رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند، چەک تەنیا رادەستی (ئیمام مەهدی) دەکەن و ئەو گرووپانەی رێگەی رادەستکردنی چەکیان گرتووەتەبەر، بەشێک نەبوون لە مقاوەمەی ئیسلامی و "چەندین ساڵە یەک بەردیشیان نەگرتووەتە ئەمریکا".
ئەو هەڵوێستانەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە راگەیێنراوێکدا بوو کە رۆژی پێنجشەممە، 4ی ئایاری 2026 ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی ئەو گرووپە چەکدارە بڵاویکردەوە.
ئەبو موجاهید عەساف هۆشداریی داوەتە کەسانی پەیوەندیدار و راگەیاندنکاران لەوەی بکەونە داوی ئەمریکاوە، کە بە گوتەی ئەو، هەوڵی نانەوەی ئاژاوە دەدات و داوا دەکات کە هۆشیار بن و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە لە دەست ئەمریکا بدەن.
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، رادەستکردنی چەک و دووبارە رێکخستنەوەی هێزەکان پرسێکی تایبەتە بە گرووپێک یان چەند گرووپێکی دیاریکراو، بەو مەرجەی کە رادەستکردنەکە بە شێوەیەکی کۆتایی بێت نەک هەموو دوو مانگ جارێک دووبارە بێتەوە وەک زەماوەندێکی کاتی بێت و ئەگەریش هەیە کەسانێک خواستێکی رەوایان هەبێت لەناو دەستەی حەشدی شەعبی لە رێگەی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە دەستەکە.
ئەو هەڵوێستەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق هاوڕۆژی ئەنجامدانی یەکەم هەنگاوی گرووپی سەرایا سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە بوو بۆ پچڕاندنى پەیوەندیی لەنێوان ئەو گرووپە و رەوتەکە کە موقتەدا سەدر سەرکردایەتی دەکات، ئەوەش لە رێگەى رادەستکردنى بەرپرسیارێتى ئەمنى ئەو ناوچانەى قەزاى سامەرا بە سووپا کە بەدەست سەرایا سەلامەوە بووە.
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت :" ئەوانەی بە ئاراستەی دانانی چەک و رادەستکردنی بارەگاکانیان هەنگاو دەنێن، لەنێو گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی نەبوون و بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر ئەمریکایان نەگرتووەتە ئەستۆ و چەندین ساڵە بەردێکیشیان تێنەگرتووە، بۆیە ئەو پرسە نامۆ نییە و ئەو بڕیارانە دوور و نزیک پەیوەندیدار نین بە موقاوەمەی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هانی ئەو لایەنانە دەدەین کە پەلە بکەن لە پڕۆسەی رادەستکردنەوەکە".
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، ئەوەی پەیوەندیی بە پێنج پێکهێنەرەکەی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی بە کەتیبەکانی کەربەلاشەوە هەبێت، هەڵوێستیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن هەتاوەکو داگیرکەر هەبێت و ئاسمان ببەزێنرێت و بڕیاری سیاسی کۆنترۆڵ بکرێت و لە دوای ئەوانە لەبارەی رێکخستنی چەکەکانیان چارەسەرێکی بۆ دەدۆزنەوە و چەکەکانیان رێکدەخەنەوە، بەڵام "یەک فیشەک رادەست ناکەین" مەگەر بە ئیمام مەهدی نەبێت، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دواین ئیمامی شیعەکان کە شوێنکەوتووانى پێیان وایە دەگەڕێتەوە.




