رووداو دیجیتاڵ
گرووپی سەرایا ئەولیادەم، کە یەکێکە لە گرووپەکانی "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، پێنج مەرجی دیاریکرد بۆ ئەوەی چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، لەوانە دەرچوونی سەرجەم هێزە بیانییەکان لەعێراق و کۆتاییهێنان بە شوێنکەوتەیی ئابووری و دارایی عێراق.
رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، ئەبو مەهدی جەعفەری، گوتەبێژی گرووپی سەرایا ئەولیادەم رایگەیاند، لە رێگەی کەناڵەکانی راگەیاندنەوە ئەو داواکارییەیان پێگەیشتووە کە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ گرووپە چەکدارەکانی موقاوەمەی ئیسلامی ناردووە لە بارەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت و رایگەیاند، هەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی بۆ ئەو مەبەستە دەبێت چەند هەنگاوێکی لەگەڵدا بێت، کە سەروەریی عێراق و سەربەخۆیی بڕیارەکانی بپارێزێت.
ئەو گرووپە چەکدارە کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، پێنج مەرجی دیاریکردووە کە پێویستە هاوکات لەگەڵ سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت بێت، لەوانە: کۆتاییهێنان بە شوێنکەوتەیی دارایی و ئابووری کە بەگوتەی ئەوان ئیرادەی عێراق کۆتوبەند دەکات، وەستاندنی سەرجەم شێوەکانی دەستوەردانی دەرەکی لە بڕیاری سیاسیی عێراق، کۆتاییهێنان بە بوونی هەموو هێزێکی سەربازیی بێگانە لەسەر خاکی عێراق و نەهێشتنى سەرجەم ئەو هەڕەشانەی کە زیان بە سەروەریی نیشتمانی دەگەیێنن، هەروەها عێراق بتوانێت سیستمی بەرگریی ئاسمانی و راداری نوێی هەبێت بۆ پاراستنی ئاسمان و سەروەرییەکەی، لەگەڵ بەهێزکردنی سەربەخۆیی بڕیاری ئابووری و کردنەوەی بوار لەبەردەم هاوبەشییە هاوسەنگەکان کە بەرژەوەندیی نیشتمانی بپارێزێت.
سەرایا ئەولیادەم دەڵێت: "لەسەر ئەو بنەمایە، دەبینە پێشەنگی ئەوانەى لەگەڵ هەر پڕۆژەیەکی نیشتمانیی راستەقینە دەبن بۆ سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت."
گرووپی "سەرایا ئەولیادەم" یەکێکە لەو گرووپە چەکدارییانەی عێراق کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن. گرووپەکە بەرپرسیاریێتیی چەندین هێرشی لەئەستۆ گرتووە کە بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە دوای 28ی شوباتی ئەم ساڵەوە کە جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستىپێکرد.


