رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بڕی پێویستی سووتەمەنی لە کۆگاکانیدا هەیە و ئەو قەرەباڵخییەی لەبەردەم وێستگەکان دەبینرێ، پەیوەندی بە قەیرانی بەنزینەوە نییە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی گەشتەوەیە لە رۆژانی جەژندا.
رافد سادق، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا خواست لەسەر بەکارهێنانی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، ئەوەش بەهۆی جووڵەی زۆری گەشتیاری و سەردانیکردنی هاووڵاتییانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بۆ هەرێمی کوردستان و شوێنە پیرۆزەکان لە نەجەف و کەربەلا."
سەبارەت بە بڕی دابینکردنی سووتەمەنی، رافد سادق ئاماژەی بەوە کرد: "ئێستا رۆژانە 34 ملیۆن لیتر بەنزین دەخرێتە بازاڕەوە. کۆگای گەورەی ستراتیژیمان هەیە و بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان، هەرکاتێک پێویست بکات، دەتوانین بڕی خستنەڕوو زیاتر بکەین."
لەبارەی دەنگۆی بوونی قەیران بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵخی لەبەردەم وێستگەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە رەتیکردەوە هیچ جۆرە قەیرانێک هەبێت، گوتی: "ئەو جەنجاڵییەی دەبینرێ زیاتر لە کاتی ئێوارانە، چونکە شۆفێران لەو کاتەدا زیاتر روو لە وێستگەکان دەکەن بۆ سووتەمەنی وەرگرتن، ئەگینا پرۆسەی دابەشکردن بە ئاسایی بەردەوامە."
ئەو قسانە لەکاتێکدایە، لە رۆژانی رابردوودا جەنجاڵییەکی زیاتر لە وێستگەکانی سووتەمەنی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بەدی دەکرا. هەروەها نرخی بەنزین لەلای ئەو فرۆشیارانەی لەسەر شەقامەکان بەنزین دەفرۆشن لە شارەکانی عێراق، بەرزببووەوە.
