رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق رەتیکردەوە بەرپرسیار بێت لەو نووسراوەی لە سۆشیاڵ میدیا تایبەت بە دامەزراندنی بەربژێرێکی دەرنەچووی تەقەدووم لە پۆستی یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بڵاوکراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو نووسراوەی دەستاودەستی پێدەکرێت هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە و رێکارەکانی دامەزراندنی پلە تایبەتەکان لە نێو پەرلەمانی عێراقدا لە دەرەوەی دەسەڵاتە یاسایی و کارگێڕییەکانی ئەنجوومەنی راژەیە، ئەو بابەتە بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکان دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو پەرلەمان.
ئەو کەسەی وەکو یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق دامەزراوە، ناوی رەوا فەهداوییە.
رەوا فەهداوی کێیە؟
رەوا عەبدولسەلام فەهداوی، ساڵی 2023 بەربژێری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو لە لیستی تەقەدووم، دواتریش لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە تشرینی دووەمی 2025 بەربژێر بووەوە، بەڵام دەرنەچوو.
بەڵگەنامەیەک کە وەک "فەرمانی پەرلەمانی" ناسێندراوە و لە رێککەوتی 18ی ئایاری 2026 دەرچووە و واژۆی (هەیبەت حەلبووسی) سەرۆکی پەرلەمانی لەسەرە. تێیدا هاتووە:
دامەزراندنی (رەوا عەبدولسەلام فەهداوی) لەدایکبووی 1991 و دەرچووی ساڵی 2024ی زانکۆی توراس- کۆلێژی کارگێری و ئابووری، بە پۆستی یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی لەسەر میلاکی ئەمینداریەتی گشتیی پەرلەمان، بە پلەی باڵا و بە مووچەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دیناری عێراقی، لەگەڵ پێدانی هەموو شایستە و مافەکانی ئەو پۆستە.
ئەنجوومەنی راژە لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا جەختی کردەوە کە ئەوان پابەندی سنووری دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆیانن و تەنیا لە چوارچێوەی فەرمی و یاسایی کار لەسەر دۆسیەکانی میلاکات و وەزیفەی گشتی دەکەن.


