رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن، هێزە ئەمریکییەکان لە نزیک تەنگەی هورمز دەستیان بەسەر کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتی عێراقدا گرتووە.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، گوایە هێزە ئەمریکییەکان کەشتییەکی گواستنەوەی نەوتیان راگرتووە کە نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتبوو، بەو پاساوەی عێراق بۆ تێپەڕبوون لە رێڕۆ ئاوییەکە پارەی بە ئێران داوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە: "ئەو هەواڵانەی باس لە راگرتنی کەشتی گواستنەوەی نەوتی عێراقی لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە دەکەن، دوورن لە راستییەوە."
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە: "وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ پابەندی سەرجەم یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانن."
هاوکات قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن، عێراق بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا پارە بە ئێران دەدات.
قاسم ئەعرەجی، درەنگانی شەوی رابردوو، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی: "پێشتر ئێران رایگەیاندبوو کە عێراق لە رێکارەکانی تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمز بەدەرکراوە."
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتی، ئەو قسانەی لەبارەی پێدانی پارە لەلایەن عێراقەوە وەک پارەی تێپەڕبوون دەکرێن، "تۆمەتی بێ بنەمان و دوورن لە راستییەوە."



