسلامئاباد بۆ نێوەندگیریی لەنێوان تاران و واشنتن دەیاندات، رۆژی هەینی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، بەرەو ئێران بەڕێکەوت. ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هیوای خواست بەرەوپێشچوون بەدەست بهێندرێ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بهێنێت.
ئاگربەستی 8ی نیسان کۆتایی بەو شەڕە هێنا کە لە 28ی شوباتەوە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکردبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی دانوستاندن نەبوونەتە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی.
سەرچاوە ئەمنییەکانی پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاند: "ئەمڕۆ، سوپاسالار مونیر بە سەردانێکی فەرمی بەرەو کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێکەوت و لەوێ چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران دەکات."
مونیر کەسایەتییەکی باڵادەستە لە پاکستان و رۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی هەیە؛ هەروەها رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەو گفتوگۆ راستەوخۆیانەی مانگی نیسان لە ئیسلامئاباد لەنێوان شاندەکانی ئێران و ئەمریکادا بەڕێوەچوون، کە بەشێک بوون لەو هەوڵانەی پاکستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەیاندات.
رۆژی پێنجشەممە، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە تاران چاوەڕێی سەردانەکەی مونیر دەکات بە مەبەستی "بەردەوامبوون لە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران." ئەمەش رۆژێک دوای ئەو هۆشدارییەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هات کە رایگەیاند، دانوستاندنەکان لە "خاڵێکی یەکلاییکەرەوە"دان لەنێوان گەیشتن بە رێککەوتن یان دەستپێکردنەوەی هێرشەکان.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، هیوادارە هەوڵەکانی پاکستان "کارەکان بەرەوپێش ببەن"، هاوکات ئاماژەی بە بەدەستهێنانی هەندێک پێشکەوتن کرد لە دانوستاندنەکاندا.
لەگەڵ ئاگربەستەکەدا شەڕە قسە جێگەی پێکدادانی سەربازیی گرتووەتەوە، بەڵام چەقبەستوویی دۆخەکە بەردەوامە لە دروستکردنی گوشار بۆسەر ئابووریی جیهان و دۆخێکی نادیاری هێناوەتە ئاراوە.
مانگی رابردوو، پاکستان میوانداریی خولێکی دانوستاندنەکانی کرد، کە تاکە گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەوەتەی هەڵگیرسانی شەڕەکەوە، بەڵام بە شکست کۆتایی هات. لەو کاتەوە هەردوولا چەندین پێشنیازیان ئاڵوگۆڕ کردووە، لە کاتێکدا بەهۆی بەردەوامیی هەڕەشەکانەوە مەترسیی دەستپێکردنەوەی شەڕ هێشتا لە ئارادایە.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بابەتەکە بەتەواوی لە خاڵێکی یەکلاییکەرەوەدایە. ئەگەر وەڵامە دروستەکانمان دەستنەکەوێ، ئەوا دۆخەکە زۆر بەخێرایی خراپ دەبێت. هەموومان لەوپەڕی ئامادەییداین."
هەلی "نیو بە نیو" بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز
ئەم هەفتەیە موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان بۆ دووەمین جار لە چەند رۆژێکدا سەردانی تارانی کرد. کەمێک دوای گەیشتنیشی، کۆماری ئیسلامی رایگەیاند لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، تاوتوێی وەڵامێکی ئەمریکا دەکەن.
لەگەڵ بەردەوامیی دانوستاندنەکاندا رۆژی چوارشەممە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە مانگی رابردوو سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی کرد لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد، واشنتنی بە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ تۆمەتبار کرد و هۆشداریی "وەڵامدانەوەیەکی تووند"ی دا، ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر ئێران.
هەڵوێستی ئەمریکا و ئێران لەسەر چەندین پرس جیاوازە، دیارترینیان دۆسیەی ئەتۆمیی تاران، سزاکان و سنووردارکردنی هاتووچۆی کەشتییەکانە لە تەنگەی هورمز، کە رێڕۆیەکی ئاویی گرنگە و بەگشتی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سرووشتیی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
داهاتووی تەنگەی هورمز هێشتا خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییە لە دانوستاندنەکاندا، لە کاتێکدا مەترسی هەیە کە رەنگە ئابووریی جیهان بەهۆی کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی جیهانییەوە زیانی گەورەتری بەربکەوێ.
رۆژی هەینی، ئەنوەر قەرقاش، راوێژکاری سەرۆکایەتیی ئیمارات رایگەیاند، ئەگەری گەیشتنی واشنتن و تاران بە رێککەوتن سەبارەت بە کردنەوە یان نەکردنەوەی تەنگەی هورمز "نیو بە نیوە."
قەرقاش گوتی: "بەرپرسانی ئێران بەدرێژایی ساڵان چەندین هەلیان لەدەستداوە بەهۆی ئەوەی کە حەزیان لە گەورەکردنی قەبارەی کارتەکانی دەستیانە... هیوادارم ئەمجارە وا نەکەن."
قەرقاش گوتی، تەنگەی هورمز، کە ئێران لە دەستپێکی شەڕەکەوە بەشێوەیەکی کردەیی دایخستووە و رایگەیاندووە دەستەیەکی بۆ بەڕێوەبردنی پێکهێناوە، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی خۆی، هاوکات هۆشداری دا لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی یەکلایینەکەرەوە سەبارەت بەم پرسە. قەرقاش دەڵێ: "ئەو دانوستاندنانەی کە تەنیا ئامانجیان گەیشتنە بە ئاگربەست و چاندنی تۆوی ململانێی زیاترە لە داهاتوودا، ئەو شتە نییە کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین. پێم وایە دەبێت تەنگەی هورمز بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشووی، کە رێڕۆیەکی ئاویی نێودەوڵەتی بێت."
ئێران لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەکانی لە کاتی شەڕدا کۆتوبەندی خستە سەر تەنگەی هورمز و تەنیا رێگەی بە ژمارەیەکی سنووردار لە کەشتییەکانی وڵاتانی "دۆست" دا تێپەڕبن، ئەویش بە پەسندکردنی سیستمی وەرگرتنی باجی تێپەڕبوون.
لە بڕۆکسلیش، رۆژی هەینی یەکێتیی ئەورووپا رێگەی خۆشکرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو "کەس و قەوارانەی" ئێران کە تەنگەی هورمز دادەخەن. یەکێتییەکە بڕیاریدا بازنەی سزاکانی بۆ سەر تاران فراوانتر بکات، تاوەکو ئەو کەس و دامەزراوانەش بگرێتەوە کە تێوەگلاون لەو کارانەی ئێران کە هەڕەشە لە ئازادیی کەشتیوانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.
