رووداو دیجیتاڵ
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند کە پاڵپشتی هەوڵەکان دەکەن بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و سنووردارکردنی چەک بەدەستی دامەزراوە فەرمییەکان.
ئەو گوتانەی نووری مالیکی لە کۆبوونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، کە یەکشەممە 7ی حوزەیران ئەنجامدرا.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانی نووری مالیکی، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، گرنگە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە عێراق بهێنرێتە دی و پاڵپشتیی هەوڵەکانی دەوڵەت بکرێت بۆ سەپاندنی سەروەریی یاسا و سنووردارکردنی چەک بەدەستی دامەزراوە فەرمییەکان، بەشێوەیەک شکۆی دەوڵەت بەهێز بکات و ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بپارێزێت.
لە هەفتەی رابردوودا هەنگاوە کردەییەکانی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت و تۆمارکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و پچڕاندنى پەپوەندیى چەکدارانى دەشتەى حەشدی شەعبی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیان دەستیپێکردووە.
لەو کۆبوونەوەی نێوان نوورى مالیکی و جۆشوا هاریس، باس لە پێشهاتە نوێیەکان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە بۆ تەواوکردنی کابینەی نوێی حکومەت و دەنگدان بەو وەزارەتانەی کە بە بەتاڵی ماونەتەوە.
لە 14ی ئایاردا 14 بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتى عێراق پەسەند کران و نۆ بەربژێری دیکە ماون کە دەنگیان لەسەر بدرێت.
مالیکی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە ئەمریکییەکە، باسی لە گرنگی پابەندبوون کردووەتەوە بە بڕگەکانی رێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات بکات و رێز لە سەروەری عێراق و سەربەخۆیی بڕیارە نیشتمانییەکان بگرێت.
![کۆبوونەوەی نووری مالیکی [لای راست] و جۆشوا هاریس.](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260607171458_4_3-1600x1200_(1).jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)