رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی نەینەوا دەڵێ، پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵی پارێزگاکە بگاتە نزیکەی 1.8 ملیۆن تۆن.
عەبدوڵڵا حەمۆ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا، رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووبەری ئەو زەوییە بەراوەی بۆ ئەم ساڵ خراوەتە نێو پلانی بەبازاڕکردنەوە 600 هەزار دۆنمە. پێشتر بڕیار بوو بۆ هەر دۆنمێک 900 کیلۆگرام گەنم وەربگیرێ، بەڵام دوای بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕەکە بۆ 1 تۆن بۆ هەر دۆنمێک زیادکرا. پێشبینی دەکەین لە زەوییە بەراوەکان 600 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بێت."
سەبارەت بەو زەوییانەی لە دەرەوەی پلانی حکومەتن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد کە "کە 4 ملیۆن دۆنم زەوی هەیە لە پلانی بەبازاڕکردندا تۆمار نەکراوە".
عەبدوڵڵا حەمۆ گوتیشی: "پێشبینی دەکەین تێکڕای بەرهەمی ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی پلانن، 300 کیلۆگرام بێت بۆ هەر دۆنمێک کە دەکاتە نزیکەی 1.2 ملیۆن تۆن گەنم."
لەسەر ئاستی عێراق، زیاتر لە 4 ملیۆن دۆنم زەوی خراوەتە نێو پلانی کشتوکاڵییەوە کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
دووشەممەی رابردوو مستەفا غانی، وەزیری بازرگانیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکەن کۆی بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ لە سەرانسەری عێراق بگاتە نزیکەی 4 ملیۆن تۆن.


.png&w=3840&q=75)
