رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، پێشوازی لە بڕیاری هەریەکە لە (کەتیبەکانی ئیمام عەلی) و (عەسائیبی ئەهلی حەق) دەکات بۆ جیابوونەوەیان لە حەشدی شەعبی و رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت و دەڵێ، ئەو هەنگاوە دەبێتەهۆی پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی وڵات.
رۆژی سێشەممە، 2ی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوو راگەیێندراوی جیادا گوتی، عەلی فالح زەیدی ستایشی هەڵوێستی شیبل زەیدی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی ئیمام عەلی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەقی کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی کەتیبەکانی ئیمام عەلی رایگەیاندووە: "پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەنگاوە بەرپرسانەی گوزارشت لە ویستی گەلی عێراق دەکات بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانی."
زەیدی جەخت لە کاریگەرییە ئابوورییەکانی ئەو بڕیارە دەکات و دەڵێ: "ئەم هەنگاوە سەروەریی نیشتمانی بەهێز دەکات و ژینگەی کار، وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی گەشەپێدان باشتر دەکات، هەروەها هەلی گەشەسەندن زیاد دەکات و دەستکەوتە ئەمنییەکان دەپارێزێ."
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی هەڵوێستەکەی قەیس خەزعەلی کرد و بە "هەڵوێستێکی نیشتمانی" ناوی برد. زەیدی گوتی: "ئەم ئاراستەیە هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ بەهێزکردنی رێڕەوی بنیاتنانی دەوڵەت، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پابەندبوون بە دەستوور، ئەمەش بەشدار دەبێت لە چەسپاندنی شکۆی دەوڵەت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەبێتەهۆی "سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و دەستپێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان کە هاووڵاتییان چاوەڕێی دەکەن، جگە لە دابینکردنی ژینگەیەک کە ئابووریی نیشتمانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی تێیدا گەشە بکات."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا زەیدی داوای لە هەموو هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان دەکات "بەردەوام بن لە دیالۆگ و کارکردن بە گیانی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و بەرژەوەندیی باڵای عێراق بخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە، بۆ ئەوەی ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات بکرێتەوە."
رۆژی سێشەممە کەتیبەکانی ئیمام عەلی بڵاویکردەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی دەپچڕێنێت و سەرجەم چەکەکانی رادەستی حکومەت دەکات.
دوێنێش عەسائیبی ئەهلی حەق بڕیارێکی لەو جۆرەی دا.



