رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆبوونەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ ناو و بیانوویەک کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشنیازێکی نوێ بۆ هەژمارکردنی داهاتە نانەوتییەکان لە ئارادایە.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: "وەک فراکسیۆنی پارتی سەردانی چوار وەزیرمان لە حکومەتی عێراق کردووە، لەوانەش وەزیری دارایی".
ئەو گوتەبێژە دەڵێت، لەگەڵ فالح ساری، "تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانمان پرسی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بوو کە بەپێی دەستوور و مادەی 121، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە داهاتی گشتیی دەوڵەت بۆ ئەرکەکانی و دابینکردنی مووچە تەرخان بکرێت."
پێشنیازێکی نوێ بۆ داهاتی نانەوتی
سەبارەت بەو رێککەوتنانەی پێشتر کراون، دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی دارایی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و گوتی: "ئەو رێککەوتنەی پێشتر لەسەر بڕی 120 ملیار دینار کرابوو، لە دۆخێکی سیاسیی دیاریکراودا بوو. ئێستا پێشنیازێک لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران کە تێیدا هاتووە هەژمارکردنی داهاتی ناوخۆ لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوە مانگانە بێت، نەک رێژەیەکی دیاریکراوی پێشوەختە."
دانەر عەبدولغەفار ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزیری دارایی پشتیوانیی ئەو پێشنیازە دەکات و بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی کۆتایی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی تاوەکو پەسندکردنی یاسای بودجە، کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بێت."
قسەکانی دانەر عەبدولغەفار رۆژی یەکشەممە، 7-6-2026، لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد.
کێشەی گەنم و جوتیاران
یەکێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ عەبدولرەحیم شەمەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق بوو. گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "داوامان کردووە ئەو بڕە گەنمەی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، لە 400 هەزار تۆن زیاتر بێت".
ئەو گوتەبێژە باسی لەوەش کرد، "وەزیری دارایی بەڵێنی داوە لەگەڵ گەیشتنی یاسای بودجە بە پەرلەمان، تەخسیساتی دارایی بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران زیاد بکرێت."
دانەر عەبدولغەفار دەڵێت: هەروەها داوایان کردووە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆیی (وەک تەماتە و بەرهەمەکانی دیکە)، رێگری لە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی بکرێت بۆ ئەوەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیانمەند نەبن.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلان دادەنرێ تۆنی بە 700 هەزار دینار و زیاتر لە 100 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێ.
پار حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت تۆنی بە 800 هەزار دینار.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)