رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو قۆناخی تۆمارکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق تەواو دەبێت و دووبارە بەگوێرەی پێویست بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا دابەش دەکرێنەوە. شیعەکان چاویان لە ئێرانە رۆڵی هەبێت لە ناچارکردنی ئەو گرووپانەی کە هێشتا بە سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت رازی نین. شانەی راگەیاندنی ئەمنی پێشبینی ناکات لەو پڕۆسەیەدا کێشەی گەورە رووبدات.
رادەستکردنى چەکی گرووپە چەکدارەکان، حکومەتی نوێی عێراقی خستووەتە بەردەم دووڕیانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە، کە یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەکەی عەلی فالح زەیدی بۆ حکومەتە نوێیەکەی، کە شیعەکان تێیدا زۆرینەن.
قردێلەی رادەستکردنی چەک، گرووپی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعی بڕی، کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتیی دەکات، هەرچەندە ئەو گرووپە بەشێک نەبوو لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
حکومەت لیژنەیەکی باڵای بۆ جێبەجێکردنی پلانی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت پێکهێناوە، کە نوێنەری لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانی تێدایە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەینی 5ی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو رۆژی داهاتوودا لیژنە لاوەکییەکان کارەکانیان تەواو دەکەن لە تۆمارکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی و رادەستی لیژنەی ناوەندی دەکرێت، کە چەکەکان بە هەموو جۆر و قەبارەکانیان تۆمار دەکرێن، بەگوێرەی ئەرکەکانیان بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا دابەش دەکرێنەوە، جا وەزارەتی بەرگری بێت یان ناوخۆ یان دەستەی حەشدی شەعبی و هەر هێزێکی دیکەی ئەمنی بێت."
دوای رەوتی نیشتمانیی شیعە، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە یەکێکە لە گرووپەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەمان هەنگاوی نا و لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ چۆنێتیی رادەستکردنی چەک و جێبەجێکردنی بڕیاری سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە گرووپی سەرایای سەلام، گرووپی دیکەی وەک بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەستیان بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ رادەستکردنی چەکی مامناوەند و قورس، وەک ئامادەکارییەک بۆ تێکەڵبوونی تەواوەتی.
ئەو پڕۆسەیە چەند رێکارێکە؛ لەوانە تۆمار و رادەستکردنی چەک، پچڕاندنی پەیوەندی لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی و لایەنە سیاسییەکانیان و راکێشانی ئەو گرووپانە بۆ ناو دەستەکە، کە پێشتر بەشێک نەبوون لێی.
حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکارەکان بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان بۆ ئەوەیە بخرێنە ئەستۆی حکومەت و ببێتە خاوەنی چەکەکان، بەوپێیەی بە گوتەی ئەو، پێشتر هەندێک لە چەکەکانیان لە قۆناخی "موقاوەمەی چەندین ساڵەدا" دەستکەوتوون و تۆمارنەکراون.
باڵە سیاسییەکەی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە بزووتنەوەی سادیقوونە، لە پەرلەمانی عێراق 28 کورسیی هەیە.
حوسێن شەیحانی گوتى: "لە رووی کردەیییەوە بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق پەیوەندی لەگەڵه ێزەکانی لەناو حەشدی شەعبی پچڕاندووە، بەڵام ئەو پرسە پێویستی بە بڕیارێکی فەرمی و نووسراو هەیە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە رێکیدەخەن و ئێمە ئێستا 8029 چەکدارمان لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدان و پەیوەندیی سیاسییان بە بزووتنەوەکەمانەوە نییە."
هێشتا کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و چەند گرووپێکی دیکەی نێو موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە وابەستەی ئێرانن، قایل نەبوون بە پلانی حکومەت بۆ رادەستکردنی چەک و بۆ ئەوە مەرجیان هەیە، لەوانە پچڕاندنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا.
عەقێل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ ئەو گرووپانە کراوەیە، کە تاوەکو ئێستا ئامادەنین چەک دابنێن، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە هەنگاو بەرەو جەنگی ناوخۆیی نەنێت؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێت لەو پڕۆسەیەدا رۆڵی هەبێت، بەتایبەت کە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی جەنگی ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر ئەو پرسەش دەبێت لە عێراقدا.
ئەو گرووپانەی نەچوونە ژێر باری سنووردارکردنی چەک، ئەوانەن کە لە جەنگی 41 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا، پاڵپشتی تاران بوون لە رێگەی هێرشی درۆنی لە نێوخۆی عێراق و ناوچەکە.
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق پێیوایە ئەو پرسە کێشەی گەورەی نابێت و هەمووان لە کۆتاییدا هاوتێڕوانینی حکومەت دەبن، لە پرسی سنووردارکردنی چەکدا.




