رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر داوایان لێ بکرێت بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان هاوکار دەبن. دەشڵێت، گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان، کاریگەریی لەسەر گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی دیکە دەبێت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوئاهەنگیی ئاستبەرزمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە کە لایەنی پەیوەندیدارە بە پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستان و دامەزراوە گرنگەکانیان، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی بەرزی پیشەگەریدان و دەتوانن کۆمپانیاکان بپارێزن، ئێمەش لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئامادەین هاوکاریین ئەگەر داوامان لێ بکرێت."
یەکێک لە پرسە ئەمنییە گرنگەکان کە لە 3ی حوزەیرانەوە گەرم بووە، پاراستنی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانە لە هێرشەکان، کاتێک عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت کۆبووەوە و فەرمانی دا بە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی، کە دەکرێت ئەو کێڵگانە بپارێزن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتى: "هێزی پاراستنی دامەزراوەکانمان هەیە و دوایین فەرمانی سەرۆکوەزیران ئەوەبوو کە پارێزگاری لە کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمى کوردستان بکرێت بۆ رەخساندنی زەمینەی گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان، گەڕانەوەشیان هانی کۆمپانیاکانی دیکە دەدات کە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق، ئێمەش ئامادەین بۆ هاوکاریکردنیان لە دابینکردنی پێداویستییەکان."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 841 هێرشیان لەناو عێراق و ناوچەکە بۆ پاڵپشتیی ئێران، کە زۆربەیان دژی هەرێمی کوردستان بوون.
سەباح نوعمان گوتی: "پلانێک لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگری هەیە بۆ نوێکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رادار و درۆن، ئەم پلانە گشتگیر دەبێت بۆ هەموو شوێنەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
دوو رۆژی داهاتوو تۆمارکردنی چەک تەواو دەبێت
لە 4ی حوزەیرانەوە پڕۆسەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت لە عێراق پێی نایە هەنگاوی کردارییەوە، کاتێک گرووپی سەرایای سەلام وەک یەکەم گرووپی چەکدارى نێو دەستەى حەشدی شەعبی چەکەکانیان رادەستی سوپا کرد.
لیژنەیەکی باڵا لە عێراق پێکهێنراوە بۆ جێبەجێکردنی قۆناخەکانی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت و پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان چەکدارەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانیان لە دەرەوەی ئەو دەستەیە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای سنووردارکردنی چەک بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان گرووپە چەکدارەکان و پەیوەستکردنێتى بە پێکهاتە ئەمنییەکانەوە و لە 4ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و کارەکان بەردەوامن، ئەوەش تێڕوانینێکی نیشتمانییە بۆ ئەوەی بگەینە یەکخستنی بڕیاری ئەمنی تاوەکو هەموو هێزە ئەمنییەکان بچنە ژێر رکێفی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
تاوەکو ئێستا دوو گرووپی سەرەکی کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و نوجەبانن ئامادە نین چەکەکانیان رادەست بکەن، کە دوو لە پێکهێنەرانی گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقن و نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەو هەنگاوە نییە و لە دوو رۆژی داهاتوودا لیژنە لاوەکییەکان کارەکانیان تەواو دەکەن لە تۆمارکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی و رادەستی لیژنەی ناوەندی دەکرێت، کە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی ئەرکانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانە.
لەبارەی چارەنووسی ئەو چەکانەوە لەدوای رادەستکردنیان، سەباح نوعمان رایگەیاند، چەکەکان بە هەموو جۆر و قەبارەکانیان تۆمار دەکرێن و پێداچوونەوە بە دابەشکردنیاندا دەکرێت بەگوێرەی ئەرکی هێزە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، جا وەزارەتی بەرگری بێت یان ناوخۆ یان دەستەی حەشدی شەعبی و هەر هێزێکی دیکەی ئەمنی بێت.



