رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکوەزیران کردووە و تێیدا داوا دەکات، کاتی دەوامی فەرمانبەرانی تووشبوو بە نەخۆشیی تالاسیمیا کەم بکرێتەوە یان هەفتانە رۆژێکیان وەک پشوو پێبدرێت.
دکتۆر عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، لە نووسراوەکەیدا بۆ سەرۆکوەزیران داوای کردووە ئەو فەرمانبەرانەی تووشبووی تالاسیمیا (ئەوانەی دۆخی تەندروستییان مامناوەند یان سەختە)، هاوشێوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت.
پێشنیارەکەی وەزیری تەندروستیی عێراق بریتییە لە کەمکردنەوەی یەک کاژێر لە دەوامی رۆژانەیان یان پێدانی یەک رۆژ پشووی هەفتانە.
ئەم داوایەی وەزیر وەک رەچاوکردنی دۆخی تەندروستیی ئەو فەرمانبەرانە و پێویستیی بەردەوامیان بە وەرگرتنی چارەسەر هەیە. هەروەها ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای راسپاردەکانی لیژنەی باڵای نیشتمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی تالاسیمیا بووە، کە جەختیان لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی ئەم توێژە کردووەتەوە.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی تووشبووانی تالاسیمیا لە عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 25 هەزار کەس.
تالاسیمیا چییە؟
تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، تووشبوو، ژمارەیەکی کەمتری خڕۆکە سوورە تەندروستەکانی هەن، بەمەش بڕێکی کەمتری هیمگۆگڵۆبینی تەندروستی هەیە، "ئەو پڕۆتینەی رەنگ بە خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەبەخشێت و ئۆکسجین بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە دەگوازێتەوە".
تالاسیمیا باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە کە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە رێگەی بۆهێڵ "جین"ـەکانەوە دەگوازرێتەوە.
جۆرەکانی تالاسیمیا
چوار جۆری سەرەکی تالاسیمیا هەن کە ئەمانەن:
- تالاسیمیای ئەلفا
- تالاسیمیای بێتا
- تالاسیمیای دەلتا
-کۆمەڵەی ئەوانە
جۆرەکانی ئەلفا تالاسیمیا و بێتا تالاسیمیا سەرەکیترین جۆرەکانی نەخۆشییەکەن.
هۆکارەکانی تالاسیمیا:
تاکو ئێستا نەزانراوە هۆکاری سەرەکی ئەو گۆڕانەی لە جینەکانی تالاسیمیا روودەدەن چییە، هەروەها نەخۆشییەکە لە کەسێکی تووشبووەوە بۆ کەسێکی دیکەی ساخ ناگوازرێتەوە.
بەڵام نەخۆشییەکە دەتوانرێت لە دایک یان باوکەوە بۆ منداڵان بگوازرێتەوە و ئەگەر هەردوو دایک و باوک تووشبووی نەخۆشیی تالاسیمیابن، ئەوا مەترسیی تووشبوونی منداڵەکەیان زیاتر دەبێت.
نیشانەکانی تالاسیمیا
هەندێک منداڵ لەکاتی لەدایکبوون نیشانەکانی تووشبوون بە تالاسیمیایان تێدا دیارن، بەڵام هەندێكیان لەدوای ساڵانی یەکەم و دووەمی تەمەنیان نیشانەکانیان دەردەکەون.
بێتاقەتی، بێهێزی، لاوازی گەشە، رەنگزەردی، ئەستووربوونی جەستە، شێواوی پێکهاتەی ئێسکەکان بەتایبەت لە سەر و رووخسار، نەخۆشییەکانی دڵ و زیادبوونی ماددەی ئاسن لە جەستەدا لە باوترین نیشانەکانی نەخۆشییەکەن.
چارەسەری تالاسیمیا
تاوەکو ئێستا نەخۆشییەکە چارەسەری بنبڕی نییە، بەڵام دەتوانرێت لە رێگەی گواستنەوەی خوێن بۆ کەسانی تووشبووی تالاسیمیای جۆری بێتا، نەخۆشییەکەیان کۆنتڕۆڵبکرێت و لە دەرهاوێشتەکان بەدووربن، هەروەها جۆرەکانی دیکەی نەخۆشییەکە کە کەمتر تووشی ئەنیمیا"کەمخوێنی" دەبن، پێویستییەکی کەمتریان بە خوێن وەرگرتن هەیە.
خۆپارێزی
تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە، چونکە نەخۆشییەکە بۆماوەییە و لە باوانەوە دەگوازرێتەوە.
بەڵام دەتوانرێت ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکە کەمبکرێتەوە، کە ئەمەش بە پشکنینەکانی خوێن و پشکنینی بۆماوەیی جینەکانی خێزان، کە دەریدەخەن کێ تووشبووی نەخۆشییەکەیە و کێ هەڵگریییەتی، هەروەها پشکنینەکانی ماوەی دووگیانی دەتوانن دەستنیشانی تووشبووانی نەخۆشییەکە بکەن.

.png&w=3840&q=75)

