رووداو دیجیتاڵ شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، یەکێک لە مەرجەعە باڵاکانی شیعە، دوای ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دواییکرد. بەم بۆنەیەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند و چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان ئاهەنگگێڕانی جەژنی غەدیر-ی هەڵدەوەشاندەوە . نووسینگەی شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی کۆچی دوایی شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تەمەنی لە خزمەتکردنی ئایین، وانەوتنەوەی زانستە ئیسلامییەکان، پێگەیاندنی زانایان، بڵاوکردنەوەی بیری ئەهلی بەیت و روونکردنەوەی ئەحکامەکانی شەریعەتدا بەسەربردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆچکردنی ئەو مەرجەعە بەهۆی پێگە زانستی و ئایینییە باڵاکەی و ئەو بەرهەمە زانستییە بەسوودانەی لە دوای خۆی بەجێی هێشتوون، زیانێکی گەورەیە بۆ حەوزە زانستییەکان و تێکڕای موسڵمانان. بەم بۆنەیەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرخۆشی خۆی، سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند. شێخ محەممەد ئیسحاق فەیاز، یەکێک بوو لە دیارترین مەرجەعەکانی نەجەف و یەکێک لە گەورەترین ناودارانی حەوزەی زانستی دادەنرا. لە ساڵی 1930 لە گوندی سوبەی پارێزگای غەزنی لە ئەفغانستان لەدایکبووە. هەر بەم بۆنەیەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان ئاهەنگگێڕانی جەژنی غەدیر-ی هەڵوەشاندەوە و سەرەخۆشی لە جیهانی ئیسلامی دەکات . ئەمڕۆ پێنجشەممە بەبۆنەی جەژنی غەدیر لە عێراق پشووی فەرمییە. جەژنی غەدیر، بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکان لەلای شیعەکان هەژمار دەکرێت، دەڵێن لە رۆژی 18ـی مانگی زیلحیجەی ساڵی 10ـی کۆچی، محەممەد پەیامبەری ئیسلام (د.خ) بە فەرمانی خودا عەلیی کوڕی ئەبو تاڵیبی بە جێنشینی خۆی و ئیمامی موسڵمانان داناوە، ئەو گوتارەشی لە شوێنێک بڵاوکردەوە بەناوی غەدیرخەم کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی مەککە و مەدینە؛ بەڵام سوننە مەزهەبەکان لەگەڵ ئەو تێڕوانین و شیکردنەوەیە نین. بۆیە ئەمە بووەتە بابەتێکی ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعەکان بەتایبەتی لە عێراقدا تائێستا بەردەوامە.
عێراق04-06-2026وەزارەتی نەوتی عێراق: نزیکەی 5 ملیۆن لیتر بەنزین کورتهێنانمان هەیە و هەفتەی داهاتوو هاوردەی دەکەین