رووداو دیجیتاڵ
غەیس جاسم، راهێنەری بواری لەشجوانی، لەلایەن هاووڵاتییەکەوە لە بەغدا کوژرا.
رووداوەکە دوێنێ پێنجشەممە، لەنێو هۆڵێکی وەرزشی لە گەڕەکی جیهاد لە رۆژئاوای بەغدا روویدا. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری رووداوەکە تەنیا "کێشەیەک بووە لەسەر بەکارهێنانی ئامێرێکی وەرزشکردن".
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەغدا بە رووداوی راگەیاند، کێشەکە لەنێوان غەیس جاسم و مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ دروستبووە. دوای ئەوەی راهێنەرەکە رێگەی نەداوە مێرمنداڵەکە ئامێرێک کە تایبەتە بە یاریی ئاسن بەکاربێنێت، دەمەقاڵێ لە نێوانیان دروست بووە.
سەرچاوەکەی پۆلیس گوتی، مێرمنداڵەکە هۆڵەکەی جێهێشتووە و دوای ماوەیەکی کەم بە کڵاشینکۆفێکەوە گەڕاوەتەوە و 17 فیشەکی بە غەیسەوە ناوە.
غەیس جاسم، کە بە کاپتن غەیس بەنێوبانگە، لە ناوەندە وەرزشییەکانی عێراق وەک راهێنەری لەشجوانی ناسرابوو، لە سۆشیاڵ میدیایشدا خاوەن هەوادارێکی زۆر بوو و بەردەوام رێنمایی و بەرنامەی خۆراک و وەرزشیی بۆ گەنجان بڵاودەکردەوە.
بکوژەکە لەلایەن پۆلیسی بەغداوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.




