رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە شاری موسڵ، سێ مێرمنداڵی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن لە رێگەی پەخشی راستەوخۆوە دەستگیرکرد.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە شاری موسڵ، بە فەرمانی دادوەر سێ مێرمنداڵیان دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پەخشی راستەوخۆدا دەرکەوتوون.
ئەرشەد حاکم راشیگەیاند:" ئەو مێرمنداڵانە لە پەخشەکەدا سووکایەتییان بە پیرۆزییە ئایینییەکان کردووە و وشەی نەشیاو و نائەخلاقییان بەکارهێناوە، کە بەهۆی ئاست نزەمیی وشەکانەوە، ناکرێت بڵاوبکرێنەوە، جگە لەوەش لە پەخشە راستەوخۆکانیاندا بە بەردەوامی جنێویان بە هێزە ئەمنییەکان و دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی داوە و وشەی نا ئەخلاقییان بەکارهێناوە."
گوتبێژی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتیشی: "ئەو سێ تۆمەتبارە خەڵکی دەورووبەری موسڵن و لەدایکبووی ساڵانی (2010، 2011 و 2012)ن لە بەرەی راستی موسڵ بە پێی مادەی 402 ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون"
بەپێی یاسای سزاکانی عێراق، ئەو کەسانەی گێچەڵ دەکەن یان سووکایەتی بە ئادابی گشتی دەکەن، رووبەڕووی سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەبنەوە.
لە مادەی (402)ـی یاسای سزاکانی عێراق (ژمارە 111ـی ساڵی 1969)ـدا، بە روونی سزا بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە کە گێچەڵ دەکەن یان دەستدرێژیی دەکەنە سەر ئادابی گشتی.
بەپێی دەقی یاساکە، بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە (3) مانگ زیاتر نەبێ، پێبژاردنێکی دارایی کە لەلایەن دادگەوە بڕەکەی دیاری دەکرێت.
ئەم مادە یاساییە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە یەکێک لەو کارانە ئەنجام بدەن کە دەچنە چوارچێوەی گێچەڵ و بەزاندنی سنووری ئادابی گشتی، جا چ لە شوێنە گشتییەکان بێت یان لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیاوە.



