رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی باڵا لە عێراق سەرپەرشتیی پرسی رادەستکردنی چەک دەکات. سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەستیان بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ رادەستکردنی چەکە قورس و مامناوەندەکانیان.
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت دەستیپێکردووە، سەرجەم گرووپ و پێکهاتە سەربازییەکانی ژێر چەتری دامەزراوە ئەمنییەکان پەیوەندییە سیاسییەکانیان دەپچڕێنرێت.
گرووپی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانی بە سەرکردایەتیی موقتەدا سەدر لە 4ی حوزەیران یەکەم گرووپی چەکداری ناو حەشدی شەعبی بوو کە هەنگاوی پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ رەوتەکەدا کرد، بە رادەستکردنی بارەگاکانی لە شاری سامەڕا بە سوپای عێراق.
سەعد مەعن رایگەیاند، جگە لە گرووپی سەرایا سەلام، گرووپی دیکەی وەک بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەستیان بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ رادەستکردنی چەکی مامناوەند و قورس وەک ئامادەکارییەک بۆ تێکەڵبوونی تەواوەتی.
حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلى فالح زەیدى دەیەوێت لە چوارچێوەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت، سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبکاتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکانیان بپچڕێنێت وەک تێکەڵکردنێکی تەواو بە دەستەی حەشدی شەعبی.
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی ئەرکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەندامیێتی سکرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، نوێنەرانی وەزارەتی بەرگری، ناوخۆ، دەستەی حەشدی شەعبی و فەرمانگە یاساییەکان پێکهێنراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی قۆناخەکانی رادەستکردن.
یەکەم خاڵی کارنامەی حکومەتی نوێی عێراق کە لە 14ی ئایار پەرلەمان دەنگی لەسەر دا، سنووردارکردنی چەکە بەدەستی دەوڵەت.
سەعد مەعن رایگەیاند، پرۆسەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت چەند رێکارێکی هەیە کە لە رادەستکردنی چەکی مامناوەند و قورسەوە دەستپێدەکات و دواتر دووبارە رێکخستنەوەی پەیکەری هێزەکان دەکرێت تاوەکو دەگاتە تێکەڵبوونی تەواوەتیان لە نێو دەستەى حەشدی شەعبی.
بڕگەی پێنجەمی مادەی دووی یاسای دەستەی حەشدی شەعبی 2016، ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت کارمەندانى دەستەکە پەیوەندییان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسی و حیزبی و کۆمەڵایەتییەکان بپچڕێنن و رێگەی کاری سیاسییان پێنادرێت.




